ڕاپۆرتی جیهانی

06:16 - 13/04/2022

گازی سروشتی ئێران و سزاکانی ئەمريکا‌

پەیسەر

شیکاری: رەنج نەوزاد

ئێران بە دووەم دەوڵەمەندترين وڵاتی جيهان دادەنرێت لە  گازی سروشتی، لە دوای ڕووسيا. بە پێی هەندێک داتا، ئێران خاوەنی ١٧٪ی یەدەگی گازی سروشتيە لە جيهاندا، ڕووسيا خاوەنی ٢٠٪. لەگەڵ هەڵگيرساندنی جەنگی ڕووسيا-ئۆکڕانيا، لای ئێرانيەکان هيوایەک درووست بوو کە ئيتر ئەوروپا ناچارە دەست بەرداری گازی سروشتی ڕووسيا بێت و بەدوای جێگرەوە بگەڕێت. وەک ژمارە و داتا، تا ڕادەیەک لە ڕووی جوگرافيەوە، ئێران باشترين و گونجاوترين جێگرەوەی ڕووسيایە بۆ ئەوروپا. بەوەش ئێران جگە لەوەی کە لە ڕێگەی فڕۆشتنی گازی سروشتی بە ئەوروپا داهاتێکی گەورەی دەست دەکەوێت و دەبێتە مایەیی بوژانەوەی ئابووری، ئەوا زۆربەی سزاکانی ئەمريکای لەسەر لادەچێت و مەرجەکانی خۆی بەسەر ئەمريکا و رۆژئاوادا دەسەپێنێت و تەنانەت دەبێتە یاريکەرێکی سەرەکی لە جيهاندا بەوەی خاوەنی بەهێزترين کارتی فشار دەبێت بەسەر ئەوروپادا. بەڵام ئەمە لای سياسيە ئێرانيەکان وەک هيوایەکە، زۆر کاتيش وەک پروپاگەندە. چونکە پسپۆرانی بواری وزە لەم ماوەیەدا بۆچوونی جياوازيان هەیە و خودی داتاکانی حکومەتی ئێرانيش گومان درووست دەکەن لەسەر ئەو هيوایە.

یەکێ لە کێشە هەرە گەورەکانی ئێران کە لە ئیستادا باس دەکرێت و وەزارەتی وزەی ئێرانی چەندين جار ئاماژەی پێکردوە، ئەويش ئەوەیە بە هۆی سزاکانی ئەمريکا لەسەر ئێران و کشانەوەی کۆمپانيا ئەوروپيەکان لە کەرتی وزەی ئێران لە سەردەمی ترەمپ، ئاستی بەرهەمهێنانی گاز زۆر دابەزيووە، بە هۆی کەمی وەربەرهێنان و دواکەوتوویی تەکنەلۆژیای دەرهێنانی گاز، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی گاز لە ناوخۆدا. هەر بۆیە مەترسييەکەی ئێران لە ئیستادا ئەوەیە کە ئەگەر زۆرە لەم پێنج ساڵەدا ئێران لە دەوڵەتێکەوە کە گاز هەناردەی دەرەوە دەکات، ببێتە دەوڵەتێک گاز هاوردە بکات، واتە دووەم دەوڵەمەندترين وڵاتی جيهان لە گازی سروشتی، ئيتر ناتوانێت پێداويستی ناوخۆ بۆ گاز دابين بکات هەر وەها ئەگەر زۆرە لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا، ئيتر ئێران نەتوانێت گاز هەناردەی عيراق و تورکيا بکات. ئەمانە لە کاتێکدا ئەگەر سزاکانی سەر ئەمريکا لەسەر ئێران لانەچێت و ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی نەکرێت.

خاڵێکی تر کە مایەیی باسە، بە پێی بۆچوونی هەندێ پسپۆران، بۆ ئەوەی ئێران ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی گاز بۆ ئەوروپا، ئەوا پێش هەموو شت پێويستی بەوەیە کە سزاکانی ئەمريکای لەسەر لابچێت. پاشان کۆمپانيا ئەوروپييەکان بگەڕێنەوە بۆ ئێران، چونکە بە بێ وەربەرهێنان و تەکنەلۆژیای ئەو کۆمپانيا ئەوروپيانە، مەحاڵە ئێران بتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەی ئەوروپا. تەنانەت خودی ڕووسيا، بە ڕێژەی ٥٠٪ پشت بە تەکنەکۆژیای ئەو کۆمپانيا ئەوروپيانە دەبەستێت بۆ دەرهێنانی گازی سروشتی لەناوخۆی ڕووسيا. پاشان کەرتی گازی ئێرانی پێويستی بە زیاد لە ١٠٠ مليار دۆلارە بۆ ئەوەی بتوانێت لەم ٥ ساڵەدا پێداويستی ناوخۆ دابين بکات و بەشێکی هەناردەی دەرەوە بکات.

ئەگەر ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی مۆر نەکرێت، ئەوا ئێران ناچارە ديسانەوە پشت بە کۆمپانيا چينی و ڕووسيەکان ببەستێت بۆ وەربەرهێنانی نوێ لە کەرتی گاز. کۆمپانيا ڕووسيەکان پێشکەوتووترن لە چينيەکان. بەڵام ڕوونە  کۆمپانيا ڕووسيەکان هەرگيز رێ نادەن ئێران ببێتە جێگرەوەی ڕووسيا بۆ هەناردەکردنی وزە بۆ ئەوروپا، تەنانەت دەنگۆی ئەوە هەیە، کە ڕووسيا بە هۆی هەندێک ڕێککەوتننامەوە لەگەڵ ئێران، حکومەتی ئێران بۆی نييە لە هەندێ کێڵگەی گازی ناو ئێرانيش وەربەرهێنان بکات و ڕووسيا ڕێی پێنادات! کەواتە بە بێ مۆکردنی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی، ئێران هەرگيز ناتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی گاز بۆ ئەوروپا. مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بە بێ ڕەزامەندی ڕووسيا ئەستەمە بکرێت. کە ڕووسيا ڕازی بێت بە مۆرکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە، ئەوا یەکێ لە مەرجەکانی بۆ ئێران ئەوەیە کە نەبێتە رکابەری گازی ڕووسی.

