ڕاپۆرتی جیهانی

03:52 - 26/01/2022

ئه‌مریكا له‌ سیناریۆكانی ئه‌گه‌ری شه‌ڕی روسیا_ئۆكراینا ده‌كۆڵێته‌وه‌‌

پەیسەر

ئەمریکا لەلایەک هەوڵ دەدات ئامادەکاری بکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر روسیادا لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینادا و پتەوکردنی باڵی خۆرهەڵاتی ناتۆ، لەلایەکی دیکەیشەوە هەوڵ دەدات پێشبینی سیناریۆکان بکات بۆ ئەگەری ئۆپەراسیۆنی سەربازیی روسیا.

قەیرانی روسیا-ئۆکراینا بووەتە گەرمترین بابەتی رۆژەڤ لە واشنتۆن. لە کاتێکدا ئیدارەی ئەمریکا جەخت لەسەر پێویستی چارەسەریی دیپلۆماسیی دەکاتەوە بۆ قەیرانەکە، هاوکات قەبارە و شێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە چاوەڕوانکراوەکەی روسیا لەنێو ئەو بابەتانەدایە کە لە واشنتۆن زۆرترین قسە و باسی لەسەرە.

هەواڵگریی ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەرکەوتووە، روسیا بەمەبەستی ئەنجامدانی ''ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوە''، یەکەیەکی سەربازیی تایبەتی لە خۆرهەڵاتی ئۆکراینا جێگیر کردووە.

بەپێی ئەو بانگەشەیە، ئەو یەکەیە هێرش دەکاتە سەر سوپای روسیا یان هێزەکانی پشتیوانکاری روسیا و مۆسکۆش ئەوە دەکات بیانوو بۆ داگیرکاریی.

لەلایەکی دیکەوە، ئینگلیزەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە روسیا پلانی ئەوەی هەیە حکوومەتی ئێستای ئۆکراینا بڕوخێنێت و کەسایەتییەکی نزیک لە کرملین بهێنێتە سەر دەسەڵات.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە ''زانیاریمان لەبەردەستدایە کە نیشانی دەدات حکومەتی روسیا خوازیارە لە کیێڤ-دا سەرکردەیەکی لایەنگری روسیا دەسەڵات بگرێتە دەست. پەرلەمانتاری پێشووی ئۆکراینا، ئیڤێن مورایڤ وەک کاندیدێکی بەهێز دەبینرێت''.

میدیا و رێکخراوە هزرییەکان بەچڕی کار لەسەر سیناریۆکان دەکەن

ئەگەری ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی روسیا بۆسەر ئۆکراینا کە چۆن دەبێت لە میدیا و هەروەها لە دەزگا هزرییەکاندا، بووەتە جێی مشتومڕ.

لەو راپۆرتەی کە سەنتەری نێودەوڵەتیی بۆ توێژینەوەی ستراتیجیی کە بارەگاکەی لە شاری واشنتۆنە بڵاوکراوەتەوە، روسیا هاوشان لەگەڵ ئامانجە سیاسییەکانیدا بە سێ شێوە هەوڵی داگیرکاریی دەدات.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە روسیا لە باکووری ئۆکرایناوە دەچێتە ناوەوە و دەتوانێت هێڵی بەرگریی سوپای ئۆکرانیا لە دەورووبەری کیێڤ ناچالاک بکات و لە خۆرهەڵاتەوە بچێتە ناوەوە و دەتوانێت راست بەرەو خۆرئاوای وڵاتەکە پێشڕەوی بکات یان لە باشوورەوە بچێتە ناوەوە و دەتوانێت ئەو بەرەی لە خۆرئاوای کریمیا ماوە داگیر بکات.

هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە ئەگەری هەیە ئامانجی روسیا بەوشێوەیە بێت کە بەبێ جوڵاندنی هێز لە مۆسکۆوە و تەنها بە بەکارهێنانی ئەو هێزەی لە ناوچەکەدا جێگیری کردووە، تەواوی ئۆکراینا داگیر بکات و لەگەڵ بێلاڕووس سێگۆشەیەکی سلاڤیی پێکبهێنێت.

