جیهان

01:47 - 07/01/2023

پشتیوانه‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ی تره‌مپ بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا‌

پەیسەر

لە ١٥مین گەڕی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا کە باڵی خوارەوەی کۆنگرێسی وڵاتەکەیە، کێڤن مکارتی بە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرا.

لە پاش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس کە لە هەشتی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، چاوەڕوان دەکرا لە سێی کانوونی دووەمدا قۆناغی نوێی یاسادانان دەست پێبکات، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە زۆرینەی کۆماریخوازەکانن، کۆتاییهات.

لە چوارەمین رۆژی دەنگدانەکەدا کە کاتژمێر ٢٢:٠٠ بەکاتی واشنتۆن دەستی پێکرد و تا رۆژی دواتر درێژکرایەوە، لە ١٥مین گەڕدا سەرکردەی کۆمارییەکان، کێڤن مکارتی بە ٢١٦ دەنگ بووە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە.

لە گەڕی یەکەمی دەنگدانەکەدا کاندیدی دیموکراتەکان، حەکیم جێفریس ٢١٢ دەنگی بەدەستهێنا، لەلایەکی دیکەوە بەهۆی ناکۆکی بیروبۆچوونی کۆمارییەکانەوە دەنگی زۆرینە بەدەستنەهات بۆ هەڵبژاردنی مکارتی وەک سەرۆک.

لە ١٥مین گەڕی هەڵبژاردنەکەدا ژمارەی کۆمارییە نەیارەکان دابەزی بۆ شەش کەس، بەوەیش مکارتی توانی ٢١٦ دەنگی ئەنجوومەنەکە کۆبکاتەوە و ببێتە سەرۆکی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران.

چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دوو شەممە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنەکە، نانسی پیلۆسی پۆستەکەی رادەستی مکارتی بکات و پاشان ئەندامانی ئەنجوومەنەکە سوێندی یاسایی بخۆن، دواتر قۆناغی یاسادانان دەست پێدەکات.

کیڤن مکارتی لە ساڵی ١٩٦٥دا لەدایک بووە، یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦دا لەسەر لیستی کۆماریخوازەکان بووە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا.

مکارتی کە لە بنەڕەتدا بازرگانە، سیاسەتمەدارێکی کالیفۆڕنیاییە و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا، وەک رێبەری کەمایەتی کۆماریخوازەکان لە ئەنجومەنی نوێنه‌ران کاری کردووە.

مکارتی کە یەکێکە لە پشتیوانانی سەرسەختی ترەمپ، لە کاتی تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ٢٠٢٠دا پشتیوانی لە ترەمپ کرد. بەڵام دواتر هەڵبژاردنەکەی بە شەرعی لەقەڵەمدا و ئیدانەی هێرشەکەی شەشی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ی کرد بۆ سەر بینای کۆنگرێس.