ڕاپۆرتی جیهانی

09:56 - 29/05/2023

مرۆڤ دوای مردنی چی بەسەر دێت؟‌

پەیسەر

ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ماڵپەڕێکی پزیشکی تایبەتمەندەوە بڵاوکراوەتەوە، بە دەستنیشانکردنی ئەو گۆڕانکاریانەی لە جەستەی مرۆڤدا دوای مردن ڕوودەدەن، هەوڵدەدات هەندێک لەو نهێنییانەی پەیوەستن بە مردنەوە شیبکاتەوە و هەندێک لە نهێنییەکانی ئاشکرا بکات کە مرۆڤەکان ئاواتەخوازن بزانن.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتەی کە ماڵپەڕی "هەنگاو بۆ تەندروستی"ی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، لەشی مرۆڤ دوای مردن گۆڕانکاری جەستەیی جۆراوجۆری بەسەردا دێت کە لەئەنجامی تێکچوونی کارکردنی خانەکان و شیبوونەوەی شانەکانەوە دروست دەبێت، وەک لێکۆڵینەوەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە دوای مردن، زنجیرەیه‌ك گۆڕانکاریی پێکهاتەیی و فیزیایی و کیمیایی ڕووده‌ده‌ن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، "مردنی لەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و زیاتر لە داڕمانی سووڕی خوێن و سییەکان درێژدەبێتەوە".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "پزیشکان چەندین پێوەر بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کەسێک بە مردوو ڕابگەیەنن. ئەوانە بریتین لە وەڵامنەدانەوە، نەبوونی گرژبوون و كاردانه‌وه‌ی چاوه‌كان بۆ ڕووناکی، هەروەها وەستانی جوڵه‌ی خوێن و هەناسەدان بە شێوەیەک كه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه"‌.

راپۆرته‌كه‌ دەشڵێت: "لەو ساتەدا کە ڕووناکی ژیان دەکوژێتەوە، جەستەی مرۆڤ چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردا دێت کە لە ئەنجامی پرۆسەی بایۆکیمیایی تەرمی مردوو و بەرکەوتنی بە ژینگەی دەوروبەری دروست دەبێت. بەم مانایە دەتوانرێت ئەم گۆڕانکارییە فیزیاییانە پۆلێن بکرێت بۆ سەرەتایی و گۆڕانکاری درەنگوه‌خت، ئەوانەی سەرەتایی ئەوانەن کە لە جەستەدا ڕوودەدەن دوای ٢٤ کاتژمێر لە مردنەوە.

ڕاپۆرتەکە پێداچوونەوە بە گۆڕانکارییە سەرەتاییەکان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لەنێویاندا پێست لە چەند خولەکی یەکەمی مردندا مەیلی کاڵبوونەوەی هەیە. دوای ئەوە، خوێن دەست دەکات بە دابەشبوون بەهۆی هێزی کێشکردن بۆ ئەو بەشانەی لەش کە نزیکترینن لە زەوی، هەروەها ساردبوونەوە نیشانەیەکی جیاکەرەوەی مردنە، بەو پێیەی جەستە پلەی گەرمی ئاسایی خۆی لەدەست دەدات، ئەم ساردبوونەوەی تەرمی مردوویش له ٢٤ کاتژمێر یه‌كه‌مدا ده‌بێت و دواتر تەرمی مردووەکە پلەی گەرمی هەوای دەوروبەری وه‌رده‌گرێت.

لە یەکەم کاتژمێر دوای مردن، هەموو ماسولکەکانی نەرم و هێڵکاری لەش دەست دەکەن بە ئارامبوونەوە لە قۆناغێکدا کە بە "ئیسراحەتی سەرەتایی" ناسراوە، لە ئەنجامدا جومگەکانی جەستە نەرم و نیان دەبن و پێڵوی چاوەکان ڕەنگی خۆیان لەدەست دەدەن و چەناگە كه‌مێك ده‌كرێته‌وه‌. دواتر حاڵەتێکی ڕەقبوون ماسولکەکان ڕوودەدات و ئەمەش لە ماسولکە بچووکەکانی دەموچاوەوە دەست پێدەکات و دادەبەزێت بۆ باقی جەستە، ئه‌مه‌ش لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ کاتژمێردا دوای مردن ڕووده‌دات.

سەبارەت بە "گۆڕانکارییە درەنگوه‌خته‌كان"ی لەش، راپۆرته‌كه‌ باسیلوه‌كردووه‌ ئەو گۆڕانکارییانە دوای 24 بۆ 36 کاتژمێر دوای مردن ده‌ستپێده‌كه‌ن، لەناوچوونی وردە وردە ئەندام و شانەکان لەخۆدەگرن. ئەم گۆڕانکاریانە بریتین لە "ئۆتۆلیسیس یان خۆهەرسکردن" و پاشان خراپبوون کە ڕوودەدات چونکە مردن سیستەمی بەرگری لەش دادەخات و بەکتریاکان دەتوانن بە ئازادی بڵاوببنەوە بۆ هەموو شانەکان.

ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا دەڵێت "مەرگ حاڵەتێکی ئاڵۆزە کە بە داڕمانی نەگەڕانەوەی کارە گرنگەکان و وەستانی تواناکانی مێشک دەست پێدەکات. لە دوای مردن، جەستەی مرۆڤ زنجیرەیەک گۆڕانکاری و دەستکاری فیزیایی و بایۆکیمیایی بەسەردا دێت کە دەبێتە هۆی شیبوونەوەی هەموو ئەندام و شانەکان."

سه‌رچاوه‌:
ماڵپه‌ری عه‌ره‌بیه‌