جگە لەوەی باسکرا، دەوترێت تەنانەت بە لابردنی سزاکانی ئەمريکا لەسەر ئیران، هەر وەها ڕووسياش هيچ ڕێگرييەک بۆ ئێران درووست نەکات لە فڕۆشتنی گاز بە ئەوروپا، ئينجا ڕەنگە ئێران پێويستی بە ١٠ ساڵ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی گاز بۆ ئەوروپا. ئاشکراشە ئەوروپا مەبەستيەتی لە ماوەیەکی کورت بەديل بدۆزێتەوە بۆ گازی ڕووسی، چونکە پلانی   دوور مەودای ئەوروپا لە بواری وزە، نەک تەنيا دۆزينەوەی بەديلە بۆ گاز و نەوتی ڕووسی، بەڵکو دۆزينەوەی بەديلە بۆ خودی گاز و نەوت و پشت بەستن بە وزەی پاک. هەر بۆیە ئەوەی لە پلانی ئەوروپادایە، لەم چەن ساڵە بەديلی گازی رووسی بدۆزيتەوە، پاشان دوای یەک یا دوو دەیە، زیاتر پشت بە وزەی پاک ببەستێت نەک گاز و نەوت.
ئەو ترسەی ئێران لە گازی کوردستان هەیەتی، چەند هۆکارێکی لە پشتە؛ هەمان سياسەتی ڕووسيا بۆ گاز، ئێرانيش نايەوێت سەرچاوەی نوێی گاز درووست بێت، چونکە هەر سەرچاوەیەکی نوێ، گرنگی گازی ئێرانی کەمتر دەکات. دەزانێت کەرتی گازی ئێران بە هۆی سزاکانەوە زۆر داتەپيوە، بۆیە دەکرێت گازی کوردستان، لەگەڵ ئەوەی جارێ لە قۆناغی هەرە سەرەتاییە، دەکرێت بە وەبەرهێنانی ئەوروپی و ئەمريکی، لە ماوەی ١٠ ساڵ پێشکەوتووتر بکرێت لە کەرتی گازی ئێران. گازی کوردستان دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ گازی تورکيا، ئێران فرۆشيارێکی سەرەکی گازە بۆ تورکيا و وەک کارتيش دژ بە تورکيا بەکاری دەهێنێت، نايەوێت ئەو کارتەی بسوتێت و ئەو بازاڕەی لە دەست بچێت بە هۆی گازی کوردستان. هەر وەها ئێران وەک پاشکۆیەکی ڕووسيا، بە فەرمانی ڕووسيا دەيەوێت ڕێگری لە گازی کوردستان بکات. جگە لە هۆکارە گشتی و ئاشکراکە، دژایەتی کردنی کورد لەوەی ببێتە خاوەنی پێگە و ڕۆڵی کاريگەرتر.

بە کورتی ئەمريکا و ئەوروپاش دەزانن گازی ئێران جێگرەوەیەکی زۆر گونجاو نييە، لایەنی کەم لە ماوەیەکی کورتدا. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نييە کە ئەمريکا، بە تايبەت کۆمارييەکان، نايانەوێت ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی مۆر بکەن، چونکە ئێران ئەگەر نەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی گاز بۆ ئەوروپا، ئەوا وەک سەرچاوەیەکی لاوەکی بۆ ئەوروپا و ناوچەکانی تری جيهان، هەر دەکرێت زیانی هەبێت بۆ ڕووسيا. بە تايبەت کە ڕووسيا هاوشێوەی ئەوروپا، چۆن ئەوروپا هەوڵی دۆزينەوەی فڕۆشياری نوێ دەدات، ڕووسيا هەوڵی دۆزينەوەی کڕياری نوێ دەدات بۆ گازەکەی. جگە لە چين، یەکێ لە کڕيارە سەرەکيەکانی وزەی ڕووسی هيندستان دەبێت. ئەگەر ئێران سزاکانی لەسەر لابچێت، ئەوا دەکرێت بەشێک لە بازاڕی ڕووسی لە هيندستان ببات بۆ خۆی. کەواتە، ئەوەی لەم ماوەیەدا دەرکەوتووە، ئەوەیە گازی ئێرانی گرنگيەکی گەورەی نييە بۆ ئەوروپا لە ئێستا و لە ئايندەیەکی نزيک، دەکرێت ئەوەش یەکێک بێت لە هۆکارەکانی ئەو ساردييەی کە کەوتوەتە نێوان لایەنەکان لە پرۆسەی دانوستانی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی. ئێران پێيوابوو بووەتە خاوەن کارتێکی زۆر بەهێز و کاريگەر، بەڵام وا نەبوو. لەوانەیە ئەوەش هۆکارێک بێت بۆ ئەو دەنگۆیەی کە ئێران بەڵێنی داوە بڕيارەکەی دادگای فيدرالی عيراق هەڵبوەشێنێتەوە کە دژ بە فڕۆشتنی وزەی کوردستان درا، لەبەرامبەر کشانەوەی پارتی لە بەرەی سەدر، چونکە ئێرانيش بۆی دەرکەوتووە کە پرسی گاز چ هی ئێران و چ ئەوەی کوردستان، قوورسە ببنە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئەوروپا، بۆیە پرسی حکومەتی عيراقی بەلاوە گرنگترە لە پرسی گاز.