دارا ماسیکۆت لە دامەزراوەی "Rand Coproration" راپۆرتێکی شیکاریی دەربارەی رەوشی ئێستای روسیا و ئۆکراینا بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە روسیا هاوشێوەی ئەو کارەی لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤییەتی جاراندا لە ئەفغانستان، دواتریش لە شەڕی ئۆسێتیا و کۆتا جاریش لە دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی قرم دا کردی، ئێستاش هێزێکی گەورەی بردووەتە سەر سنوور و بیر لە چوونە ناو ئۆکراینا دەکاتەوە، بەڵام سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتین بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەمجارە هێزێکی کەمتر لە ئاستی پێویست بەکاردەهێنن.

دارا ماسیکۆت بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە سوپای روسیا ئەم جارە دەتوانێت کۆمەڵێک چەکی ئاسمانیی پێشکەوتوو بەکاربهێنێت کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە.

بەگوێرەی بانگەشەکانی ناوبراویش، روسیا بۆ شکستهێنان بە پشتیوانییە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، لەبری بەکارهێنانی هێزە وشکانییەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرش، چەکی دوورهاوێژ بەکاردەهێنێت، لەم دۆخەشدا دەتوانێت هێزێکی کەمتر لە ئاستی پێویست دژبە چەکەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بەکاربهێنێت.
ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ئەورووپا، مووشەکی جاڤلین و ستینگەر دەدەن بە ئۆکراینا کە دەتواندرێت دژبە تانک، زرێپۆش، فڕۆکە، هێلکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەکاربهێندرێت.

لە دۆخێکیشدا کە سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتین سیناریۆی دووەم هەڵبژێرێت، ئەوا جاڤلین و ستینگەر، تا ریزەکانی پێشەوەی جەنگ لە کار دەکەون و تەنانەت پێش ئەوەی جەنگەکە بگاتە ئاستێکی پێشکەوتوو، سوپای ئۆکراینا بە راددەیەکی بەرچاو تێکدەشکێت.

سوپای ئۆکراینا توانا و هێزی بەرەنگاربوونەوەی روسیای نییە و ستستمێکی بەرگریی ئاسمانیی ئەوەندە بەهێزیشی نییە کە بتوانێت بەرپەرچی چەکە دوورهاوێژەکان بداتەوە.

ئەگەر ئەم سیناریۆیەش جێبەجێ بکرێت ئەوا بۆ یەکەمجار روسیا پێشڕەوییەکانی دەگەیەنێتە ئەورووپا ئەمەش هەڕەشەکانی روسیا لە رۆژهەڵاتی ئەورووپا قوڵتر دەکاتەوە و تەلارسازیی ئاسایشی ئەورووپا لە رەگەوە دەهەژێنێت. بۆ رێگریکردن لەمەش چەند بژاردەیەک لەبەردەم ئەمریکادایە، بەڵام تا ئێستا نازاندرێت کە ئایا ئیدارەی جۆ بایدن ئەم بژاردانە بەکاردەهێنێت یان نا.

یەکێک لە پێشنیازەکانیش ئەوەیە کە ئەمریکا بەبێ ئەوەی پێ بخاتە ناو ئۆکراینا، هێزی خۆی لە دەریای رەش و وڵاتانی ناوچەکە جێگیر بکات و بەو شێوەیە رێگری لە بەکارهینانی چەکی دوورهاوێژی روسیا بکات، ئەمەش حکوومەتی مۆسکۆ ناچار دەکات پەنا بباتەوە بەر رێگا کلاسیکییەکانی جەنگ.

لەم دۆخەشدا، بەرگریی ئۆکراینا بەشێوەیەکی بەرچاو بەپارێزراویی دەمێنێتەوە، هەروەها سوپای روسیایش رووبەڕووی شکستێکی مەزن دەبێتەوە.

- دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌مریكا پلان بۆهه‌ر ئه‌گه‌رێك داده‌نێن

كاربه‌ده‌ستێكی به‌رگریی ئه‌مریكا كه‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا بژارده‌یه‌كی له‌وشێوه‌یه‌ ره‌نگه‌ تاوتوێ بكرێت یان نا، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئه‌مریكا كه‌شتی له‌ ده‌ریای ره‌ش نییه‌ و جگه‌ له‌و كه‌شتییانه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ناوچه‌كه‌ جێگیركراون، ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی پێشكه‌وتووی نوێ ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌.

به‌ڵام كاربه‌ده‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ راوێژه‌كانی نێوان پنتاگۆن و كۆشكی سپی، هاوكات له‌و دیدار و كۆبوونه‌وانه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتاندا به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئۆكراینا ئه‌نجام ده‌درێن، كه‌وتووته‌نه‌ به‌ر باس.

له‌باره‌ی ئه‌و بژارده‌یه‌وه‌ هێشتا بڕیارێك نه‌دراوه‌، وا دیاره‌ كه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ بژارده‌ بێت له‌به‌رده‌م ئه‌مریكادا كه‌ ده‌ستكه‌وتی له‌ جه‌نگ هه‌بێت بێ ئه‌وه‌ی بچێته‌ ناو شه‌ڕه‌وه‌.

ئه‌وه‌ش كه‌ ئیداره‌ی ئه‌مریكا هیچی نه‌گوتووه‌ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچوو هه‌نگاوێكی سه‌ربازیی ده‌هاوێژێت یان نا، یاخود چ جۆره‌ هه‌نگاوێی سه‌ربازیی ده‌هاوێژێت، مایه‌ی تێڕامانه‌.

- "روسیا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیی ئۆكراینا به‌ ده‌ریاوه‌ بپچڕێنێت"

شاره‌زای پێشكه‌وتوو لە په‌یمانگای هیودسن كه‌ بارەگاکەی له‌ واشنتۆنه‌، مایكڵ دۆران له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێكدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو له‌وباره‌یه‌وه‌، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كاتێك ئه‌م سیناریۆ تاكتیكییانه‌ ده‌خرێنه‌ به‌ر باس، پێویسته‌ ئامانجی سیاسیی سەرۆکی روسیا، ڤلادیمیر پوتین-یش له‌به‌رچاو بگیرێت.

مایكڵ دۆران رایگه‌یاند "ئامانجی سه‌ره‌كی رووسه‌كان بریتییه‌ له‌ پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی ئۆكراینا به‌ ده‌ریاوه‌ و كردنییه‌تی به‌ وڵاتێكی وشكانی داخراو".

شاره‌زای پێشكه‌وتوو لە په‌یمانگای هیودسن كه‌ بارەگاکەی له‌ واشنتۆنه‌، مایكڵ دۆران باسی له‌وه‌یش كرد، روسیا سه‌ره‌تا ویستیی په‌یوه‌ندیی وشكانیی له‌گه‌ڵ كریمیا كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤دا لكاندی به‌ وڵاته‌كه‌یه‌وه‌، درووست بكات و دواتر ره‌نگه‌ خوازیار بێت له‌ كریمیاوه‌ به‌ درێژایی كه‌ناراوه‌كان تا ئۆدێسا پێشڕه‌ویی بكات.

شاره‌زاكه‌ی په‌یمانگه‌ی هیودسن ئاشكرایشی كرد، هه‌ر به‌و ئامانجه‌ روسیا هێزه‌ ده‌ریاییه‌كانی خۆی له‌ زه‌ریای هێمنه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ریای ره‌ش كردووه‌ و ره‌نگه‌ له‌ ده‌ریای ره‌شه‌وه‌ په‌لاماری ئۆكراینایان پێ بدات.

مایكڵ دۆران تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌لاماره‌دا، ده‌كرێت یه‌كه‌ پڕچه‌ككراوه‌کانی روسیا له‌ سنووری خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرایناوه‌ هێرش ده‌ست پێ بكه‌ن و روسیا ئه‌م یه‌كانه‌ به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان كیێڤ كه‌ سەنتەری تۆڕی ئاسنینی وڵاته‌كه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی باشووری ئۆكراینا بپچڕێنن.

راشیگه‌یاند "روسیا ناچار ده‌بێت له‌نێوان ئه‌م یه‌كانه‌ و ئه‌و یه‌كانه‌ی له‌ باشوور گه‌یشتوونه‌ته‌ سه‌ر وشكانیی، هێڵی پێكگه‌یشتن دروست بكات و ئه‌گه‌ر بتوانرێت په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م یه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر بپچڕێنرێت، ئه‌وا ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا ده‌بێته‌ سه‌ركه‌وتن".

