ڕاپۆرتی جیهانی

10:34 - 04/06/2022

جەنگی ڕووسيا و ئۆکڕانيا یەکێک لە سيناريۆکان‌

پەیسەر

شیکاری: رەنج نەوزاد
دوای تێپەڕبوونی سەد رۆژ بەسەر جەنگەکەدا، ئەوەی ڕوونە کە هەر یەک لە ڕووسيا و ئۆکڕانيا لە دۆخێکی خوێن بەربوونی بەردەوامن. تا ئێستا نە ڕووسيا توانيویەتی بگات بەوەی خۆی دەيەوێت، نە ئۆکڕانيا توانيویەتی بگات بە ئامانجەکانی. ڕووسيا دەيويست ئۆکڕانيا بکاتەوە بە دەوڵەتێکی ملکەچی خۆی هاوشێوەی بيلارووسيا و ئۆکڕانيای پێش ٢٠١٤، هەر وەها دەيويست ناتۆ دووربخاتەوە لە سنوورەکانی و، ئۆکرانيا دان بە نيمچە دوورگەی کرێميا بنێت وەک بەشێک لە ڕووسيا و بە سەربەخۆیی هەردوو کۆمارەکە، ئۆکڕانيا بێ لایەن و بێ چەک بکات... ئەمانە تا ئێستا هيچی ڕووينەدا و بەڵکو پێچەوانەکەی ڕوويدا، بۆ ئەوەی ئەمانە ڕووبدەن، جگە لە داگيرکردن یا گەمارۆدانی تەواوی کێيەڤ، بژاردەی تر نييە. دووبارە پەلاماردانی کێيەڤ، واتە جەنگێکی چەن ساڵە. ئەمەش کارەساتە بۆ ڕووسيا لە ئايندەدا.


ئەوەی ئۆکڕانيا دەيەوێت، بريتييە لە کشانەوەی سوپای ڕووسيا لە نيمچە دوورگەی کرێميا و خێرسۆن و ناوچەکانی دۆنباس، ئەمەش کارێکی ئەستەمە، ئەگەر ئۆکرانيا بيەوێت ئەو ئامانجە بێنێتە دی، ئەوا دەبێت چەکی زۆر جياوازتر و کاريگەرتری پێ بگات لە لایەن ئەمريکاوە، ئەمريکا تا ئێستا ڕازی نييە ئەو جۆرە چەکانە بداتە ئۆکڕانيا. لەوانەیە ئەمريکا نەيەوێت جەنگەکە بگاتە ئەو ئاستە لە ئاڵۆزی و ترسناکيە. چونکە لە کاتێکی وادا، ڕووسيا کاردانەوەی ترسناکی دەبێت.

بە پێی پێدراوەکانی ئێستا، دەکرێت یەکێ لە سيناريۆکان بريتی بێت لەوەی کە دوای چەن مانگێکی تر، لەوانەیە دوای هاوين، هەر یەک لە ئۆکڕانيا و ڕووسيا بگەن بە ڕێکەوتنێک بۆ وەستاندنی جەنگەکە. ئەو کات ئەو شوێنانەی کە ڕووسيا داگيری کردوون، لە ژێر دەسەڵاتی ڕووسيا دەمێنێتەوە، بەڵام ئۆکڕانيا ئيعترافی پێ ناکات. ئۆکرانياش دەبێتە بەشێک لە بەرەی رۆژئاوا و بە تەواوی دوور دەکەوێتەوە لە هەژموونی ڕووسی. لە دۆخێکی وادا، سزاکان لەسەر ڕووسيا دەمێننەوە، لەوانەیە بۆ سالێک یا زیاتر. هەر وەها پوتين دەتوانێت پاساوێکی هەبێت بۆ ناوخۆ بەوەی کە دەستکەوتێکی هەبووە لەو جەنگەدا. لەم سيناريۆیەدا دەبێت خارکێف و هەندێ ناوچەی تر کە هاوسنوورە بە ڕووسياوە، بە دەست ئۆکڕانياوە بمێنێتەوە و ڕووسيا داگيريان نەکات، بۆ ئەوەی ڕووسيا ناوچەیەکی ئارام وەک ديوار لە نێوان خۆی و ئۆکڕانيا درووست نەکات. ئەمەش هۆکارێکە کە بەرخودانی ئۆکڕانيا لە خارکێڤ زۆر بەهێزە.

ڕەنگە ئەم سيناريۆیە ويستی ئەمريکا بێت، چونکە جەنگەکە ئەگەر بەو سيناريۆیە کۆتای بێت، لەگەڵ بەرژەوەندييەکانی ئەمريکا دەگونجێت. ئەمريکا توانی سنوورەکانی ناتۆ لەگەڵ ڕووسيا زیاد بکات، بەوەی فينلاند و سويدی هێنایە بەرەی خۆی و کردیانی بە کانديد بۆ ئەندامێتی ناتۆ،کێيەڤ نەکەوت و ئۆکڕانيا بە تەواوی دەبێتە بەشێک لە هەژموونی ئەمريکا، لە هەمووی گرنگتر توانی ئەوروپا و ڕووسيا لە یەکتر دوور بخاتەوە و، دوای ساڵانێکی زۆر ئەوروپا ناچار بوو پلانی وازهێنان لە وزەی ڕووسی دابنێت. هەر وەها زیانێکی گەورەی سەربازی و ستراتيژی لە ڕووسيا درا و، هەيبەتی سوپای ڕووسيا شکا لەم جەنگەدا، ژمارەیەکی زۆر لە سزای سەپاند بەسەر ڕووسيا و، لەوانەیە تا چەن ساڵێک بەردەوام بن، ئەمەش ڕووسيا ماندوو دەکات. ئەم جەنگە ئەمريکای کردەوە بە بڕياردەری سەرەکی ئەوروپا و ئەوروپای کردەوە بە پاشکۆی ئەمريکا، لاوازبوونی ڕووسيا و ئەوروپا بەرامبەر بە ئەمريکا یەکێکە لە دەستکەوتە گەورەکانی ئەمريکا. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە، ئەمريکا دەيەوێت ئەو ئامانجانە بەدەست بهێنێت بە بێ ئەوەی ڕووسيا ناچار بێت پەنا بۆ چەکی ترسناک و قەدەغەکراو ببات، ئەوەش بەوە دێتە دی کە ڕووسيا دەستکەوتێکی هەبێت. هاوکات، ئۆکڕانيا دان بەو ناوچانە نانێت کە ڕووسيا داگيری کردوون، ئەمەش واتە ئەگەری پێکدادان هەر بە کراوەیی دەمێنێتەوە. لەم سيناريۆیەدا، ئۆکڕانيا دەبێتە بۆمبێک، هەر کات ئەمريکا ويستی سنورێک بۆ ڕووسيا دانێت، دەيتەقێنێتەوە.

ئەمريکا هەر لە سەرەتاوە مەبەستی بوو ڕووسيا تێوەبگلينێت بە جەنگێکی وا ماوە درێژ و ماندووکەر، بەڵام هاوکات لە بەرژەوەندی ئەمريکا نييە ماوەی ئەم جەنگە بۆ ساڵانێکی زۆر درێژ بێتەوە، چونکە جگە لە زیانەکانی بۆ ڕووسيا و ئۆکڕانيا، زیانەکانی جيهانين و زیانی بۆ خودی ئەمريکاش هەیە. لێرەوەیە کارێکی عاقلانيە ئەگەر ئەم سيناريۆیە ڕووبدات. چونکە هەر یەک لە ئۆکڕانيا و ڕووسيا رۆژانە دەيان مليۆن و ڕەنکە مليار دۆلار زیانيان بەربکەوێت، دەيان و سەدان سەربازيان لێ دەکووژێت، درێژ کردنەوەی ئەم دۆخە بۆ ساڵێکی تر یا زیاتر، هەردوو وڵات بەرەو کارەسات دەبات، ئۆکڕانيا لە ڕووی مرۆی و ژێرخان و سەربازی و ئابووريەوە وێران دەبێت، ڕووسيا لە ڕووی سەربازی و ئابووريەوە. بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە، پێويستە هيچ لایەنێک (ڕووسيا و ئۆکڕانيا) بە تەواوی دۆڕاو و براوە نەبن.

هەر چەن لە جەنگدا لۆژيک و عەقلانيەت مەرج نييە بایەخی هەبێت، دەکرێت سيناريۆیەک ڕووبدات، کە تەنانەت پوتين و ئەمريکا و ئۆکرانياش چاوەڕێی نەبن. لە جەنگدا چەندين ويست و پلان و  فاکتەری دژ بەیەکتر هەیە و کارلێک دەکەن، دەکرێت لە ئەنجامی کارلێکردنی ئەو فاکتەرانە، ئەنجامێک ڕووبدات، هيچ کام لە بەرەکانی جەنگ چاوەڕێی نەبووبن پێشتر.