ئایا نەخۆشی جۆری دووی شەکرە بە تەواوی چاره‌سه‌ر ده‌كرێت؟

11/02/2021

د. عارف گۆران


1-نزیکەی ٩٠٪‏ ی سەرجەم نەخۆشانی شەکرە، ده‌كه‌ونه‌ خانه‌ی جۆری دووه‌می شه‌كره‌وه‌، كه‌به‌شێوه‌كی گشتی ته‌مه‌نی سه‌رووی چل ساڵی ده‌گرێته‌وه‌. بەشی ھەرەزۆری نەخۆشانی جۆری دووه‌می شه‌كره‌ كێشیان زیادە یان قەلەون کە ئەمەش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ به‌رگری به‌رامبه‌ر ئه‌نسۆلین دروست بكات و له‌كاریگه‌ری كه‌مبكاته‌وه‌ .


2-لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوودا، كاتێك قوتابی کۆلیژی پزیشکی بووم ، ھەموو پەرتووکە پزیشکیەکان جۆری دووه‌می نه‌خۆشی شه‌كره‌یان وه‌ك نەخۆشیەکی درێژخایەن دەناساند، واته‌ ده‌بێت نه‌خۆش به‌درێژایی ژیانی له‌گه‌ڵیدا بژیت، به‌ڵام ئێستا زانست ده‌ریخستووه‌، كه‌ ده‌توانرێت ئه‌و نه‌خۆشیه‌ لە بەشێکی تووشبوان به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئه‌مه‌ش له‌رێگای دابه‌زاندنی ئه‌و كێشه‌ی زیاده‌ و پەیڕەوکردنی پارێزی گونجاو.


3-دوای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بۆ چاره‌سه‌كردنی ئەو نەخۆشانەی کە زۆر قه‌له‌ون وە نه‌خۆشی شه‌كره‌كه‌یان ھەیە ، تێبینی کراوە کە ڕێژەیەکی به‌رچاوی ئەو نەخۆشانە شەکرەیان نەماوە دوای دابەزینی رێژەیەکی زۆر لە کێشی نەخۆشەکان ‌، به‌گوێره‌ی هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ تەنانەت دوای تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ به‌سه‌ر نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه‌، 70% ی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ پێویستیان بە ھیچ دەرمانێک نەبووە بۆ کۆنترۆل کردنی شەکرە ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ کە بە تەواوی چاکبوونەتەوە.

 

هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ی تر باس له‌چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی جۆری دووی نەخۆشی شه‌كره‌ ده‌كه‌ن له‌رێگای رێكخستنی خواردن و ره‌چاوكردنی رژێمێكی تایبه‌تی خواردن .

لە یەکێک لەو لێکۆلینەوانەی لە سالی ٢٠١٤ لە ئیتالیا ئه‌نجامدراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌، كه‌ بە ھۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كاربۆهێدرات بە رێژەیەکی بەرچاو ، تێبینی کراوە کە بەشێک لەنەخۆشانی شەکرە بەتەواوی چاکبوونەتەوە، لەو لێکۆلینەوەیە دەرکەوت کە 15% ی نه‌خۆشه‌كان دوای سالێک وە 5% ی نه‌خۆشه‌كان دوای شه‌ش سال پێویستیان به‌به‌كارهێنانی هیچ جۆره‌ ده‌رمانێك نەبووە و شەکرەیان وەک کەسێکی ئاسایی بووە ، كه‌واته‌ گۆڕانكاری له‌سیسته‌می خواردن و چارەسەرکردنی قەلەوی یه‌كێكه‌ له‌ ھەنگاوە سه‌ره‌كیه‌كانی کۆنترۆل کردنی نەخۆشی شەکرە .


4-به‌شێوه‌كی گشتی ئه‌وه‌ یه‌كلابۆته‌وه‌، كه‌ کەمکردنەوەی کاربۆھایدرێت و وەرزش کردن و دابه‌زاندنی کێش، ئەگەر بەتەواویش نەخۆشی شەکرە کۆنترۆل نەکات ، ئەوا بە رێژەیەکی زۆر باش ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامده‌دات، شایه‌نی ئاماژه‌ پێكردنه‌ دابه‌زاندنی كێش جگه‌ له‌ کۆنترۆلکردنی شەکرە ، کۆمەلێک سوودی تری ھەیە.


5-نابێت ئه‌وه‌ له‌ نه‌خۆش بشارینه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر نەخۆشی شەکرە کۆنترۆل نەکرێت، کۆمەلێک کێشە بۆ نەخۆش دروستدەکات ، بۆیە باشتر وایە ئه‌و نەخۆشانە گوێڕایه‌ڵی رێنماییەکانی دکتۆر بن.

هه‌ندێك پشكنین هه‌یه‌ ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی وه‌رزی و له‌ژێر چاودێری پزیشكی تایبه‌تدا بیكه‌ن، بە تایبەت پشکنینی سێ مانگە، کە بە فەحسی تەراکومی دەناسرێت ( HbA1c ) . پزیشکی پسپۆر دەبێت بریار لەسەر ھەر گۆرانکاریەکی پێویست لە چارەسەری بدات .


5-هێنده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ دابه‌زاندنی كێشه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ئێستادا هیچ حه‌بێك نیه‌ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامبدات، تاكه‌ حه‌ب، كه‌ له‌ئه‌وروپا رێگای به‌كارهێنانی دراوه‌ حه‌بێکە پێی دەووترێت ئۆرلیستات كه‌ئه‌ویش كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌، ئه‌و حه‌ب و ده‌رمانانه‌ی بۆ دابه‌زاندنی كێش له‌دوو ده‌یه‌كی رابردوودا به‌كارهێنراون، ده‌ركه‌وتووه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاویان نه‌بووه‌ و بەشێک لەو دەرمانانە کۆمەلێک کێشەی تر بۆ نەخۆش درووست دەکەن ، بۆیه‌ باشترین رێگای چارەسەری وه‌رزشكردن و ره‌چاوكردنی سیسته‌مێكی تایبه‌ت به‌خۆراكه‌.
لایەنی کەم نەخۆشانی شەکرە دەبێت ھەول بدەن کە رۆژانە بۆ کاتژمێرێک رۆیشتن بکەن .