فۆکەسی گاڵتەجاڕیی بۆ سەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران

05/02/2020

بەختیار شارەزووری

مۆدێلی دەسەڵاتی هەرێم مۆدێلی نەوەی شاخەکان و نەوەی دوەمی شاخەکانە، واتا تا ئێستا شەرعیەت هەر بەدەست نەوەی شاخ و پارتیزانەکانەوەیە بە پلەی یەکەم، گەر خۆیان نەبن کوڕەکانیان یان نزیکەکانیان یان کوتلەکانیانن  تا ئێستا نەوەی شار و تەکنۆکرات غیابە.

ئەگەر مێژو بۆ کارئەکتەرەکانی شاخ گرنگ بێت لەبەر ئەوەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئەوا هەر کارئەکتەرێکی بەهێز فۆکسی خستبێتە سەر یەکێ لە دەسەڵاتەکان ئەو ئەو دەسەڵاتە بەهێز بوە، ئەگەر کارئەکتەرێکی بەهێزی هەرەمی سەرەوەی پارتیزانەکانی لەپشت نەبێ ئەوا ئەو دەستەڵاتە بێهێز بوە، وەک بینیمان لە کوردستان هەرسێ کارئەکتەری هەرەمی سەرەوە فۆکسیان خسبێتە سەر هەر یەکێ لەم دەسەڵاتانە ئەوا بەهێز بوە، ئێستا پەرلەمان نەک کاراکتەری بە‌هێزی هەرەمی شاخی تێدا نیە بەڵکو لە پشەتەوەش کارئەکتەرێکی بەهێز نیە، ئەگەر چی بۆ گۆڕانی مۆدێل باشە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتی مەدەنی دەست پێ بکات، ئێستا واقعی حاڵ دەسەڵاتی پارتیزانەکانی شاخە،  لە کۆی کارئەکتەرە بەهێزەکانی شاخ تەنها نەوشیروان مستەفا بو پاڵپشتی لە پەرلەمان و سیستەمی پەرلەمانی دەکرد، وە بینیشمان تا خۆی مابو پەرلەمان چی هێزێکی هەبو.

دەسەڵاتی تەندروست ئەو کات تەندروست دەبێت کە یاسادانان و چاودێری ئەکتیڤ بن،  ئەو کات دەسەڵات تەندروست دەبێت کە سیستەم پەرلەمانی بێت و پەرلەمان شوێنێک بێت بۆ یاسادانان و چاودێری ، پەرلەمان تاکە هۆڵێکە کە نوێنەری خەڵکی تێدایە جیاواز لە هەر سێ دەسەڵاتەکەی تر ، بەڵام لەبەر ئەوەی لە هەرێم و لە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جۆری مۆدێلی بنەماڵەیی و وەلی عەهدی و خێزانی هەیە، نابینین پەرلەمان ئەو گرنگیەی هەبێت، مادام مۆدێلی وەلی عەهدی دەکەوێتە ناو بازنەی باشترین مۆدێل بۆ بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی پاڵپشتی دەکرێن و دەدرێت لە پەرلەمان، ئەگەر چی تەواو لەگەڵ یاسای چاکسازی و کەمکردنەوەی موچەی باڵاکان و بندیوار و خانەشینی باڵاداین و بۆ خۆی پەرلەمانتارانیش بەشێکن لەوە ، بەڵام دوا جار هەر دەبێ لە ناو هۆڵی نوێنەرەکانی خەڵکەوە کە پەرلەمانە کار بکرێت تا چاکسازی بکرێت ئیتر پێان دەکرێت یان نا ئەمە بابێکی ترە.

ئەوەی دەیبینین ئێستا فۆکسی موچەی باڵا زیاتر ڕوو لە پەرلەمانتارانە ، ڕاستە پەرلەمانیش بەشێکن لە موچەی باڵا، بەڵام بشێکی کەمن لە چاو ئەو هەمو وەزیری خانەنشینی باڵای بێ وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی فەیک و هتد.

