ڕاپۆرتی جیهانی

04:35 - 10/07/2023

بۆمبی هێشوویی چیه‌ كه‌ ئه‌مریكا ده‌یدات به‌ ئۆكراینا؟‌

پەیسەر

دواجار ئەمریکا بڕیاره‌ قورسه‌كه‌یدا و بۆمبی ھێشووی ده‌داتە ئۆكراینا، كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌سه‌ر ئاستی جیهانی كاردانه‌وه‌ به‌دوای خۆیدا بهێنێت و چونكه‌ بۆمبێكی قه‌ده‌غه‌كراوه‌.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێن بڕیاری ناردنی بۆمبی ھێشوویی بۆ ئۆكراینا بە بڕیارێکی قورس ناوبرد و رایگەیاند، دواجار گەیشتە ئەو بڕوایەی بۆمبەکە رەوانەی ئۆكراینا بکات لەبەرئەوەی کیێڤ بۆ ھێرشی پێچەوانە پێویستییەتی.

جیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ھەنگاوە بڕیارێکی قورس بوو بۆ ماوەیەک دوایانخست بەڵام ئێستا کاتەکە گونجاوە.  وتی ئۆكراینا بە نوسراو گەرەنتی داوە لەبارەی چۆنیەتی بەکارھێنانی بۆمبەکە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لەسەر مەدەنییەکان.

روسیا بەتوندی دژی ناردنی بۆمبی ھێشووییە بۆ ئۆكراینا و پێی وایە بەکارھێنانی ئەو بۆمبە دەبێتە مایەی لەناوبردنی بەکۆمەڵی کەسانی مەدەنی.

زیاتر لە ١٢٠ وڵات پەیماننامەی قەدەغەکردنی بۆمبی ھێشووییان ئیمزاکردووە جگە لە ئەمریکا و روسیا و ئۆكراینا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکارھێنانی بۆمبەکە قەدەغە نیە، رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ داوای لە روسیا و ئەمریکا کردووە ئەو بۆمبە بەکارنەھێنن.

لە کۆگاکانی ئەمریکا سێ ھەزار بۆمبی ھێشووی ھەیە و دواین بەکارھێنانیشی لە عێراق بووە لە ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام روسیا لەسەرەتای جەنگی ئۆكرایناوە بەردەوام لە بۆردومانکردنی ناوچەکانی ئۆكراینا بەکاریھێناوە.

بۆمبی هێشوویی چیه‌؟

 بۆمبی هێشوویی پێکهاتووە لە ژمارەیەکی زۆری تەقەمەنی قەبارە بچووک کە لەنێو مووشەک یان گوللـە تۆپێکدا جێگیرکراون و لەکاتی تەقاندن یان خستنەخوارەوەیدا، تەقەمەنییە بچووکەکان بە رووبەرێکی فراواندا بڵاودەبنەوە.
بۆمبی هێشوویی کاتێک بەر زەوی دەکەوێت، یان دەتەقێتەوە و زیانێکی زۆر بە چواردەوری خۆی دەگەیەنێت، یان تەقەمەنییە بچووکەکانی بڵاودەبنەوە و دواتر لەکاتێکی دیکە دەتەقنەوە، ئەمەش کاتێک روودەدات کە بەر زەوییەکی نەرم یان لیتە بکەون.

ئەو بۆمبانەی ئەمریکا دەیانداتە ئۆكراینا لە رێگەی تۆپھاوێژه‌وه‌ ئاراسته‌ده‌كرێن، کێشی ھەر یەکێکیان ٤٣٠ کیلۆگرامە و ٨٨ بۆمبی بچوکی تێدایە، ھەر یەکێک لەو بۆمبانە لە دووری ٣٠ کیلۆمەترەوە ئامانجەکانیان دەپێکن.
بۆ تێکشکاندن و پەکخستنی تانک و زرێپۆش دروستكراوه‌، لەگەڵ ئەوەشدا بەوە ناسراوە تێکڕای نەتەقینەوەی بەرزە، کە لەوانەیە دوای ساڵێکی زۆر بتەقێنەوەو کوژراو  برینداری لێبکەوێتەوە.

ئه‌و بۆمبانه‌ی ئه‌مریكا ده‌یاندا به‌ ئۆكراینا تێکڕای نەتەقینەوەیان دەگاتە  ٢.٣٥٪، بەڵام ئەوانەی روسیا رێژەی نەتەقینەوەیان دەگاتە ٣٠٪ بۆ ٤٠٪.
چاوه‌ڕوانده‌كرێت بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا کاردانەوەی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی لێبکەوێتەوە و ببێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی ناکۆکی و دابەشبوونیان، ئەمەش رێک ئەوەیە کە ئێستا ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دەیەوێت، هاوكات نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش نیگه‌رانی خۆی نیشاندا.