جیهان

07:30 - 21/12/2022

پۆتن؛ هه‌م ئاماده‌كاریی هه‌م هه‌ڕه‌شه‌‌

پەیسەر

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا رایگەیاند: ئامادەکاریی ھێزی ئەتۆمی وڵاتەکەیان گەیشتووەتە لەسەدا ٩١ و بۆ یەکەمجار ھێزی ئەتۆمی بە سیستەمێکی نوێی موشەکی پڕچەککراوە. هه‌روه‌ها جارێكی دیكه‌ ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی نیشاندا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رۆژئاوا و ئۆكرانیا.

ڤلادیمێر پوتن، لەکۆبوونەوەیەکی تایبه‌ت به‌ دیاریکردنی ئەرکەکانی دامەزراوەی سەربازی لە ساڵی داھاتوودا كه‌ لەگەڵ فەرماندەکانی سوپای ڕوسیا سازیكرد، وتی"بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی توانای ھێزەکانمان و ئامادەکارییەکانی ھێزی ئەتۆمی، بۆ گرەنتی پاراستنی سەروەری و یەکێتی خاکی روسیا، ئامادەکارییەکانی ھێزی ئەتۆمی ڕوسیا بۆ لەسەدا ٩١ زیادیکردووە".

وتیشی "هاوسەنگی ڕێگری ئەتۆمی بنەمای سەقامگیری جیهانە.لە داهاتوویەکی نزیکدا مووشەکەکانی سارمات دەچنە خزمەتەوە".

سەرۆکی ڕوسیا ده‌ڵێت "بۆ یەکەمجار سیستەمی ئەتۆمی وڵاتەکەی بە سیستەمێکی نوێی موشەکی کیشوەربڕ ناسراو بە "شەیتان" پڕچەککراوە، کە ھاوشێوەی نییە لە جیھاندا.

پوتن، سوپاسی هەموو هێزە چەکدارەکانی ڕوسیای كرد كه‌ به‌وته‌ی ئه‌و وەک شەڕەکانی ساڵی ١٨١٢ و جەنگی جیهانی یەکەم و جەنگی جیهانی دووەم ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

وتی"هەرچەندە هەموو تواناکانی ناتۆ لە دژی ئێمە وەستاون، بەڵام ئازایەتی ئەفسەرەکانمان بە تەواوی تەواوکەری ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکە دەبێت".
پوتن، به‌ فه‌رمانده‌كانی وت "ئامانجی سەرەکی دوژمنی ستراتیژیمان، شکاندنی ڕوسیا و لەناوبردنی دەسەڵاتەکەیە. ڕوسیا گەورەیە و نوێنەرایەتی "جۆرێک لە هەڕەشە" دەکات بۆ هەندێک"، وتی "ئێمە هەمیشە هەوڵمانداوە بەشێک بین لە "جیهانی شارستانی"، بەڵام کەس لەوێ چاوەڕێمان نەبوو".

پوتن، باسی له‌ رابردوو كرد و وتی"ژمارەیەک لەوانەی لێرەن زۆر باش دەزانن چی ڕوویداوە لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێک ڕۆژئاوا پشتیوانی "قاعیدە" و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی کرد لە هەوڵێکدا بۆ تێکدانی ڕوسیا. بەڵام بە هاوکاری خەڵکی قەفقاز توانیمان ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە".

له‌به‌شێكی قسه‌كانیدا قسه‌ی له‌سه‌ر كۆماره‌كانی پێشووی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت كرد وتی "ڕۆژئاوا "مێشکی" کۆمارەکانی سۆڤیەتی پێشووی شۆردووە، لەوانەش ئۆکرانیا، سەرەڕای ئەوەش هەوڵماندا پەیوەندیی دراوسێیەتیمان لەگەڵ ئۆکرانیا بپارێزین، قەرز و غازیشمان بە نرخێکی کەم دابین کرد، بەڵام هەمووی بێهودە بوو".

سه‌رۆكی روسیا، له‌باره‌ی ئۆكرانیاوه‌ وتی "دوژمن بە ئیرادە کاری کرد، و دەبێت بە شێوەیەکی کاریگەر بناسرێت، و توانی جیاوازی بکات لە نێوان دوو گەل کە مێژوو و کولتوور بەیەکەوە گرێدراون. ئێمە هەمیشە گەلی ئۆکرانیامان بە گەلی برایانە زانیوە، منیش تا ئێستاش بە گەلێکی برایان دەزانم، ئەوەی دەگوزەرێت کارەساتە، بەڵام بەهۆی ئێمەوە نەبووە. هەمووی بەهۆی پرۆسەی پارچەپارچەبوونی "جیهانی ڕوسیا" بووة".

به‌وته‌ی پۆتن، گەلی ئۆکرانیا ساڵانێکە "مێشکیان دەشۆردرێت" و نیو نازیان چاندووە و لە هێماکانی نازیەکان "پاڵەوان"یان دروستکردووە. وتی "کەس سەرنجی "نازیزمی نوێ" نادات، چونکە ئەوە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەسەر ئێمەدا هات، کاتێک تیرۆریستانیان بۆ ناردبووین، کەسیش گرنگی بەو شتە نەدا".