ڕاپۆرتی جیهانی

04:47 - 13/02/2022

هەڕەشەکانی ڕوسیا لەم وڵاتە تازە پێگەیشتوە ڕاستین‌

پەیسەر

دانا حه‌مه‌ عه‌زیز

ئۆکراینا بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست واتە (ساڵی ٥٠٠ تا ١٥٠٠ ی زاین)، مەڵبەندی سەرەکی کەلتوری سلاڤی نەژادەکانی خۆرهەڵات بوە، بەڵام هەمیشە پەرتەوازە و بەربڵاو بوە. لەسەدەی سیانزەی زایندا ئەوکاتەی ئۆکراینەکان خەریكی خۆڕێکخستنەوە بون، لەشکری مەغۆل بە پشتیوانی تاتارە تورکەکان وێرانیان کرد، لەوکاتەشەوە تا سەدەی هەژدە، ئۆکراینا لەهەر چوار لاوە کەوتە بن دەستی (ڕوسیای قەیسەریی، هاوپەیمانیی پۆڵۆنیا-لیتوەینیا، ئیمپراتۆریەتی نەمسا-هەنگاریا و عوسمانیەکان). بەڵام لەسەدەی نۆزدەوە تەنها بە ژێردەستەی (ڕوسیای قەیسەری لە خۆرهەڵاتەوە، پۆڵۆنیا لە خۆرئاواوە)مایەوە. کەلتور و زمان و دیالێکتی ڕوس و پۆڵۆنیی، تا ئەمڕۆش زاڵە بەسەر خۆرهەڵات و خۆرئاوای وڵاتدا.

پاش سەرکەوتنی  شۆڕشی بەلشەفی و کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی قەیسەریی لە ڕوسیا، ئۆکرانیەکان دەرفەتیان هێنا و کۆماری میللی ئۆكراینا یان دامەزارند، بەڵام تەمەنی ئەم کۆمارە تەنها سێ ساڵی بڕکرد و لەژێر گوشاری ڕوسەکاندا کۆمارەکە خرایە سەر یەکێتی سۆڤیەت.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمدا، خۆرئاوای ئۆکراینا لەگەڵ خۆرهەڵاتدا یەکیان گرتەوە و تا ساڵی ١٩٩١ وەك دووەم گەورەترین کۆماری یەکێتی سۆڤیەت مایەوە. لەگەڵ کەوتنی یەکێتی سۆڤیەت، ئۆكراینا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند، بەدریژایی ٧١ ساڵ مانەوە لە ناو یەکێتی سۆڤیەت دا، ئۆكراینا بەدەست برسێتی و قەیرانی یەك لە دوای یەكەوە دەیناڵاند.

 بەهۆی سیاسەتی توندوتیژی ستالینەوە لە (ڕێگرتن لە هاتوچۆ، دەستبەسەراگرتنی هەموو پێداویستیەکی ناوماڵ و ڕێگرتن لە گەیشتنی کۆمەکی نێودەوڵەتیی)، لەماوەی یەك ساڵدا(١٩٣٢-١٩٣٣) سێ ملیۆن و نیو ئۆکرانی لە برسا مردن. ئەم کارەساتە، بە گرانی دەستکرد یان جینۆساید ناسراوە کە ئۆکرانی و ڕوسەکان پێی دەڵێن Holodomor.

بەدرێژایی شەڕی ساردیش، بەهۆی پێگەی جوگرافیی، ئۆكراینا لە ڕیزی پێشەوەی بەرەنگاریی دا بوو. ئۆدێسا وەك گەورەترین بەندەری سەر دەریای ڕەش، گەورەترین خاڵی ئاڵوگۆڕ و بازرگانیی جەنگی بوو، ژێردەریاییەکانی سۆڤێت زۆریان ماڵی سەرەکی یان ئاوەکانی ئۆكراینا بوو. ١٩٠٠ کڵاوەی ئەتۆمیی یەکێتی سۆڤێت لە ناو خاکی ئۆكراینا چێنرابوون، چەندین کارلیکی ئەتۆمیی لە ئۆکرنیا ئەنجام درا. ساڵی ١٩٨٦ تەقینەوەی ویستگەی کارۆ-ئەتۆمیی چێرنۆبڵ لە باکوری ئۆكراینا، گەورەترین کارەساتی ژینگەیی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش ئاسەواری ماوە.

