شەڕە گەورەکەی دنیا لەسەر هواویە

15/01/2020

بەختیار شارەزووری

شەڕی بازاڕ و سەرچاوەی وزە ئەو دوو شەڕەیە کە ئێستە وڵاتە زلهێزەکانی دنیا ململانێی قورسی لەسەر دەکەن، بەشێوەیەک کە ئەوەی پێیدەوترێت بەرگریکردن لە پەنای سیستمێکی دروستدا تاک ئازادی و نانی هەبێ یان ئەوەی پێی دەوترێت گڵوباڵ و سیکۆلار وردە وردە دەگۆڕێت بۆ بیرکردنەوەیەکی ماکیاڤیلانەی ڕووت.
بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەت و نەتەوە، ئەوەی دەگوزەرێ لە جیهاندا و ئەو شەڕ و ململانێیانەی کە هەیە، گۆڕەپانەکەی زیاتر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە وەک سەرچاوەیەکی بەهێزی وزە و ڕێگای گواستنەوەی وزە و لەگەڵیشیا بازاڕێکی باش بۆ شمەکی وڵاتە گەورەکانە.
ئەوەی ئێستا ڕو دەدات لە نێوان ئەمریکا و ئەم وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێندەی شەڕە بۆ بەرگرتن لەو فراوانبونەی چین و هاتنە ناوەوەی چین بە شێوەی شەڕی ئابووری سۆفت پاوەر، وا دەکات کۆی ئەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی وزەن هەم بازاڕەکەیان و هەم سەرچاوەی وزیان داگیر بکات.
شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و تورکیا کە دۆستی خۆیەتی، شەڕی بەرگرتنە لە هاتنە ناوەوەی چین بە خشکەیی. ئەمریکا کاتێک فۆکەس دەخاتە سەر (هواوی) ئەوە دەزانێ کە ١٠٥ ملیار دۆلار تەنیا داهاتی ساڵی ٢٠١٨ ی بووەو ساڵی دواتر ٣٩% ئەم بڕە زیاد دەکات.
کاتێک ئەمریکا شەڕی هواوی دەکات، ئەوە دەزانێ کە هواوی وردە وردە دەچێتە بواری سەربازیی و دەزگای نهێنییشەوە، هەروەها ئەوەش دەزانێ کە لەڕووی تەکنەلۆژیای زیرەکەوە هواوی لە پەرەسەندێکی زۆر خێرادایە.
 بە نموونە فرۆشی مۆبایلی زیرەک بۆ یەک ساڵ ٢٠٠ ملیۆن دانەیە، ئەمە لە کاتێکدایە ڕێگەی ئاوریشمی ئەسڵی دۆسیەکەیە کە دەکرێت لە داهاتوودا چەندین کۆمپانای زەبەلاحی چینی لەژێر هەژموونی هواویدا ئەم پلانەی ڕێگەی ئاورشمی پەرە پێبدات و تەوای بوارەکان بگرێتەوە.
هواوی وردە وردە لە پەرەسەندنی بەرهەمی زیاتردایە کە سەرەتا لە دروستکردنی پارچەی مۆبایلەوە دەستیپێکرد و ئێستا خۆی بەرهەمهێنی زۆرێک لە ئەپەکان و نیتۆرک و مۆبایلە. ئەمەش بە شێوەیەکی خێرا پاشەکەشێ بە ئەپڵ و سامسۆنگ دەکات و ئابلۆقەکانی گۆگڵ و یوتوبیش ناتوانێ بەر بەم فراوانبوونە بگرێت.
ئەم شەڕە شەڕی سەرەتای بەرگرتنە بە ڕێگەی ئاوریشمی کە خۆی لە دادگایی کردنی (وان چشۆ) دەبێنێتەوە کە کچی خاوەنی هواویە. ئەمەش بەوەی هاوکاری ئێرانی کردووە .
