ڕاپۆرتی جیهانی

04:18 - 17/10/2022

ڕاپۆرتێكی ئەمریکی: سوپای پاسداران گەیشتە ئۆکرانیا‌

پەیسەر

چەند سەرچاوەیەکی رۆژئاوایی ئاشکرایان کردووە کە ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی رووسیا لە ئۆکرانیا بینراون، بە مەبەستی هاوكاری بۆ مەشقپێکردنی هێزەکانی رووسیا، ئه‌وه‌ش به‌پێی فۆکس نیوزی ئەمریکی.

سوپای پاسداران لەلایەن ئەمریکاوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی دەستنیشان کراوە. لە راپۆرتێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوە لە جەنگدا کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرایەوە رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا "پێدەچێت" کارمەندانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانیان هێنابێت بۆ راهێنانی رووسەکان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شاهد-136 – ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌ی گه‌رمی په‌یوەندییەكانی نێوان مۆسکۆ و تاران لێكدراوه‌ته‌وه‌.

بەپێی راپۆرتەكە، رۆژی 12ی تشرینی یەكەم، ناوەندی بەرخۆدانی ئۆكرانیا رایگەیاند، ژمارەیەكی "دیارینەكراو" لە راهێنەران لە ئێرانەوە گەیشتوونەتە دزانكۆی لە نیمچه‌ دورگه‌ی كریمی و بەندەری زاڵزنی و هلادیڤتسی لە ناوچەی خێرسۆن.

رۆژنامەی دەیلی میرۆری بەریتانی ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، پێده‌چێت ئەو ژمارەیە بگاتە ٥٠ پسپۆڕی سوپای پاسدارانی ئێران.


لای خۆیەوە، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، یەکێتی ئەوروپا بەدوای بەڵگەیەکی زۆردا دەگەڕێت لەسەر هەر دەستێوەردانێکی ئێران لە شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە کاتی گەیشتنیان بە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ئێمە بەدوای بەڵگەی سه‌لمێنراودا دەگەڕێین سەبارەت بە تێوەگلانی (ئێران) لە شەڕی ئۆکرانیادا".

جگە لەوەش ناوەندی بەرخۆدانی ئۆكرانی پشتڕاستی کردەوە کە ڕاهێنەرانی ئێران ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئامانجە مەدەنییەکان دەکەن، لە ناوچەکانی میکۆلایڤ و ئۆدێسا.

لە کاتێکدا ناوەندی بەرخۆدان تەنیا ڕاهێنەرەکانی بە ئێرانی ناساندووە، ڕاپۆرتێکی دیکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سوپای پاسداران بەڕێوەبەری سەرەکی کۆگای فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێرانە، ئەمەش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ڕاهێنەرەکان یان ئەندامی سوپای پاسدارانن یان لانیکەم سەر بەو پاسدارانن.

تاران چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دەستی لە شەڕی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا لە ئۆکرانیادا نییە، بەڵام ڕەخنەگران ئەمه‌یان خستۆتە ژێر پرسیارەوە، چونکە فڕۆکەکانی شاهد-١٣٦ کە بە "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی کامیکازە" ناسراون، لە هێڵەکانی پێشەوەی جه‌نگ ده‌ركه‌وتوون.