بۆ یادی ٢٥/٧ دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان .

25/07/2020

بەختیار شارەزووری

ئەم کاروانە بەردەوام و ئەم شەمەندفەرەی گۆڕان بەردەوامە لە ڕۆشتن ، گۆڕان وەک هێزێکی نوێ کە دروست بوە ئەرک و بەرپرسیاریەتی زۆر لەوە گەورەترە کە بخزێنرێتە ناو بازنەی دژایەتی هێزێک یان حیزبێک یان کەسایەتیەکی سیاسی و زۆر لەوەش گەورەترە کە تەعبیر بێت لە بۆچونی کەسێک.

گۆڕان لەسەردەستی بیرمەندێکی مێژووی بۆ ئەوە دروست بوە کە دەستکاری خەلەلەکانی کۆی سیستەمی حکومڕانی بکات بە پێ ی گۆڕانی قۆناغەکان ، گۆڕان بۆ ئەوە دروست بوە کە بە سیاسەتێکی نەرم بتوانێت دەستکاری نەخشەی حکومڕانی و سیاسی باشور بکات و ئەو نەخۆشیانەی لە جەستەی ئەم حکومڕانیەدا هەیە چارەسەری بکات و ئەم جەستەیە وەک جەستەیەکی تەندروست ئامادە بکات بۆ گۆڕانەکان و بتوانێت بەردەوامی بە ژیان بدات پێش ئەوەی بمرێت ، مردنی ئەم حکومڕانیە کۆمردنە.

گۆڕان پڕۆژەیەکی گەورەیە ناکرێت بچوک بکرێتەوە بۆ چەند پرسێکی کەسی بچوک ، گۆڕان سیاسەت دەکات بە پێ ی ئامانجەکانی دەیەوێت بە پلەبەندی و نەفەسێکی درێژ و هەست کردن بەبەرپرسیاریەتی ڕەسمی حکومداریەکی دروست بکات ، گۆڕان ستراتیژ وئامانجی هەیە نە دژی هیچ حیزبێک و نە دژی هیچ هێزێک و نە دۆستی و نە دوژمنی تاسەری هیچ لایەنێک نیە ، بەڵکو لە ماڵی کوردیدا دەیەوێت ڕیفۆرم بکات ، بۆ ئەم مەبەستە ململانێیەکی نەرمی سیاسی دەکات و کێ نزیک بێت لە ئامانجەکانیەوە هاوڕا و هاوپەیمانی دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش وێستگەیەکی جێگر نیە ، بەڵکو لە کویا دژایەتی و ململانێ ی ئامانجەکانی کرا لەو وێسگەیەدا هەڵوێستی دەبێت و بەردەوام دەرگای هاوپەیمانێتی و دۆستایەتی بۆ هێزەکانی ناو ماڵی کوردی دەرەوەی ناو ماڵی کوردی کراوەیە و کێ لەگەڵ ئامانجەکانیدا هاتەوە دۆستی گۆڕانە ئەوەشی دژی بێت ململانێیەکی سیاسی نەرمی بێ خوێنی دەکات .


گۆڕان هەر لەسەرتای دروست بونیەوە حەوزەیەک بوە بۆ ڕای جیاواز و بۆچۆنی جیاواز و یەکێتی ناوەکی لە سیاسەتی گشتیدا پەیڕە و کردوە و خۆی بچوک نەکردوەتەوە بۆ چەند ململانێیەکی بچوکی حیزبی و ڕقی شەخشی ، گۆڕان خاوەنی پڕۆژە و بیری سەرکردەیەکە بەردەوام دەیەوێت بە چونە ناو دەستەڵات دەستکاری نەخشەی حکومڕانی بکات لە بەرژەوەندی گشتی و حکومڕانیەکی دروست ، ئەگەر چی حکومڕانی نەخۆشە بە کۆمەڵێک نەخۆشی کوشندە ، بەڵام دوا جار گۆران دەیەوێت لەمسی ئەم حکومداریە بکات و چارەسەری بکات نەک لە دورەوە سەیرکەر بێت ، گۆران بۆ چاکسازی باجی زۆری داوە و بێ کەمکوڕیش نەبوە .

