ڕاپۆرتی جیهانی

05:34 - 05/02/2023

بۆچی چین باڵۆنێكی نارد بۆ ئاسمانی ئه‌مریكا؟‌

پەیسەر

چه‌ند رۆژێك بوو باڵۆنێكی چینی به‌سه‌ر ئاسمانی ئه‌مریكادا ده‌سوڕایه‌وه‌، پێش ئەوەی شه‌ممه‌ له‌سەر کەناراوه‌كانی کارۆلینادا لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بخرێتە خوارەوە،بەسەر کۆمەڵێک شوێنی سەربازیی سەرانسەری ئەمەریکای باکووردا فڕی.


دەسەڵاتدارانی ئەمه‌ریکا رۆژی هه‌ینی رایانگەیاند: باڵۆنێکی سیخوریی چینی لە ئاسمانی شاری مۆنتانا بینراوە، کە شوێنێکی هەستیاری ئەمه‌ریکایە و چەندین بنکەی سەربازی تایبەت بە دروستکردنی مووشەکی بالیستی لێیە.


وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هەر زوو رایگەیاند: باڵۆنەکە بە مەبەستی سیخوری و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی بنکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا لەلایەن چینەوە نێردراوە و به‌فه‌رمانی جۆو بایدن خرایه‌ خواره‌وه‌.


چین چه‌ند جارێك جەختی لەوە کردەوە فڕینی باڵۆنەکە بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا ڕووداوێک بووە و بۆ هۆکاری مەدەنی بەکارهێندراوەو ڕەتیدەکاتەوە ئامانجه‌كه‌ "سیخوڕیکردن" بووبێت ئیدانه‌ی خستنه‌خواره‌وه‌ی باڵۆنه‌كه‌ی كرد و رایگه‌یاند: ڕێوشوێنی زیاتر ده‌گرێتەبەر.


باڵۆنی سیخوڕی چییە؟

باڵۆنی سیخوڕی بریتییە لە پارچە ئامێرێکی سیخوڕی، بۆ نموونە کامێرایەک لە ژێر باڵۆنه‌كه‌دا هەڵواسراوە و بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا دەسوڕێتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ڕەنگە ئەو ئامێرانەی بە باڵۆنەکانەوە دەبەسترێنەوە، ڕاداریشیان تێدابێت و بە وزەی خۆر کاریان پێبکرێت.

باڵۆنەکان بەزۆری لە بەرزاییەکانی ٢٤-٣٧ هەزار مەتردا کاردەکەن و بە بەراورد بە فڕۆكه‌ی بارزگانی زۆر بەرزتر دەفڕن.

باڵۆنەکان دەتوانن ڕووپێوی ناوچەیەکی زیاتر بکەن لە بەرزایییەکی کەمترەوە و کاتێکی زیاتر بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا بەسەر بەرن، چونکە بە هێواشی زیاتر لە مانگە دەستکردەکان دەجوڵێن.بەڵام توانای کۆکردنەوەی زانیارییان لە بنەڕەتدا جیاواز نییە لەگەڵ سیستەمەکانی دیکە وه‌ك مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان. باڵۆنەکە وردبینییەکی باشتر لە وێنەکاندا ده‌ستده‌خه‌ن، بەڵام زانیاری زیاتر بە بەراورد بە مانگە دەستکردەکانیان ده‌ستناكه‌وێت.

بۆ یەکەمجار کەی بەکارهاتووە؟

باڵۆنە سیخوڕییەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ١٨٦٠ بەکارهێنران، لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئەمریکادا،جگە لەوەش ئەمریکا لەم ساڵانەی دواییدا بیرۆکەکەی زیندوو کردەوە، بەڵام مەیلی بەکارهێنانی تەنها لەسەر خاکی ئەمریکا هه‌یه‌.

ئەم جۆرە باڵۆنانە لە سەردەمی جەنگی سارددا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری به‌كارهێنراون.


چین بۆچی ئەم کارە دەکات؟

هۆکاری یەکەمی هەڵدانی ئەو باڵۆنە بۆ شەرمەزارکردنی ئەمریکا و وه‌رگرتنی هەندێک زانیاری هەواڵگری بووه‌.
هۆکاری دووەم بۆ ئەوەیە کە ئەمریکا ئاگاداری ئەوڕاستییە بێت کە چین خاوه‌نی تەکنۆلۆژیایه‌كی پێشكه‌وتووه‌.


‌نێوانی چین و ئه‌مریكا


فڕینی باڵۆنەکە بەسەر ئاسمانی ئەمەریکادا زیانێکی گەورەی بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و چین گەیاند، کە چەندین ساڵە گرژییان تێکەوتووە. وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیش سەردانە دەگمەنەکەی بۆ چین هەڵوەشاندەوە.


نیگەرانییەکی قووڵ لەكۆنگرێسی ئه‌مریكا هه‌یه‌ له‌سه‌ر سیخوڕیكردن به‌سه‌ر ئه‌مریكاوه‌، چونکەڕاپۆرتی نهێنی ئاڕاسته‌ی كۆنگرێس كراوه‌ و تێیدا باسله‌وه‌كراوه‌ پێده‌چێت هه‌ندێك وڵات تەکنەلۆژیای ئاسمانی پێشکەوتوویان بەکارهێنابێت بۆ سیخوڕیکردن به‌سه‌ر ئه‌مریكاوه‌.


زۆرێک لە وڵاتان تەکنەلۆژیای سیخوڕی ئاسمانی بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەروڵاتانی ڕکابەر و هەروەها هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیشیان، هەروەها بۆ بینینی ناوچە دوورەکانی جیهان.


بەگوێرەی ڕاپۆرتی پنتاگۆن، چین نزیکەی ٢٠٩ ملیار دۆلار کە دەکاتە ٪١.٣ی بەرهەمی گشتیی ناوخۆی وڵاتەکەی بۆ سوپاكه‌ی خەرج دەکات، داڕێژەرانی سیاسەت لە واشنتۆن له‌وه‌ نیگەرانن كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌شێكی زۆری لە وەبەرهێنانی بواری تەکنەلۆژیای هه‌واڵگریدا خه‌رجبكرێت.