- ھێرشکردنە سەر سنووری رۆژھەڵاتی ناتۆش جێی تێڕامانە

باس لەوە دەکرێت کە ئەم سیناریۆیە لێکەوتەی سیاسیی دەبێ و لە ئەگەری درێژخایەنی شەڕەکە، ئەوا روسیا رێگە بۆ بەردەوامی شەڕەکە خۆش دەکات.

ئەوە دەبنرێت کە وڵاتانی رۆژئاواش لێکدانەوەکانیان بەگوێرەی ئەمە کردووە، بەڵام لە ئەگەری درووستبوونی شەڕدا، ئەوا ھێرشکردنە سەر سنووری رۆژھەڵاتی ناتۆ لە ماوەیەکی کورتدا، جێگەی باسە.

بنکەی دەریایی کالینینگرادی روسیا، رێک لە باشووری رۆئاوای وڵاتانی باڵتیک-دایە. بنکەکە سنووری وشکانیی لەگەڵ روسیادا نییە.

ناوچەی نێوان کالینینگراد و بێلاڕووس-یش لە یەکترگرتنی سنووری پۆڵەندای ئەندام لە ناتۆ و لیتوانیا رێرەوی سوالکی پێکدەھێنێت و بە خاڵێکی زۆر ستراتیجیی بۆ ناتۆ دادەنرێت.

ھەرچەندە گواستنەوەی سەربازیی روسیا لە ماوەکانی رابردوودا بۆ ناوچەکانی نزیک لە سنووری بێلاڕووس لەگەڵ لیتوانیا بە کردنەوەی بەرەیەک لە باکوورەوە لەگەڵ ئۆکراینا ببینرێت، بەڵام بووەتە نیگەرانییەکیش بۆ وڵاتانی باڵتیک.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ھەر لەدوای گواستنەوەی فڕۆکەکانی جۆری (Su-35)ی رووسیی بۆ بێلاڕووس، ئەمریکا بۆ ئامادەبوون لە ھەر دۆخێکی چاوەڕوان نەکراو لە قەیرانی روسیا-ئۆکراینا، ھێزی بەرپەرچدانەوەی ناتۆی چالاک کرد و ھەشت ھەزار و ٥٠٠ سەربازی خستە ئامادەباشییەوە.

- ھێشتا مێزی دیپلۆماسی شکستی نەھێناوە

ئەمریکا، روسیا وەکو داگیرکەرێکی جیھانیی و شەڕانگێز نیشان دەدات و لە ئەگەری داگیرکردنی ئۆکراینا لەوە ئاگاداری دەکاتەوە کە باجی قورسی ئابووری پێدەدات.

ئەمریکا کە لەلایەکەوە ئامادەکاریی سەربازی دەکات، لەلایەکی دیکەوە ھەوڵ دەدات روسیا بۆ مێزی دیپلۆماسی رابکێشێت. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەگەری گەورەی شکستھێنانی مێزی دیپلۆماسی لە دوای دیالۆگی سەقامگیریی ستراتیجیی ئەمریکا-روسیا و کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی روسیا-ناتۆ زیاتر روونبوویەوە.

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن وەکو کەسێک کە لە ساتە سەختەکانی جەنگی سارددا رۆڵی لە ناوەندی سیاسەتی ئەمریکادا ھەبووە، چاوەڕوانی ئەوە ناکرێت کە پلانی دووەمی بۆ جێگرەوەی دیپلۆماسی ئامادەنەکردبێت، بەڵام ئەمریکا بژاردەی سەربازیی زۆریشی لەدەستدا نییە.

باس لەوە دەکرێت کە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن روسیاوە یان ئەگەر بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتە ببات، ئەوا دەبێتە ھۆی ئەوەی کە روسیا لە قوڵاییەوە ئاسایشی ئەورووپا بھەژێنێت.

چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت کە ئەگەر لە ماوەی ئەم ھەفتەیەدا، گوتووێژی نێوان روسیا، ئەمریکا و ناتۆ نەگاتە ئەنجام و گرژییەکان بەشێوەیەک کەم نەبێتەوە، ئەوا مامەڵەی بلۆکی رۆژئاوا لەگەڵ روسیا توندتر دەبێت.
ئه‌نادۆڵ