ڕاپۆرتی جیهانی

08:28 - 03/04/2022

ڕووداوەکانی پاکستان و پەيوەندی بە هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتيەکان‌

شیکاری: رەنج نەوزاد

ئەمڕۆ وا بڕيار بوو پەرلەمانی پاکستان متمانە لە سەرۆک حکومەت (عمران خان) بسەنێتەوە، چونکە زۆرينەی پەرلەمان دژی سەرۆک حکومەتن. بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان  پڕۆژەکەی ئۆپۆزسيۆنی بە نادەستووری ناساند. پاشان سەرۆک وەزيران داوای لە سەرۆکی پاکستان کرد کە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەويش بڕياری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا. بەوەش پاکستان کەوتە دۆخێکی نا سەقامگيری سياسی. 

 

هۆکارەکان زۆرن بۆ ئەو دۆخەی پاکستان:

سەرۆک وەزيران (عمران خان) ڕايگەیاند کە ئەمريکا بە باڵيۆزی پاكستان لە واشتنتۆنی وتووە لابردنی عمران لە سەرۆکایەتی حکومەت، پەيوەندييەکانی ئەمريکا و پاکستان باشتر دەکات، هەر بۆیە بە پێی وتەی عمران، ئۆپۆزسيۆنی پاکستان بە فەرمانی ئەمريکا دەيانەوێت کودەتا بکەن بەسەر حکومەتدا. ئەمريکا تەواوی ئەو چيرۆکە ڕەت دەکاتەوە.

بەڵام ئەوەی لەگەڵ واقعدا یەک دەگرێتەوە، وتەکانی عمران خانە لە بارەی ڕووداوەکە. چونکە ئەمريکا نا ڕازييە لەم حکومەتەی پاکستان لەبەر چەندين هۆکار؛ حکومەتی پاکستان بێ لایەنی هەڵبژارد سەبارەت بە دۆخی جەنگی ڕووسيا-ئۆکڕانيا، هەر وەها پەيوەندييەکانی لەگەڵ ڕووسيا زۆر باشە و، لە سەرەتای جەنگەکە عمران خان سەردانی پوتينی کرد لە مۆسکۆ و ئامادەش نييە بە هيچ شێوەیەک دژایەتی ڕووسيا بکات لەم جەنگەدا. بە پێی قسەی عمران ئەمە هۆکاری سەرەکييە کە ئەمريکای توڕە کردوە. هەر بۆیە چەن رۆژێک پێش ئیستا، سەرۆکی سووپای پاکستان، بە پێچەوانەی حکومەتی پاکستان، لە بەياننامیەکدا بە ناوی سوپای پاکستان دژایەتی  خۆی ڕاگەياند بەرامبەر بە هێرشەکەی ڕووسيا. ئەمە لەوانەیە پەيامێکی ئەمريکا بێت بۆ سەرۆک حکومەتی پاکستان، کە دەتوانێت سوپای لە دژ بجوڵێنێت، بە تايبەت سوپا هەژموون و کاريگەرییەکی گەورەی هەیە لە پاکستان و دەتوانێت حکومەت بروخێنێت.



هۆکارێکی تر بريتييە لەوەی کە پاکستان بووە بە دەروازەیەکی کراوە و ئاسان بۆ چين. لە ڕێگەی پاکستانەوە، چين گەيشتووە بە بەندەرەکانی پاکستان لەسەر دەريای عەرەب (ئۆقيانووسی هيندی)، پاکستان بووە بە ڕێگەیەکی سەرەکی بۆ پڕۆژەی پشتێنە و ڕێگای چين. واتە حکومەتی پاکستان لەگەڵ هەردوو نەيارە سەرەکيەکەی ئەمريکا پەيوەندييەکانی لە ئاستێکی بەرزە. هەر بۆیە ئەمريکا دەيەوێت یا لە ڕێگەی فشار درووستکردن حکومەتی پاکستان ناچار بکات بە سياسەتەکانی خۆيدا بچێتەوە، یان بە لابردن و گۆڕينی ئەم حکومەتە بە حکومەتێکی نوێ. بە تايبەت کە حيزبی ئيسلامی لە ئۆپۆزسيۆنی پاکستاندا بەهێزن و دژی ئەم حکومەتەن. یەکێک لە گريمانەکان ئەوەیە کە ئەمريکا دەيەوێت سەر لە نوێ هاوکاری گرووپە ئيسلاميەکان بکات لە ناوچەکانی ئاسيای ناوەڕاست و نزيک لە سنوورەکانی چين و ڕووسيا، چونکە لە ڕێگەی ئەو گرووپە ئيسلاميانەوە ئاسانتر دژایەتی چين و ڕووسيا دەکرێت. ئەمرۆ فشارێکی قوورس بوو بۆ حکومەتی پاکستان و بڕياردرا هەڵبژاردنی پێش وەختە بکرێت، ئەگەر هەیە ئۆپۆزسيۆن دەسەڵات بگرنە دەست. داواش کراوە کە دادگای دەستووری پاکستان بڕياری خۆی بدات لەو بارەیەوە.


دەوڵەتێکی تر کە دەيەوێت دەستکاری سياسەتی پاکستان بکات، ئێرانە. ژمارەی دانيشتووانی پاکستان زیاد لە ٢٠٠ مليۆنە، لە نێوان ١٥-٢٠ ٪ شيعەن، بەمەش پاکستان لە دوای ئێران، دووەم گەورەترين وڵاتی جيهانە لە ڕووی ژمارەی دانيشتووانی شيعە. هەر چەن بە پێی دەستووری پاکستان ئاماژە بە موسوڵمان و نا موسوڵمان دەکرێت، نا موسوڵمانەکان کوورسی تايبەت بە خۆیان هەیە لە پەرلەمان. بەڵام جياوازی لە نێوان سوونە و شيعەدا نييە بە پێی دەستوور. لە ڕووی واقعی و کۆمەڵایەتيەوە، ئەو جياوازييە کەم بوو، بەڵام لە دوای شۆرشەکەی ئاخوندەکانی ئێران لە ٧٩ دوو بەرەکی و جياوازی نێوان شيعە و سوونە زەقتر و گەورەتر کرا لە پاکستان. بە پێی زۆر ڕاپۆرت ئێران زیاد لە ٥٠ زانکۆی مەزهەبی و تايبەت بە شيعەی کردوەتەو لە پاکستان، بە دەیان و سەدان دەزگای ميدیایی و کۆمەڵایەتی بۆ شيعەکان کردوەتەوە. هاوکات چەندين گروپی چەکداری لە شيعە پاکستانيەکان درووست کردوە، ديارترينيان گرووپی (لواء زينبيون)ە کە پەيوەندی باشيان بە حيزبوڵای لوبنان و حووسيەکانی یەمەن و حەشدی عيراقيەوە هەیە. تەنانەت باس لەوە دەکرێت لە کاتی شەڕی ناوخۆی سووريا، ئێران ئەو گرووپەی ناردوە بۆ سووريا بۆ بەرگری کردن لە ئەسەد، باس لەوە دەکرێت کە بە توندترين شێوە ڕووبەڕووی هاووڵاتيانی سووريا بوونەتەوە.

ئێران هەوڵی بەردەوام دەدات کە شيعەکانی پاکستان دەسەڵات بگرنە دەست یا هەژموونیان هەبێت لە حکومەت. بە تايبەت دوای گەڕانەوەی تاڵيبان بۆ حوکمدارێتی لە ئەفغانستان، ئێران دەيەوێت لە ڕێگەی حکومەتی پاکستانەوە بتوانێت ڕێگری لە تاڵيبان بکات بۆ هەر هەوڵێکی دژایەتيکردنی ئێران، چونکە بە درێژایی مێژوو، حکومەت و هەواڵگری و سووپای پاکستان پەيوەندیيەکی پتەو و قووڵيان هەیە بە تاڵيبانی ئەفغانستان.

کەواتە هەر یەک لە ئەمريکا و ئێران خوازياری گۆڕانکارين لە حکومەتی پاکستان، بەڵام ئەمريکا دەيەوێت حکومەتی پاکستان یا ئيسلامی سوونە بن، یاخود عەلمانی ونزيک لە ئەمريکا. ئێران دەيەوێت حکومەتێک بێت یا شيعە بێت، یا لە ژێر هەژموونی شيعەکان بن. شایەنی باسە، عمران خان پەيوەندييەکانی لەگەڵ ئێران ئاسای و باشە. بەڵام ئێران لە پەيوەندی بە وڵاتە دراوسێکانی، حەز بە پەيوەندی هاوسەنگ ناکات، بەڵکو دەيەوێت دراوسێکانی پاشکۆی خۆی بن.

