ڕاپۆرتی جیهانی

12:35 - 08/06/2023

جه‌نگی ڕوسیا و ئۆكرانیا، ته‌قاندنه‌وه‌ی به‌نداویشی تێكه‌وت‌

پەیسەر

لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕوسیا بەردەوامە، سێشەممە، پێشهاتێكی نوێ له‌ جه‌نگه‌كه‌ هاته‌ ئاراوه‌ ئه‌ویش ته‌قاندنه‌وه‌ی به‌نداوێكی گه‌وره‌ بوو له‌ ناو خاكی ئۆكرانیا، چه‌ندین ناوچه‌ ژێرئاو كه‌وتوون و هه‌زاران كه‌س بێ ماڵ و حاڵ بوون.

یه‌كه‌مجار فەرماندەیی باشووری هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ڕوسیا بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکایان تەقاندەوە کە دەکەوێتە ناوچەکانی خێرسۆنی ئۆکرانیا کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕوسیادایە، لە کاتێکدا ڕوسیا رایگه‌یاند بۆردومانی ئۆکرانیا بۆ سەر خێرسۆن هۆکاری داڕمانی به‌نداوه‌كه‌یه‌.

بەنداوی نۆڤا کاخۆڤکا لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگی خۆی هه‌یه‌، بە وتەی شارەزایان، هاوتایە لەگەڵ کاریگەری تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمی و لێکەوتەی ژینگەیی و ئابووری و تەکنەلۆژی گەورە بۆ ناوچەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

لەماوەی چوار ڕۆژدا تەواوی ناوچەکە ژێر ئاو ده‌كه‌وێت، بۆیە پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی هاوڵاتیان هه‌ر زوو ده‌ستیپێكردو به‌رده‌وامیشه‌،بەنداوەکە دەکەوێتە سەر ڕووباری دنیپرۆ بە دووری ٣٠ کم لە ڕۆژهەڵاتی خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا و بڕێکی زۆر ئاوی تێدایە، بەرزییەکەی ٣٠ مەتر و پانییەکەی سەدان مەترە.بەنداوەکە لە ساڵی ١٩٥٦ وەک بەشێک لە وێستگەی کارەبای ئاوی کاخۆڤکا دروستکراوە.

مەزەندەده‌كرێت 18 کیلۆمەتر سێجا ئاوی تێدا بێت و داڕمانه‌كه‌ی گوندەکان و ناوچەکانی دەوروبەری به‌ ئاو داده‌پۆشێت، لەنێویاندا شارۆچكه‌ی خێرسۆن کە هێزەکانی ئۆکرانیا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 کۆنترۆڵیان کردۆتەوە. تا ئێستا ئاو گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌شتا شار و شارۆچكه‌ و زیانی به‌ ژێرخان و زه‌وی كشتوكاڵی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌.

بەنداوه‌كه‌ زۆر گرنگە بۆ ناوچەکە، بەو پێیەی ئاوێكی زۆری تێدایه‌، ئاو بۆ جووتیاران و دانیشتوان و وێستگەی کارەبای ئەتۆمی زاپۆریژیا دابین دەکات، هەروەها کەناڵێکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی ئاو بۆ باشوور بەرەو نیمچە دوورگەی کرییمیا.

ئالێکساندەر پرۆکودین، سەرۆکی ئیدارەی سەربازیی ناوچەی خێرسۆن، رایگه‌یاند بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانیان ئاستی ئاوەکە لە ماوەی ٢٠ کاتژمێردا مەترێکی دیکە بەرز دەبێتەوە. ئه‌و به‌رپرسه‌ حكومیه‌ رایگه‌یاندووه‌ بەیانی ئەمڕۆ هەزار و ٨٥٢ خانوو لە لای راستی رووباری دینیەپەر ژێر ئاو کەوتوون و هەزار و ٤٥٧ کەسیش لەو ناوچەیە گوازراونەتەوەو وتی پێویستە ٤٠ هەزار دانیشتووی ناوچەکە بگوێزرێنەوە

روباری دینیەپەر کە بە ناوچەی خێرسۆندا تێدەپەڕێت، لایەکی لەژێر کۆنترۆڵی روسیادایە. له‌ ژناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕوسیا لانیکەم ٧ کەسی بێسەروشوێن بوون و دوو هه‌زار و 700 ماڵیش ژێر ئاو كه‌وتوون.

کیێڤ و مۆسکۆ یەکتر بە بەرپرسیارێتی خاپوورکردنی بەنداوه‌كه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، تائیستا هیچ لایه‌كیان به‌رپرسیاریه‌تی ته‌قاندنه‌وه‌كه‌ی نه‌گرتوه‌ته‌ ئه‌ستۆ، هاوكات جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی لە کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتۆن بۆی روون نەبووەتەوە کە کێ بەرپرسیارە لە تەقاندنەوەی بەنداوەکە.