جیهان

09:15 - 20/12/2022

گەوهەرێکی نوێ بۆ سەر عەرشی تۆپی پێ‌

پەیسەر

کلیان مباپێ، لە ساڵی ۱۹۹۸ لە دایکبوە، بە رەگەز کامیرونیەو یاریزانی ژمارە یەکی فەرەنسایە، لە یانەی پاریس سانجێرمان یاری دەکات.

بە گۆڵکار، مەهاری و خێراو ورد لە گەیاندنی تۆپ بە تۆڕی گۆڵ ناسراوە، ئەگەرچی هەڵبژاردەکەی پلەی دووەمی مۆندیالی بەدەستهێنا، بەڵام مباپێ گەشایەوە.

لە یاری کۆتایی مۆندیال بەرامبەر ئەرژەنتین، وەك ئەفسانەیەك ناوی خۆی لە مێژوو تۆمارکرد، دوای ئەوەی سێ گۆڵی تۆمار کرد.

مباپێ دووەم یاریزانە لە مێژووی مۆندیال لە یاری کۆتایی هاتریك تۆماربکات،  پێشتر جێف هێرستی ئینگلیزی لە مۆندیالی 1966 لە یاری کۆتایی هاتریکی بەرامبەر ئەڵمانیا تۆمارکردبوو.

بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ، مباپێ یەکەم یاریزانە لە یارییەکانی کۆتایی مۆندیال ئەو کارە بکات، کە لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2018 گۆڵێکی بەرامبەر کرواتیا تۆمارکردبوو.

مباپێ بچوکترین یاریزانە بتوانێت 10 گۆڵ لە مۆندیال تۆماربکات.

بە تۆمارکردنی هەشت گۆڵ لە مۆندیالی 2022 مباپێ توانی ژمارەی پێوانەیی گۆڵ تۆمارکردن لەگەڵ پێلێ ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل یەکسان بکاتەوە بە 12 گۆڵ.

لە مێژووی مۆندیال میرۆسلاڤ کلۆزەی ئەڵمانی پێشەنگی گۆڵکارانی گرتووە بە 16 گۆڵ و رۆناڵدۆی بەرازیل 15 گۆڵی هەیە و بە پلەی دووەم دێت، پاشان گێرد مۆلەری ئەڵمانیش 14 گۆڵی هەیە و پلەی سێیەمی گرتووە، لیۆنێل مێسیش توانی ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندوتە 13 گۆڵ، مباپێ بە هاوبەشی لەگەڵ پێلێ لە پلەی پێنجەم دێن و هەریەکەیان 12 گۆڵیان هەیە.

بەڵام شارەزایانی وەرزشی هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەم ئەستێرە فەرەنسیە بە ئاسانی ژمارەکان دەشکێنێت و بۆ دەیەی داهاتوو ئەو ئەستێرەی یەکەمی تۆپی پێ دەبێت.