 

ئەوەی گرنگە لەم ڕووداوە ئەوەیە کە پێويستە دەرک بە کاريگەریيەکانی هاوکێشە نێودەوڵەتيەکان بکەين بەسەر وڵاتان و ناوچەکانی تر. بۆ نموونە  ئەوەی لە ئۆکڕانيا ڕوو دەدات، دوورە لە پاکستان، هەر وەها پاکستان نە بەرەیە لەو جەنگە، نە پەيوەندی ڕاستەوخۆی هەیە بەو جەنگەوە... بەڵام  دەکرێت ڕاستەخۆ کار لە پاکستان بکات. شایەنی ئاماژە پێکردنە نا سەقامگيری، شەڕ و جەنگ لەو وڵاتانەی کە ناوچەی ستراتيژی گرنگن بۆ هەر یەک لە ئەمريکا و چين و ڕووسيا دەکرێت لە ئايندەدا زیاد بن و بەرەو هەڵکشان بچن. چونکە سيستەمی جيهانی لە دۆخێکی ڕاگوزەردایە، نە ئەمريکا ڕازييە کە پێگەکەی لاواز بکرێت، نە ڕووسيا و چين ڕازين بەم پێگەیەیی ئێستايان. جگە لەو سێ زلهیزە، وڵاتانی وەک ئيماڕات و سعووديە لەم جەنگەدا هەڵوێستيان مایەیی سەرنجە (لە دەرەفەتێکی تر باسی ئەم بابەتە دەکەم) دوای کۆتای هاتنی جەنگی ئۆکرانياش، ڕووداوی هاوشێوە ئەگەری دووبارە کردنەوەی زۆرە. جگە لەوەی ئەگەر هەیە، کەيسی ئۆکڕانيا تەنيا بۆ ماوەی کاتی چارەسەر بکرێت و جار جار سەرهەڵبداتەوە بە تايبەت لەو کاتەی کە جەنگەکە بۆ بەرژەوەندی هيچ کاميان تەواو نەبێت.

سەرهەڵدانی کێشە و قەيڕان وتەنانەت جەنگ لە نزيک سنوورەکانی ڕووسيا و چين و هەر وەها لەو ناوچانەی کە ستراتيژين بۆ چين و ڕووسيا، ئەگەر زۆرە کە لە ئايندەدا بە شێوەیەکی زیاتر و قووڵتر ڕووبدەن. ديسانەوە گۆڕەپانی ململانێکە ئەوە پيشاندەدات، کە ئەمريکا بە ئاسانی دەگاتە سنوورەکانی چين و ڕووسيا و، کێشە و قەيران لەسەر سنوورەکانيان درووست دەکات. هاوکات هيچ کام لەو دوو دەوڵەتە ناتوانن بە ئاسانی بگەنە سنوورەکانی ئەمريکا و لە نزيک ئەمريکا قەيران درووست بکەن. ئەمەش بۆ چەندين هۆکار دەگەڕێتەوە، بەختی ئەمريکا لە هەڵکەوتەی جوگرافياکەی کە تەنيا کەنەدای پاشکۆی ئەمريکا و مەکسيکی لاواز دراوسێ نزيکن، هەر وەها بەهێزی خودی ئەمريکاش لە سياسەت و هەواڵگری کە دەتوانێت کێشە درووست بکات لە زۆر وڵات. هۆکارێکی تر ئەوەیە کە چين و ڕووسيا دەور دراون بە دەوڵەتانێک کە جگە لەوەی دووژمنایەتيان هەیە لەگەڵ چين و ڕووسيا، هەر وەها بەشێکی زۆری وڵاتی پڕ قەيڕان و ناديموکراتن و هاووڵاتيانيان بە دەست گەندەڵيەوە دەناڵێنن و، زەمينەیەکی ڕەخساو هەیە بۆ درووست کردنی نا سەقامگەری لەو وڵاتانەدا. بۆ نموونە کێشەی سەرەکی لە پاکستان لە ئێستادا، هەژاری و بێ کاری و گرانی و گەندەڵی حکومەتە، ئۆپۆزسيۆنيش ئەو پاساوانە بەکاردەهێنێت دژ بە حکومەت، هەر بۆیە بە ئاسانی سەقامگيری ئەو وڵاتە کەوتە بەردەم هەڕەشە.