ڤاکسینی ئەسترازێنیکاو پێشنیارێک بۆ وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان

30/03/2021

د. عارف گۆران

 پسپۆڕو راوێژکاری نەخۆشییەکانی ھەناو/لەندەن ڤاکسینی ئۆکسفۆرد-ئەسترازێنیکا، لە ناوەندە زانستەکانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیا و بە پالپشتی مادی کۆمپانیای ئەسترازێنیکا بەرھەم ھێنراوە، دوای ڤاکسینەکەی فایزەر-بایۆنتێک دوەم ڤاکسین بو کە لەلایەن دەزگای چاودێری دەرمانی بەریتانیا ڕێگای پێدرا بۆ بەکارھێنان .

ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بەوە ناسراوە کە قازانج نەویستە و لە روی کرداری بەکارھێنان و گواستنەوەی ئاسانترە لە بەشێک ڤاکسینەکانی تر چونکە دەتوانرێت لە ساردکەرەوەی ئاسایی ھەڵبگیرێت بۆ ماوەیەکی زۆر .

1.سەرەتا دەمەوێت ئەوە رونبکەمەوە کە ھەمو ئەو ڤاکسینانەی لە لێکۆلینەوەکان دەرکەوتوە کە کاریگەرو سەلامەتن و لە لایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانی باوەڕپێکراون، دەکرێت بەکاربھێنرێت، دیارە ھەر ولاتێک لە ھەولی ئەوەدایە بڕی ڤاکسینی پێویست بۆ ھاولاتیەکانی دابین بکات، ئەمە جگە لە دەزگای کۆڤاکس، کە لە ھەولی ئەوەدایە ڤاکسین بگەیەنێتە ھەمو ولاتانی جیھان بۆئەوەی کۆنترۆڵی ئەو ڤایرۆسە بكەن.

لە چەند مانگی داھاتو جگە لەو ڤاکسینانەی ئێستا بەکاردەھێنرێن کۆمەلێک ڤاکسینی تریش دەکەوێتە بەردەست.

2. بۆ کوتانی زۆرترین كەس لە ماوەیەکی کورتدا، بەشێکی زۆری ولاتانی ئەوروپاو ئەمریکا زیاتر لە یەک جۆری ڤاکسین بەکاردەھێنن، لە ولاتێکی وەک بەریتانیا ھەردو ڤاکسینی فایزەر و ئەسترازێنیکا بەکاردەھێنرێت، ئەگەر ھەیە لە ئایندەیەکی نزیک ڤاکسینی تریش بەکاربھێنرێت، بۆیە زۆر ئاساییە کە لەھەر ولاتێک چەند جۆرێکی ڤاکسین بەکاربھێنرێت .

3.ھەمو ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا ھەبو، بە تایبەت کێشەی خوێن مەیین، دەرکەوت ھیچ بنەمایەکی زانستی نیە، تەنانەت لێکۆلینەوەکانی دەزگای چاودێری دەرمانی ئەوروپا، لە راپۆرتەکەیان بە تەواوی رونیان کردەوە، کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا سەلامەتە وە ھەروەھا رێکخراوی تەندروستی جیھان دلنیایی داوە کە خەلکی بەردەوام بن لە بەکارھێنانی ڤاکسینەکە، دەبێت بزانین کە کێشەی خوێن مەیین پێش کۆرۆناو ڤاکسین ھەر ھەبوە، تاکو ئێستا بەلگەی یەکلاکەرەوە نیە کە بەکارھێنانی ڤاکسین رێژەی خوێن مەیین زیاد دەکات.

4.خەلکێکی زۆر پرسیار دەکات کام جۆری ڤاکسین لە هەموان باشترە ؟

بەڕای من باشترین ڤاکسین ئەوەیانە کە لەبەردەستە، باشترین شت ئەوەیە، کە لە نزیکترین دەرفەت ڤاکسینەكە وەرگریت، جا ھەر جۆرێک بێت .

من خۆم لەسەرەتای ئەو کەسانە بوم لە بەریتانیا ڤاکسینم وەرگرت، ئەو کاتە تەنھا ڤاکسینی فایزەر لەبەردەست بو، دوای دو مانگ کوڕەکەم، کە قوتابی کۆلیژی پزیشکیە، ڤاکسینی ئەسترازێنیکای وەرگرت چونکە ئەو نەخۆشخانەیەی كاری تیا دەکات ئەو کاتە ئەو ڤاکسینەیان لەبەر دەستبو.

من دلنیام دوای وەرگرتنی ڤاکسین، ھەردوکمان ئەگەری توشبوانمان بەو ڤایرۆسە یەکجار کەم بۆتەوە.

5.دوا لێکۆلینەوە دەربارەی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا، کە لەسەر ژمارەیەکی یەکجار زۆری نەخۆش کراوە، دەریدەخات کە ڤاکسینەکە زۆر کاریگەرترە لەوەی لێکۆلینەوە سەرەتاییەکان ئاماژەیان پێكردبو .

لێکۆلینەوەیەک کە تەنھا دو رۆژ بەر لە ئێستا بلاوکرایەوە، دەریدەخات ڤاکسینی ئەسترازێنێکا بە رێژەی ١٠٠٪‏ نەخۆش لە توشبونی توند بە ڤایرۆسەکە دەپارێزێت، بە واتایەکی تر ھەر کەسێک کە ڤاکسینی ئەسترا زێنیکا وەرگرێت، تەنانەت ئەگەر توشی پەتاکەش بێت، بە سوکی دەیگرێت و پێویستی بە چارەسەری نەخۆشخانە نابێت.

6. بە داخەوە لە عێراق و کوردستان تاکو ئێستا بڕێکی زۆر کەم لە ڤاکسین دراوە بە خەلک، دیارە ئەوەش زۆر ھۆکاری ھەیە، بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینەکەی سینۆفارمی چینیان وەرگرتوە، کە لێکۆلینەوەکان نیشان ئەدەن وەک ڤاکسینەکانی تر کاریگەرو سەلامەتە .

لە ئێستادا ٤٣ ھەزار ژەم ڤاکسینی ئەسترازێنیکا لە رێگای عێراقەوە گەیشتۆتە کوردستان و لە چەند ھەفتەی داھاتو بڕی زیاتریش دەگاتە عێراق و کوردستان .

لە ھەمان کات کوردستان لە ھەولی ئەوەدایە راستەوخۆ ڤاکسین بەدەست بھێنێت، دیارە ئەو ھەنگاوە دەبێت پەلەی لێبکرێت.

7. تێبینی کراوە دوای سێ ھەفتە لە وەرگرتنی ژەمی یەکەمی ڤاکسین، کەسەکە بڕێکێ زۆر باش لە بەرگری دروست دەکات و ئەگەری توشبون بە کۆرۆنا نزیکەی ٧٠٪‏ کەم دەبێتەوە. لێکولینەوەکان بەو ئاڕاستەیەن کەئەوانەی ڤاكسین وەردەگرن ئەگەر توشی پەتاكەش بن، ئەوا بەسوكی دەیگرن.

بۆیە لە ولاتی بەریتانیا ژەمی دوەمی ڤاکسینەکە لەبری سێ ھەفتە دواخرا بۆ سێ مانگ، ئەم ھەنگاوەش بوە ھۆی ئەوەی خەلکێکی زۆر لە ماوەیەکی کورت ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکە وەرگرن و بەمەش رێژەی توشبون بە توندی و مردن بە ھۆی پەتاکە یەکجار کەمبوەوە.

8. ئاشکرایە لە ئێستادا ژمارەی توشبون لە کوردستان لە ھەلکشانە، بۆیە وەزارەتی تەندروستی دەبێت کۆمەلێک ھەنگاوی خێراو ھەنوکەیی بنێت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی بلاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە، یەکێک لەو ھەنگاوانە ئەو ٤٣ ھەزار ژەمەی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بدرێت بۆ ٤٣ ھەزار کەس و دوای ئەوەی بڕێکی زیاتر لە ڤاکسینەکە گەیشت، ئەو كاتە ژەمی دوەمی ڤاکسینەکە بدرێت .

دیارە ئەو ھەنگاوە جگە لە بەریتانیا لە کۆمەلێک ولاتی تریش پەیرەو دەکرێت .

کوردستانیانی خۆشەویست من ھەمیشە باسی ئەوەم کردوە، کە ژیان دەبێت بەردەوام بێت و پێویست ناکات خەلکی توشی تۆقان بکەین، بەلام بەراستی لە ئێستادا ھەمو تاکێکی کوردستان دەبێت ئاگاداری خۆی بێت و پەیڕەوەی ڕێکارەکانی خۆپاراستن بكات.