ڕاپۆرتی جیهانی

03:52 - 06/02/2022

راپۆرتێك بۆ كۆنگرێس: له‌ دوو رۆژدا حكومه‌تی ئۆكراینا ده‌ڕوخێت‌

پەیسەر

 

بەرپرسانی سوپا و هەواڵگریی ئەمریکا، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەوە کرد کە ئەگەر روسیا ئۆکراینا داگیر بکات، رەنگە ٥٠ هەزار کەس بکوژرێن و پێنج ملیۆن کەسیش ئاوارەبن و پێشبینی رووخانی حكومه‌تی كێیف ده‌كرێت له‌ دوو رۆژدا.

بەرپرسانی ئەمەریکا کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ کۆنگرێس و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا خستەڕوو، دەڵێن ڕووسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەسەر سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە، بەڵام هەواڵگری ئەمەریکا هێشتا دڵنیا نیە لەوەی ئایا سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن بڕیاری داگیرکردنی ئۆکرانیای داوە یاخود نا.



بەرپرسەکان ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکایان ئاگادارکردەوە لەوەی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا بەخێراییەکی بەرچاو زیاد دەبن و ئەوەش ڕێگەخۆش دەکات لەبەردەم پوتندا ژمارەی سەربازەکانی تاوەکو ناوەڕاستی مانگی دوو زیاد بکات بۆ 150,000 سەرباز، کە ئەوەش پێویستە بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.


وتیان پوتن دەیەوێت سەرجەم بژاردەکان لەبەردەستیدا بن، لە هێرشێکی سنووردارەوە لە هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە بۆ داگیرکردنی بەرفراوانی ئۆکرانیا.



بەرپرسەکانی ئەمەریکا وتیان ئەگەر ڕوسیا هێرشێکی بەرفراوان ئەنجام بدات، هێزە داگیرکەرەکانی ڕوسیا لە ماوەی تەنها 48 کاتژمێردا کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەگرن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی لەکارەکەی دووردەخەنەوە.


هەروەها بە خەمڵاندنی خۆیان هێرشەکە دەبێتە هۆی کوژرانی 25,000 بۆ 50,000 هاوڵاتی مەدەنی، هەروەها 5,000 بۆ 25,000 سەربازی ئۆکرانیا و 3,000 بۆ 10,000 سەربازی ڕووسیش دەکوژرێن.



وتیشیان لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی یەک بۆ پێنج ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانی کۆچ بکەن، زۆرینەیان بۆ پۆڵەندا.



هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن فەرمانیکرد هێزی ئەمەریکا ڕەوانەی پۆڵەندا بکرێت، ئەوەش بەمەبەستی پاراستنی ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ، هاوکات دیبلۆماتکارانیش کاردەکەن بۆ ئەوەی ڕووسیا ڕازی بکەن هێزەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.


لەلای خۆشییەوە ڕووسیا مەشقی سەربازیی هاوبەشی لەگەڵ بێلاڕووسی هاوپەیمانیدا ڕاگەیاندووە، کۆمەڵێک فەوجی سەربازیی ڕەوانەی سنووری باکووری ئۆکرانیا کردووە لە بێلاڕووس.


بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان هەفتەی ڕابردوو 60 فەوجی سەربازیی ڕووسی لەنزیک سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا جێگیرکرابوون، بەتایبەتی لە نیمچە دورگەی کرێمیا کە لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا گرتییەخۆی.


بەڵام ڕۆژی هەینی ئەو ژمارەیە بەرزبۆوە بۆ 80 فەوج و 14 فەوجی دیکەش لە ڕووسیا ئامادەکراون.



وتیشیان هەفتەیەک لەمەوبەر نزیکەی 1,500 سەربازی هێزە تایبەتیەکانی ڕووسیا کە بە سپێتسناز ناسراون گەیشتوونەتە سەر سنووری ئۆکرانیا.



ئەوەشیان ئاشکرا کرد هێزێکی دەریایی گەورەی ڕووسی لە دەریای ڕەشدا جێگیرکراون، شەش کەشتی جەنگی دیکە دەریای بارێنتسی باکووری ڕووسیایا جێهێشتووە، بەلای بەڕیتانیادا تێپەڕبوون و بە تەنگەی گیبراڵتاردا ڕۆیشتوون و وادیارە لە ڕێگادا بن بۆ دەریای ڕەش.

وتیشیان ڕوسیا تۆپهاوێژ و سیستمی بەرگری ئاسمانی و دژە فڕۆکە و فڕۆکەی جەنگییان لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە.