ڕاپۆرتی جیهانی

03:43 - 24/05/2022

ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون‌

پەیسەر

لە هۆڵەندییەوە بۆ کوردی
خالید ڕەزا ئەمین

لە رۆژی ٢٠ی ٥ ی ٢٠٢٢،  یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرەسی ئاوڵەی مەیمون لە هۆڵەندا دەستنیشان کرا. ئەمرۆ ٢٣ ی ٥  ژمارەی توشبوون گەیشتە ٦کەس.لە هۆڵەندا چەند کەسێک تووشی ئاوڵەی مەیمون بوون، هەوڵەکان بەردەوامن بۆدۆزینەوەی توشبووی تر.


ئاوڵەی مەیمون کە زۆرجار بە ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون ناودەبرێت، هەوکردنێکی ڤایرۆسییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەفریقا هەیە. هەندێک جار لەڕێی گەشتیاری ئەو شوێنانەوە ڤایرۆسەکە بۆ ئەوروپا دەگوازرێتەوە. ئەم نەخۆشییە نەخۆشی ئاژەڵەییە (واتە نەخۆشییەکە لە ئاژەڵەوە ئەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ) بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو ئاژەڵە ىڕەرەکان- قرتێنەرەکان (knaagdieren) ی ئەفریقادا هەیە. بە گشتی مرۆڤ ئەم درمە بەسوکی ئەگرێ.

بڵاوبوونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون لە ئەوروپا

لە مانگی ٥ ی ٢٠٢٢دا چەند کەسێک لە ئەوروپا توشی نەخۆشیەکە بوون. جێگای سەرنجە کە زۆربەی ئەم توشبووانە نەچوون بۆ ناوچەکانی ئەفەریقا. ئەمەش دەمانخاتە گومانەوە کە لەوانەیە ڤایرۆسەکە لە ئەوروپادا بڵاوبووبێتەوە.

بەشێکی زۆر لەوانەی لە تێستکردن دا پۆزەیڤ بوون، پیاوانی هاوڕەگەزخواز بوون. لەڕاستیدا ئەم ڤایرەسە بەتەنها تایبەت نیە بەم گروپە، بەڵکو لە ئینگلتەرا ژنێک و مناڵێک تووشی ئەم ڤایرەسە بوون. ئێستە دەسەڵاتدارانی تەندروستی بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن بزانن ئەم ڤایرەسە چۆن بڵاو دەبێتەوە و کام گروپ کە مەترسی زیاتر تووش بونیان لەسەرە ئاگادار بکرێنەوە. ئەوشێوە گۆڕاوەی کە ئێستە لە ئەوروپا دۆزراوەتەوە بەگشتیی درم نییە، ئەگەر چی هێشتا زۆر شت نازانین سەبارەت بە بڵاوبونەوەی لەو کەسانەوە کە لە ئێستەدا نەخۆشن. چاوەڕوان دەکرێ ڕێژەی توشبوون لە ئەوروپا بەرز ببێتەوە.

نیشانەکانی


نیشانەکانی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون لە نیشانەکانی تووشبوونی (ئاوڵە) دەچێت، بەڵام بەگشتی زۆر سووکترە. زۆرجار نەخۆشییەکە ئەم نیشانانەی هەیە:
+ تا
+ ژانەسەر
+ ئازاری ماسولکەکان
+ ئاوسانی لیمفە گرێکان
+ لەرز
+ شەکەتی
دوای ١-٣ ڕۆژ لەدەرکەوتنی یەکێ یان زیاتر لەو نیشانانە، دەست پێ دەکات بە دەرکەوتنی  پەڵە لەسەر دەموچاو، دواتر بە هەموو جەستەدا بڵاو دەبێتەوە. ئەم پەڵانە وردە وردە دەبن بە بڵق (تلۆق). دوای ئەوەی کە بڵقەکان وشک ئەبن وئەپوکێنەوە دواجار لە ماوەی ٢-٣ هەفتەدا شوێنەکەی سارێژ ئەبێت.

بڵاوبوونەوە


زۆربەی ئەوانەی تووش دەبن بەهۆی بەرکەوتنیانەوەیە لەگەڵ کەسێکی توش بوو، یان بەهۆی ئاژەڵێکی هەڵگری ڤایرەسەکەوەیە. ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی لینجە پەردەوە دەچێتە ژوورەوە بۆ نموونە لینجەی پەردەی (دەم، لووت، چاو)، یان برینێکی دیار (مەرج نییە برینەکە بەدەرەوەبێ). هەروەها ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی شلەی ناو بڵقە تەقیوەکانەوە یان لە ڕێی پرژەی دەمی نەخۆشەکەوە بڵاودەبێتەوە، لەبەر ئەو هۆکارانە نابێ لەو کەسانە نزیک ببیتەوە کە تووش بوون.

سەرچاوە و بەدواداچوون


ئەگەر کەسێک لە تێستکردندا پۆزەتیڤ بوو، دەبێ بۆ سەرچاوەی تووش بونەکەی بگەڕێین لەگەڵ دەستپێکردنی چارەسەردا دەست دەکرێ بەگەڕان  بۆ دۆزینەوەی  سەرچاوەی توش بوونەکە، تا بزانرێ  لەگەڵ کێ و لەکوێ بەرکەوتنی لەگەڵ کەسانی ترهەبووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردن.

کەرەنتینە


 کەسی تووشبوو، دەبێ خۆی داببڕێ (عەزلبکا) واتە نابێ لەگەڵ خەڵکی تر تێکەڵاو ببێ هەتا هەموو ماکەکان نامێنێ. مەبەستمان لەنەمانی هەموو نیشانەکان هەتا ئەو کاتەیە کە بڵقەکان وشک دەبن و قەتماغەکان ساڕێژ دەبن و نامێنن.


کوتان (ڤاکسین)


ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون زۆر لە ڤایرۆسی ئاوڵە دەچێت. بەهۆی کاریگەری کوتان دژی ئاوڵە پەتای ئاوڵە لە جیهاندا نەماوە. تا ساڵی هەفتاکان کوتانی ئاوڵە بەشێک بوو لە بەرنامەی نیشتمانی کوتان دژی ئاوڵە، لە دوای نەمانی ئاوڵە ئیتر هەڵمەتی کوتان دژی ئەم ڤایرەسە وەستێندرا.

لە رۆژانی سەرەتای تووشبووندا بە ڤایرۆسی مەیمون دەتوانرێ ڤاکسینی ئاوڵە بەکاربهێنرێ (خۆپاراستن لە دوای بەرکەوتن). هەروەها دەتوانرێت ئەم ڤاکسینە وەک پاراستنی پێشوەختە بۆ ئەو کەسانە بەکاربهێنرێت کە مەترسی تووشبوونیان بەم ڤایرەسە زیاترە.لەم حاڵەدا تەنها پزیشک دەتوانێ بڕیار بدات لە خۆتەوە ناتوانی داوای ڤاکسینی ئاوڵەی مەیمون بکەیت.

سەرچاوە: پەیمانگای نیشتمانی بۆ تەندروستی گشتی و ژینگە (RIVM)