 

هەمو ئەو کەسانەی کە گۆڕان ناردونیەتیە پۆستەکانی حکومداریەوە ، جگە لە فاوڵی بچوک هیچیان نەبوەنەتە خاوەنی سەفقەی دزی گەورە و نەبونەتە خاوەن بۆری نەوت و هیچ موڵکێکی گشتی گەورەیان داگیر نەکردوە ، ئەگەر چی خەلەلی بچوک و سەرپێجی بچوک کراوە ، لە مدیر ناحیەیەکی گۆڕانەوە بۆ وەزیرێکمان نەبونەتە جێبەجێکاری پلانەکانی ئەنقەرە یان تاران و نەبونەتە خاونی سەفەقاتی پارەی نەوت و بۆری نوت و پاڵاوتگەی نەوت ، بە پێچەوانەوە بۆ چاکسازی ڕوبەڕوی دەرکردن و دنیایەک هەڕەشە بونەتەوە ، هەمو ئەو کەسانەی کە گۆڕان ناردونیەتیە ناو پۆستی حکومڕانیەوە جگە لە فاوڵی بچوک نەبونەتە بەشێک لەو گەندەڵیە گەورەیەی کە هەیە ، لە کاتی فاوڵ کردنیشیاندا پیش لایەنەکانی تر ڕوبەڕوی ڕەخنەی ناوخۆی گۆڕان بونەتەوە ، کە ئەمەش نیشانەی زیندویەتی گۆڕانە .

 

گۆڕان نەک نەبوەتە بەشێک لە ساختەکردن لە دەنگی هاوڵاتی بەڵکو ئامادە بوە لە پێناو ئازادی دەنگداندا باجی دروستکردنی دنیایەک سیناریوو بەگەڕ خستنی دنیایەک ماکینەی ئیعلامی دژی بدات ، بەڵام پەنای بۆ ساختەکردن لە دەنگی هاوڵاتی نەبردوە ئەگەر ئەو دەنگانە دژیشی بوبێت ، بە کۆی گشتیش گۆڕان ئیشی ئەوەیە هەمو هێزەکان بخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەوە کار بۆ حکومڕانیەکی دروست بکرێت و هەمو ئاراستە جیهانی و ناوچەیی و عێراقی و ناوخۆیش بەو ئاراستە دەچێت کە هەمو هێزەکان بچەنەوە سەر پڕۆژەکانی گۆڕان و کاک نەوشیروان و کار لەسەر ڕیفۆرمی گشتی بکرێت بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ قۆناغێکی نوێ و کۆتای هێنان بەو نەخۆشییەی حکومڕانی کوردی بەدەستیەوە دەناڵێنێت ، هێزکان بیانەوێ و نەیانەوێ دەبێت بۆ نەخۆشی حکومرانی ڕو بکەنە پڕۆژەکانی گۆڕان وەک دکتۆرێک بۆ چارەسەر ، کاک نەوشیروان کە دەڕوا بە جەستە دەڕوا بیر و پڕۆژەکانی بەردەوامیان هەیە ، ئەگەر چی فاوڵ و سەرپێجی بجوکیش هەبێت بەلام دوا جار زیندویەتی گۆڕان لە پڕۆژەکانیدایە و تا ئێستاش بە پێ ی سیاسەتی ڕۆژ و ئامانجەکانی هەڵەی ستراتیژی نەکردوە .


گۆڕان حەوزەی ڕا جیاوازەکانە و جیاوزای بۆچون لە تاکتیک و داڕشتنی کاری جێبەجێکردن سروشتی بوە ، بەڵام لە ستراتیژدا نەگۆر بوە بەردەوامە لەسەری .