جیهان

01:27 - 25/12/2023

ئەنجلینا جولی: مافى مرۆڤ درۆییەکى گەورەیە‌

پەیسەر

ئەکتەری ئەمریکی ئەنجلینا جولی، بێزاری خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو سیاسەتى هەڵاواردن و دووفاقیەی کە جیهان لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

لە گفتوگۆییەکدا لەگەڵ دەرهێنەری سوری وەعد ئەلخەتیب، ئەنجلینا جولى دواى ٢٠ ساڵ کارکردن لە بوارى مافى مرۆڤدا راستیەکى تاڵى لەو بارەیەوە ئاشکراکرد.
جولى، کورتە کلیپێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام لەسەر گفتوگۆکە بڵاوکردەوە کە بەشێکە لە فیلمە دیکۆمێنتارییەکەی بەناوى "دەوێرین خەون ببینین".
ئەستێرە جیهانییەکە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕەنگە بیرۆکەی بەرگریی لە مافەکانی مرۆڤ لەڕێگەی ڕووداوەکانی جەنگی جیهانی دووەمەوە سەریهەڵدابێت، هەروەها بە مانای بوونی ئامانج و هێڵی ڕوون بۆ مافەکانی مرۆڤ بێت.
ئەنجلینا جولی، ئاماژەی بەوەدا بۆی دەرکەوتووە شتەکان بەمشێوازە سادەیە بەرەوپێش ناچن و دەشڵێت: فێربووم کە جیهان بەم شێوەیە بەرەوپێش ناچێت، بەڵکو بە شێوازێکی دیکە، ئەویش ئەوەیە کە ئێمە ئەم مافانە و دادپەروەری بە هەندێک کەس دەدەین و ڕەنگە بە شێوەیەکی کاتی بیدەین بە کەسانی دیکە، بەڵام هەندێکیان هەرگیز بەدەستیان ناهێنن.
هەروەها وتى سەرەتا پێموابوو سنووری ڕوون و هەندێک تێگەیشتن هەیە، بەڵام تا زیاتر و زیاتر سەیری دەکەین، تێدەگەین کە چۆن بابەتەکە ئەوەندە سادە نییە.!!
ئاماژەى بە هاوکاری خۆراکی کرد وەک نموونە باسیکرد بەجۆرێک جارى وا هەیە سەدا شەشى خۆراک دەدرێت بە گروپێک و سەدا 50 ش بۆ کەسانى دیکە، لەو بارەیەوە زیاتر وتى دادپەروەرى بۆ هەندێک هەیە و بۆ هەندێکى دیکە نییە، لێپرسینەوە بۆ ئەم تاوانە نییە لەبەرئەوەى بەرژەوەندى هەیە.
وتیشى ئەم راستیە ناشیرینە بەشێکى گەورەیە لەم جیهانە کە ئێستا درکى پێدەکەین، ئێمە بە تاوانێک هەندێک خەڵک مەحکوم دەکەین، بەڵام کەسانى دیکە مەحکوم ناکەین، ئەوە درۆی گەورەی دونیایە، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ڕوونتر دەبێتەوە.
ئەنجلینا جولى، بە توندی سەرکۆنەى هێرشى سوپای ئیسرائیلی کردووە بۆ سەر کەرتى غەززە کە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە کەرتی غەززە کوژراون.
جولی، نێردەی تایبەتی پێشووی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست بۆردومانی منداڵان و ژنان و خێزانەکان دەکات و بێبەشیان دەکات لە خۆراک و دەرمان و یارمەتییە مرۆییەکان بەپێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
ئەنجلینا جولی لە ساڵی ٢٠٠١ەوە تاوەکو ساڵى ٢٠٢٢ وەک باڵیۆزی نیازپاکی لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کارى دەکرد.
چەندین خەڵاتی بەدەستهێناوە، لەوانە خەڵاتێکی ئۆسکار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و دوو خەڵاتی سکرین ئەکتەرز گیڵد لە ئەمریکا، جولی بە کارە خێرخوازییەکانی ناسراوە. چەندینجار بۆ خەڵاتی کاریگەرترین ژن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاریکراوە.