ڕاپۆرتی جیهانی

03:12 - 24/02/2022

داگیرکردنی کۆی ئۆكراینا لە ئەگەرێكی دوور دەچێت‌

شیکاری: رەنج نەوزاد

ئۆپه‌راسیۆنی سەربازی روسیا بۆسەر ئۆکراینا دەستیپێكرد، هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە بە کیێڤی پایتەختیشەوە كەوتونەتە بەر هێرشەكە، جەنگەكە كاردانەوەی فراوانی لەسەر ئاستی جیهان لێكەوتوەتەوە.

١- پەلاماردانی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، چاوەڕوانکراو بوو، بە تایبەت کە حکومەتی ئۆکڕانیا نەک سازشی نەکرد، بەڵکو زیاتر دژایەتی ڕووسیای دەکرد. 

٢-دەکرێت ڕووسیا هەندێ ناوچەی زیاتر داگیربکات لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا، ڕووبەری هەرێمی دۆنباس و ئەو دوو کۆمارە نوێیە زیاتر بکات. ئینجا هێزێکی سەربازی ڕووسیا بهێڵێتەوە بۆ پاراستنی ئەو دوو کۆمارە و پاشان کۆتایی بە جەنگەکە بهێنیت. ئەمەیان بۆ ڕووسیا ئاسانتر و واقعیترە.


٣- پەلاماردانی پایتەخت و ڕووخاندنی حکومەت و دانانی حکومەتێکی نزیک لە ڕووسیا و پاشان کشانەوەی سووپای ڕووسیا. ئەمەیان دەرئەنجامەکانی بۆ ڕووسیا قوورستر دەبێت. لە ڕووی سەربازی، ئابووری، دبلۆماسی وسیاسیەوە گورزی بەر دەکەوێت. هەر لە سەرەتای ئەم قەیڕانەوە، سیناریۆی یەکەم و دووەم چاوەڕواننکراو بوو، بەڵام ئەمەی سێهەم تا ئێستاش وا دێتە پێش چاو کە زۆر واقعی نەبێت. دەکرێت بە مووشەک و فڕۆکە هێرشەکە هەموو ئۆکرانیا بگرێتەوە بۆ لاوازکردنی هێزی سەربازی ئۆکرانیا، بەپێی گوتاری فەرمی رووسیا ئامانجی سەرەکی ئەمەیە.


٤-ئەمریکا دەمێکە دڵنیایی دەدات لە هێرشی ڕووسیا. سەرەتا تەنانەت سەرۆکی ئۆكرایناش پێی وابوو هێرش ناکرێت و گلەیی لە ئەمریکا دەکرد کە ئەو هەواڵانە بڵاو دەکاتەوە. پاشان ئەمریکا زانیاری و نەخشە و پلانەکانی ڕووسیای بە وردی خستە بەردەم سەرۆکی ئۆکڕانیا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هەواڵگری ئەمریکا لە ناو رووسیاوە زانیاری ورد و گرنگیان پێدەگات. ئەوەی ئەمریکا وتی تا ڕادەیەکی زۆر درووست دەرچوو، بەڵام بە پێی زانیارییەکانی ئەمریکا، ڕووسیا بە نیازە هێرش بکاتە سەر کۆی ئۆكراینا. بێ گومان لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، ئەمریکا پروپاگەندەی گەورە دەکات بۆ ئەو قەیرانە.


٥- داگیرکردنی کۆی ئۆكراینا بۆ ماوەیەکی درێژ، یا لکاندنی ئۆكراینا، یاخود لکاندنی رۆژهەڵاتی ئۆكراینا بە ڕووسیاوە، هاوشێوەی نیمچە دوورگەی کرێمیا، لە ئەگەرێکی دوور دەچێت. چونکە ڕووسیا ئەم ویستەی هەبێت، واتە چوونە ناو جەنگێکی چەندین ساڵە و ئەنجامی دیار نابێت.  


٦- ئەگەر هەیە ئەو دوو کۆمارە بخاتە سەر ڕووسیا. بەڵام لە ئایندەدا، چونکە ڕووسیا نایەوێت کارتەکانی فشار بۆ سەر ئۆكراینا لەم جەنگەدا هەمووی بەکار بێنێت. بژاردەی لکاندنی بەشێکی تری خاکی ئۆكراینا بە ڕووسیاوە، دەکرێت وەک کارتێک چەن ساڵێکی تر بەکاربهێنرێت دژ بە ئۆكراینا. چونکە سیستەمی جیهانی لە دۆخێکدایە، کە ئەم جۆرە قەیران و کێشانە، لە دەوروبەری سنوورەکانی ڕووسیا و چین، بەردەوام دەبن و چەندین کێشەی هاوشێوە ڕوودەدەن. بۆیە ڕووسیا دەیەوێت کارتەکانی بمێنێتەوە و لەم جەنگەدا هەمووی بەکار نەهینێت. 


٧- پێدەچێت ئەمریکا سیناریۆی یەکەم و دووەمی نەوێت، بەڵکو سیناریۆکانی تر سوودی بۆ ئەمریکا دەبێت. واتە ڕووسیا بڕیار بدات پەلاماری هەموو ئۆكراینا بدات و شەڕێکی گشتگیر و ماوە درێژ بەرپا بکات. لەم دۆخەدا ئەمریکا بژاردەی زۆری دەبیت دژ بە ڕووسیا بەکاری بێنێت. بەڵام سیناریۆی یەکەم و دووەم، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ڕووسیا سەرکەوتوو دەکات و یارییەک لە ئەمریکا دەباتەوە. ئەمریکا تەنیا دەتوانێ هەندێ سزای ئابووری و دبلۆماسی بخاتە بسەپێنێت لەو کاتەدا، بەڵام لە سیناریۆکانی تر، ئەمریکا دەرەفەتی بۆ دەرخسێت، لە هەموو ڕوویەکەوە ڕووسیا شەکەت بکات. 


٨-بە گشتی مێژووی جەنگەکان ئەوە دەردەخەن، کە زۆر کات بڕیاری هەڵگیرساندنی جەنگ پشت بە لۆژیک و لێکدانەوەی ورد و زانستی نابەستێت . هەر بۆیە چ هەڵگیرساندنی جەنگ، چ ڕووداوەکانی ناو جەنگ و ئەنجامەکانی... چاوەڕواننەکراون و پێشبینی کردنی قوورسە، نەک تەنیا بۆ چاودێران یا سیاسیەکانی دەرەوەی ڕووسیا، تەنانەت بۆ خودی پوتین، دەکرێت ڕووداوەکان بەرەو ئاڕاستەیەک بچن کە پوتین نە بیری لێ کردوەتەوە نە پێشبینی بۆ کردوە. بۆیە هەموو ئەوانەی کە دەوترێت، تەنیا ئەگەر و گریمانە و خوێندنەوەیە بۆ هەندێ پێدراو، ئەگەر هەیە ڕاست دەربچن، هەمان ئەگەر هەیە کە هەڵە و پێچەوانە بن.