هواوی و سەرەتای ڕێگەی ئاوریشمی، تەواوی بازاڕ و سەرچاوەی وزە و ڕێگاکانی گواستنەوە کۆنتڕۆڵ دەکات. هەر لەم چوارچێوەیەدا چین  ٧٢ وڵاتی خستووەتە ژێر قەرزی خۆیەوە، هەموو ئەمانە ئەو وڵاتانەن کە ڕێگای ئاورشمی پێدا تێپەڕ دەبن.
هواوی سەرەتای دەرکەوتنی ڕێگای ئاوریشمییە لە بازاڕەکاندا، شەڕی ئەمریکا  و ڕوس بە نەرمی دژ بە چین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چین لە پاشەڕۆژدا بەهۆی ئابووری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، تەواوی دنیا داگیر دەکات. ئەگەر ساڵانی پێشوو کوالێتی نزم بووبێ، ئەوا ئێستا کوالێتی بەرز بووەتەوە و نرخیش کەمە. هەر بۆیە شەڕی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و هەتا تورکیای کۆنەدۆستیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە، ئەم ڕێگایانە بە ناو ئەو دوو وڵاتادا دەڕۆن و بەشێوەیەک دەبێ کە تەواوی بازاڕەکانی ئەوروپاش داگیر دەکات.
لێرەوە هەر وڵاتێک بکەوێتە سەر ئەو ڕێگایە، ئەوا ئۆتۆماتیکیەن دەکەوێتە سەر هێڵی بەریەککەوتنی ئەم ململانێ بازرگانییە بە پلەی یەکەم، پلەی دەوەم سەرچاوەکانی وزەیە کە بۆ ئەمریکییەکان و ڕوسەکانیش قورسە ڕێ لە فرۆشیاران بگرن کە وزە بە چین نەفرۆشن و شەڕ بە بریکارەکانی دەفرۆشن.
ئەمریکا و ڕوسیا دو دژن لە بەردەم ترسێکی هاوبەشدا، شەڕی ئەمریکا باڵادەستی چین بەسەر تۆێی پەیوەندییەكاندایە، واشنتۆنی تووشی دڵەڕاوكێ كردووە لەوەی چین كاریگەری هەبێ بۆ سەر توانستە سەربازییەكانی ئەمریكا. چونكە زۆرینەی چەكە ستراتیژییەكانی لەڕێی پەیوەندییەكانەوە بەڕێوەدەبرێن، چ چەكی ئاسمانیی یان چەكە ئەتۆمییەكانی و ژێردەریاییەكانی.
ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ شەڕی هەمان هواوی و ڕێگەی ئاوریشمییە کە شەڕەکە شەڕی ئێرانە و ئێرانیش عێراق وەک مەخزەنی پشتەوەی خۆی سەیر دەکات. بۆیە بەهەمانشێوەی ڕوس و ئەمریکییەکان و تەنانەت ئێرانیش، دەیەوێ بە بریکارەکانی شەڕی ئەمریکا بکات.
ئەمریکا هێندە شەڕی ئێران دەکات کە لاوازبێ، ئەم شەڕە بۆ وڵاتانی تریش دەشێ. بۆ ئەوەی ئەو شەڕە نەرمەی چین بکات و ئێران و وڵاتانی سەر ئەم ڕێگایە و هاوکارەکانی هواوی لاواز بکات بیانگەیەنێتە ئاستێک وا لاوازبن کە توانای هاوکاری هواوی و ڕێگای ئاورشمیان نەمێنێ نەک فەوتاندنیان.
ئەم شەڕەی ئێستا هاتووەتە گۆڕەپانی عێراقەوە،  شەڕی بە وەکالەتە. چین لەڕێی هواویەوە بەبێ شەڕی سەربازیی گەرم ، بە بێ داگیرکاری توانیویەتی زۆرێک لە بازاڕەکانی دنیا قۆرخ بکات و بەردەوام لە پەرەسەندنیشدایە، بە مانایەکی تر جیهانی نوێ جیهانی ململانێی جەمسەرەکان دەبێ نەک دوو جەمسەر.
بڕوانە :
https://ar.wikipedia.org/wiki/%D9%87%D9%88%D8%A7%D9%88%D9%8A