ئاگاداریەک بۆ کوردان

30/12/2020

د. عارف گۆران

 لە ھەفتەی رابردوو ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی بەریتانیا تووشی ئه‌و په‌تایه‌ بووینه‌و پەیوەندیم پێوەدەکەن و داوای ئامۆژگاری ده‌كه‌ن .

لای کەس شاراوە نیە ئەو ڤایرۆسە لە چەند وولاتێکی ئەوروپا زۆر بە خێرایی بڵاوده‌بێته‌وه‌. بە تایبەتی لەندەن روبەڕووی دۆخێکی زۆر سه‌خت بۆتەوە . ئەوەی تا ئێستا ده‌رباره‌ی دەزانرێت، لە سەدا ھەشتا زیاتری تووشبوان، بە ھۆی ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆناوه‌یه‌ .

لە نەخۆشخانەکەی ئێمە پتر لە سێ سەد تووشبووی ئەو پەتایە تووشی ھەوکردنی سیەکان بووینەو پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە ، ھەموو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن ، کە ئەو ژمارەیە زۆر بە خێرایی له‌ زیادبوونە .

دەمەوێ ئەوە بلێم کە ئەو شەریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە زۆر خێراتر دەگوازرێتەوە و بە رێژەیەکی زیاتر تووشی مندالان دەبێت ، چونکە جۆری یەکەمی ڤایرۆسەکە کەمتر لە مندالان دەردەکەوت .

هاوکات دەبێت ئەوە بووترێت، کە ھیچ بەلگەیەک له‌به‌رده‌ستدا نیە وا نیشان بدات ڤایرۆسکە بە ھێزتر بووە ، بەلام ئەوە دەزانین کاتێک کە ژمارەی تووشبوان زیاتر دەبێت ، ئەوە ژماره‌ی ئەوانەی پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەیە زیاتر دەکات .

ئێستا لە ھەموو کاتێک زیاتر گرنگی ڤاکسین دەردەکەوێت ، تا ئێستا زۆربه‌ی پسپۆرانی بواری ڤاکسین لەو باوەڕەدان، کە ڤاکسینەکان کاریگەریان لە سەر ئەو جۆرە نوێیەی ڤایرۆسەکە ھەیە ، بەلام دیارە ئەو پرۆسێسە پێویستی بە کاتە تاوه‌کوو ژمارەیه‌کی بەرچاو لە خەلک بە ڤاکسین ده‌کوترێت، بۆ ئەوەی لە رێژەی بڵاوبوونەوە و تووشبون بەو ڤایرۆسە کەم ببێته‌وه‌، بەو ھیوایەن لە چەند مانگی داھاتوودا ئەو ڤایرۆسە و رێژەی تووشبوون روو لە کەمی بکات .

تکام له‌ ھەمووكوردانی بەریتانیا ، بە تایبەت کوردانی لەندەن ئەوەیە، کە تا بۆیان ده‌لوێت لە مالەوە دەرنەچن.

لە ھەمان کات رۆژانە لایەنی کەم دە کاتژمێر لە نەخۆشخانەم بۆیە ماوەم نابێت وەڵامی بەشێکی زۆری ئەو نەخۆشانە بدەمەوە کە پەیوەندیم پێوەدەکەن.

وەک لە وێنەکە دەبینرێت بەستنی ماسک بۆتە بەشێکی ژیانمان و شوێنەواری ماسک بۆتە بەشێکی روخسارمان.