  ٣١ ساڵیی ڕابردوو بۆ ئۆکراینیەکان سەردەمێکی سەخت بوو، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕوسیا، پرۆسێسی گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بۆ دیمۆکراسی و ئابوری ئازاد بە گۆجیی هێشتەوە. ئۆکراینەکان، لە رۆژی سەربەخۆبونەوە، نامەیەکی سپیان بۆ ڕوسیا و بۆ خۆرئاوا ئیمزا کرد کە ئەوان تەنها ئاشتی و ئازادیی و پێشکەوتن ئامانجیانە، بۆ ئەم مەبەستەش سەرجەم چەکە ئەتۆمیەکانیان ڕادەستی ڕوسیا کرد، هاوپەیمانیی بازرگانیی و هاریکاری ئابوریان لەگەڵ ڕوسیا و ئەوروپا و ئەمریکا ئیمزا کرد.

ئۆکراینەکان زنجیرەیەك شۆڕشی ئاشتیخوازانەیان لە پێناو دیمۆکراسیی و دادپەروەریی دا بەرپاکرد، بەڵام ڕاپەڕینی ئازاری ٢٠١٤ دژی سەرۆك ڤیکتۆر یانۆکۆڤیج، هەموو ڕیسەکەی لە ئۆکراینەکان کردەوە بە خوریی. یانۆکۆڤیچ سەر بە ڕوسیا بوو، بڕیار و ڕاسپاردەکانی ڤلادیمیر پوتینی جێبەجێ ئەکرد، کۆسپ بوو لەبەردەم هەنگاوەکانی ئۆكراینا بۆ نزیكبونەوە لە بازاڕی ئازاد و سەرەنجام ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا دا.

 یانۆکۆڤیچ ڕایکرد بۆ مۆسکۆ و ئۆکراینەکان کۆشکە شاهانەکەیان کرد بە مۆزەخانە. بەڵام ئەم ڕاپەڕینە، روسیای توڕەکرد. بەبیانوی بونی کەمینەی ڕوس، ڤلادیمیر پۆتین دورگەی کرایمیا و بەشێك لە هەرێمەکانی لۆهانسك و دینیسكی داگیرکرد و تا ئێستاش شەڕ لەو هەرێمانە بەردەوامە کە زیاتر لە ١٤ هەزار کەسی تیا کوژراوە.

 لەوکاتەوە ئۆکراینا بەشێکی گەورەی لە بودجە لاوازەکەی بۆ جەنگ و کڕینی پیداویستی سەربازیی تەرخانکرد. بەڵام کرانەوەی یەکێتی ئەوروپا بە ڕوی ئۆكراینادا، ئەم وڵاتەی خستە سەر هێڵی گەشەکردن، ژمارەی بێکاریی بەردەوام ڕوی لە دابەزینە، کۆی بەرهەمی ناوخۆ لە بەرزبوبەوەدایە، پرۆژەی خزمەتگوزاریی و ڕێگاو بان لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە. گەندەڵیی لەکەم بونەوەدایە، سیستەمی حوکمڕانی کە نیمچە سەرۆکایەتی یە، هەنگاوی زۆر باشی ناوە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و لە سەربەخۆکردنی دەسەڵاتی دادوەریدا.

دوای ڕوسیا، ئۆكراینا (بە ڕوبەر) گەورەترین وڵاتی ئەوروپایە واتە لە فرەنساش فراوانترە، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٢ ملیۆنە. بەهۆی تەختی و بەپیتی خاکەکەیەوە، بەدرێژایی ٣٢ هەزار ساڵی ڕابردوو، یەکێك لە سەر زەمینە ئاوەدانەکان بوە، ئێستاش لە وڵاتە هەرە گەورەکانی جیهانە لە هەناردەکردنی بەرهەمی دانەوێڵەدا.

هەڕەشەکانی ڕوسیا لەئەم وڵاتە تازە پێگەیشتوەدا، ڕاستین. ڕوسیا زیاتر لە سەد هەزار سەرباز و هەزاران تانك و تۆپ و موشەك هاوێژی لەسەر سنورەکانی ئۆكراینا کۆکردۆتەوە، لە دەریای ڕەشیشەوە ئۆكراینای بەتەواوی داخستوە. بەپێی لێکدانەوە هەواڵگریی یەکانی ئەمریکا و بریتانیا، داگیرکردنی ئۆكراینا لەلایەن ڕوسیاوە لە سەعات و ڕۆژ دایە. بەڵام وەك بۆ هەموو لایەنەکانی قەیرانەکە دیارە، هێرشی سەربازیی ڕوسیا بۆ سەر ئۆكراینا بە کارەسات کۆتایی دێت و ڕوسیا ناتوانێت بەزەبری چەك دەسەڵاتێکی  سەر بە مۆسکۆ بەسەر ئۆکرانیەکاندا بسەپێنێت!