ڕاپۆرتی جیهانی

10:32 - 20/01/2019

ئەمریكا پێی نایە درێژترین قۆناغی راگرتنی خەرجیەكانەوە‌

پشدەر بابەكر

ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆی ناكۆكی پارتی دیموكرات و سەرۆكەوە پێی نایە دریژترین قۆناغی راگرتنی خەرجیەكانەوە، بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەوە.

ماوەی پێنج هەفتەیە فەرمانبەرانی كەرتی گشتی ئەمریكا موچە و خەرجیەكانیان وەستێندراوە ئەوەش بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەوە كە ناكۆكی لەنێوان ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆك دروستكردووە.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند بودجەی ئەمریكا پەسەند ناكات ئەگەر تێچووی دروستكردنی دیواری مەكسیكی تێدا نەبێت، دیموكراتەكانیش كە زۆرینەی ئەنجومەنی نوێنەران پێكدەهێنن رەتی دەكەنەوە 5 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار بۆ دروستكردنی ئەو دیوارە تەرخان بكەن.

راگرتنی خەرجی و موچەی كەرتی گشتی ئەم جارە درێژترین قۆناغی راگرتنی خەرجیە لەمێژووی ئەمریكادا، ساڵی 1995 و لەسەردەمی ئیدارەی بیل كلینتۆن 21 رۆژ خەرجی گشتی بەهۆی پەسەند نەكردنی بودجەوە وەستا.

لە ئێستادا وەستانی خەرجی گشتی كاریگەری لەسەر 800 هەزار فەرمانبەر دروستكردووە كە دەتوانن لەماڵەكانیان بمێننەوە یان بەبێ موچە دەوام بكەن.

ئەوەی زۆر زیانی بەردەكەوێت بەكرێگیراوە نهێنیەكانن كە ژمارەیان 6 هەزار كەسە، كەناڵی بی بی سی دەڵێت 85%ی ئەوانە بەبێ موچە بەردەوامن لەكارەكانیان.

بەهۆی وەستانی خەرجیەكانەوە، نانسی بیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند ئەو هەنگاوە كاریگەری لەسەر دەزگای هەواڵگری دروستكردووە بۆیە داوای لە دۆناڵد ترەمپ كرد( وتاری یەكگرتووی) نەخوێنێتەوە و لەبری ئەوە بینوسێت چونكە مەترسی ئەمنی هەیە یانیش كاتەكەی دوابخات.

لەبەرامبەریشدا دۆناڵد ترەمپ ئاستەنگی بۆ سەردانەكەی بیلوسی بۆ برۆكسل و ئەفغانستان دروست كرد و رێگەی نەدا بەفرۆكەی سەربازی بچێتە ئەو وڵاتانە، ترەمپ بۆ بیلوسی نوسیویەتی باشترە لە واشنتۆن بمێنیتەوە و گفتوگۆ لەگەڵ من بكەیت.

سەرۆكی ئەمریكا راشیگەیاند دەتوانێت باری نائاسایی رابگەیەنێت بۆ ئەوەی بەبێ كۆنگرێس پارەی خەرجیەكان وەربگرێت، كەناڵی بی بی سی دەڵێت ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە پارتی دیموكرات بەنیازن رێكاری بەپەلەی یاسای دژی ترەمپ بگرنە بەر ئەگەر ئەو هەنگاوە بنێت.


بەهۆی وەستانی خەرجیە گشتیەكانی ئەمریكاوە:
نزیكەی 800 هەزار فەرمانبەری كەرتی گشتی لە 22ی كانونی یەكەمەوە موچەكانیان پێنادرێت.

1500 فەرمانبەر داوای هاوكاری داراییان كردووە بۆ دانەوەی قەرز و قیستەكانیان و دابینكردنی خواردن و جل و بەرگ بۆ خێزانەكانیان.

وەزارەتی كشتوكاڵ و دەستەی باج و دەستەی فرۆكەوانی داوایان لە 50 هەزار فەرمانبەر كردووە بەبێ كرێ كار بكەن.

 

جۆرج بۆش پیتزا دەداتە پاسەوانەكانی
جۆرج بۆش سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا پیتزا دەداتە پاسەوانەكانی بەهۆی ئەوەی كرێیەكانیان وەرنەگرتووە.

جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكی پێشووتری ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی ئنیستا گرام بڵاویكردەوە كە ئێستا كاتی ئەوەیە هەردوو پارتی كۆماری و دیموكرات بەیەكەوە بن بۆ كۆتایی هێنان بە راگرتنی خەرجیەكانی ئەمریكا.

دۆناڵد ترەمپ لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەڵێنیدا ئەگەر سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوە دیوارێك لەنێوان ویلایەتەیەكگرتووەكان و مەكسیك دروست دەكات بەمەبەستی رێگری لە كۆچی نایاسایی، بەڵام دیموكراتەكان ئاستەنگ بۆ ئەو هەنگاوەی سەرۆك دروست دەكەن.

كەناڵی بی بی سی دەڵێت بەپێی راپرسیەكان زۆرینەی ئەمریكیەكان سەركۆنەی ترەمپ دەكەن بەهۆی راگرتنی خەرجیەكانەوە.