ئەوەی دەگوزەرێ و ئەو گاڵتە جاڕەیەی بە پەرلەمانتاران دەکرێت ئەگەر بەشێکی مەسجێک بێت لێ ی نوسرا بێت ئێوە نوێنەری ئـێمەن و هیچتان پێناکرێت بۆیە گاڵتەتان پێ دەکەین ، ئەمە تەواو بە جێیە ، بەڵام بەشەکەی تری بریتیە لە بێ ئەهمیەت کردنی پەرلەمان و پەرلەمانتاران ، واتا مۆدێلی خەلیجی کار لەسەر گاڵتەلکردن دەکات لەسەر پەرلەمان و پەرلەمانتاران تا وەک دەڵین سوکیان بکەن و گرنگی پەرلەمان و پەرلەمانتاران نەهێڵن و بنەماڵەکان حکومی ئەبەدی بکەن ، هۆکاری سەرەکیش نەبونی کارئەکتەرێکی گەورەی شۆڕشی شاخە لە ناو پەرلەمان یاخود لە پشتی پەرلەمانەوە ، ئەگەر چی شۆڕشی شاخەکان پڕە لە قوربانی بەڵام نەیانتوانی دەسەڵاتی مەدەنی بەرهەم بهێنن واتا ئەگەر شۆڕش کارگەیە بوبێت ئەوا کاڵای ئیکسپایەری بەرهەم هێناوە ، ئا لێرەوە لە ڕێ ی تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکانەوە هەڵمەتی قورس هەیە بۆ گاڵتەکردن بە پەرلەمانتاران و پەرلەمان بە جۆرێ کە ئیتر خەڵک نائومێد بکرێت کە پەرلەمان چی تر هیچیان پێ ناکرێت و ببنە گاڵتەجاڕی سەر شەقامەکان و ناو سۆسیال میدیا ، بە واتایەکی تر لە ڕەخنەوە بۆ سەر پەرلەمان ، لە ڕەخنەوە بۆ سەر ئیمتیازەتەکانیان، لە چاکردنەوە بۆ تێکدان ، کە ئەمە وا دەکات ماڵەکەی خەڵک یان سەنگەرە تەنهاکەی خەڵک لە ناو هەر چوار دەستەڵاتەکەدا بڕوخێنین نەک چاکی بکەین ، ئەم گاڵتەجاڕی و سوک کردنە کە بۆ خۆی دیسانەوە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین بەرد گرتنە لە ماڵەکەی خۆمان ، لە بری چاککردن و پتەو کردنی سەنگەرەکەی خۆمان هەڵدەستین بە وێران کردنی ، هەموشمان دەزانین هەر سێ دەستەڵاتەکەی تر حیزب دایدەنێت ئەگەر چی پەرلەمان شەرعیەتی دەداتێ ، کە ئەمەش قسەی تری دەوێت.

دەکرێت دنیایەک ڕەخنەمان هەبێت لە کۆی سیستەمی حکومڕانی ، دەکرێت دنیایەک ڕەخنەمان هەبێت لە پەرلەمانتاران و ڕەخنە وەک بەرد بێت ، بەڵام دوا جار تاکە ماڵیک بە بتوانین گوڕانکاری لەوێوە بکەین پەرلەمانە ، دەبێت وا بێت هەمو دەستەڵاتەکانی تر لە ژێر چاودێری پەرلەماندا بن ، بەڵام ئەم گاڵتەجاڕیە دیوی دوەمی وێران کردنی ماڵە تەنهاکەی خەڵکە  بە جۆرێک پەرلەمانتارێک لە لیژنەیەکدا بێت بیەوێ بەدوادا چون بکات بۆ کەیسێک هەر بە پلان وا گاڵتەجاڕ کراون نەک لە لایەن حکومەت و دۆسیەی تایبەت هەتا لە بازاڕیش گاڵتەیان پێ بکەن.

دەکرێت بڵێین کوا چیتان کرد بۆ کارەبا بۆ نەوت بۆ غاز، کە ئەم بێهێزیەش لە غیابی کارئەکتەری بەهێزی شاخەکانەوە دێت بە هەمو خراپەکانیانەوە، بەڵام دەبێت ئاگامان لەوە بێت سیستەمی پەرلەمانی دەبێت پەرلەمانتاران بخەینە ژێر چاودێری توند و ڕەخنەی چەکوشی خۆمانەوە بۆ ئەوەی نەهێڵن مۆدێلەکانی تر سیستەمی پەرلەمانی بکەنە گاڵتەجاڕی و ئێمەش لە بری کاراکردنی ئەندامانی ناو ماڵەکەی خەڵک ماڵەکە و ئەندامانیشی سوک بکەین.