نیشتمانی بون یان پاشکۆیەتی..؟؟

24/04/2021

بەختیار شارەزووری

بۆ ڕێبواری کەریم والی .

کێ ساحێب خانوە ، هەمو ئێستایەک بەرهەمی ڕابردو و مێژوە ، ئەوەی ئێستا پێی دەوترێت قەوارەی هەرێم دەستکەوتی گۆڕانکاریە ناوچەییەکان و بەریەککەوتنەکان و گەردەلولی بیابان بو ، بەڵام دەبێت بپرسین کێ بو ، چی هێز بو توانی لە ڕوی سیاسی و سەربازیەوە سود لەو بۆشاییە وەربگرێت و ڕاپەڕین بکات و ئەم خانوەی هەرێم دروست بکات ، ئا لێرەوە نالۆژکیە قەوارەی هەرێم بە خانویەک ناوبێنیت و تاپۆکەی بخەیتە سەر دو حیزب بێ هیچ ئارگۆمێنتێک یان بەڵگەی مێژویی ، بە تایبەت ڕاپەڕین کە دایکی ئەم قەوارەیەیە وە دەکرێ بپرسین کێ بو بە بیرکردنەوەی نیشتمانیانەی میوانداری سەرکردەکانی ئەو کاتەی شاخی کرد ، با بپرسین کێ بو توانی هێزەکان یەکبخات ڕاپەڕین بگەیەنێتە ئەنجام ، با ڕێبوار خۆی بپرسێ کەئەم خانوە دروست بو لە ڕاپەڕیندا سەرکردەکانی تر و سەرکردەکەی ڕێبوار لە کوێ بون .؟؟

گۆڕان پڕۆژەیەکی نیشتمانیە و دەیەوێت لە ڕێچکەی نەوشیروان مستەفاوە کار لەسەر ڕیفۆرمی قەوارەی هەرێم بکات بە پلە بەندی بە سیاسەتێک بە پێی بار و دۆخ و هەل مەرجی ئێستا ، گۆڕان هێزێکە زۆر لە پارتی و یەکێتی گەورەترە چونکە پارتی و یەکێتی بە پێی ڕێککەوتنی ناستراتیژی دابەش بون بۆ دو زۆن و دو پاشکۆ کە ئەم دابەشکاریە ڕەگێکی مێژویی هەیە ، ئەجێندای دەرەکی جێ بە جێ دەکەن و زۆر جار لە دژی یەک لە ئەنقەرە و تارانەوە یاریان پێ دەکەن هەر لە ۳۱ ی ئابەوە تا ۱٦ ی ئۆکتۆبەر و گەمەی ڕیفراندۆم ، ئەوە گۆڕانە نابێتە پاشکۆ و داشی ناو ئەم گەمە ناوچەییانە .

ئێستا کە پارتی و یەکێتی دەستەڵاتی باڵان ئەوە بەرژەوەندیە گرێدراوەکانی ئەنقەرە و تارانن ناهێڵن بکەون و خاوەنی چەک و درۆ و دراون ، ئەگینا ناوخۆی پارتی و یەکێتی لە ژێر پەردەوە سەدان قاتی ناو گۆڕان لەت تر و خراپترە ، بەڵام دوو دەست لە ئەنقەرە و تارانەوە ناهێڵن بکەون ، چونکە هیچ هێزێک وەک ئەوان پاشکۆیەتی ناکەن ، بەڵام گۆڕان ئەم دوو دەستە و هەزاران دەستی کڕدراو لێی دەدەن ، بۆیە تۆش دەتوانی وا بە ئاسانی قسەی لەسەر بکەی ، با ڕێبوارەکان ئەوە بزانن کاک نەوشیروان و ئێستەی گۆڕانیش بیانویستایە و بیەوێ وەک ئەوان پاشکۆیەتی بکات دەیان توانی پارتیش و یەکێتیش سفر بکەنەوە ، بەڵام ئامانجە نیشتمانیەکان و پرنسیپی ئەخلاقی ڕێگە بە گۆڕان نادات ئەوە بکات و قەوارەی هەرێم بخاتە مەترسییەوە .

با ڕێبوارەکان ئەوە بزانن گۆڕان دەیەوێ قەوارەی هەرێم لە بەردەم گۆڕانکاریەکاندا لە ناو نەچێ و وە دەیەوێ ڕیفۆرمی پارتی و یەکێتی بکات و پڕۆژەی نیشتمانی بون بچەسپێنێ هەر بۆیە دەیەوێ لە ناو بازنەی دەستەڵاتدا بە سیاسەتێکی نەرم و نەفەسێکی درێژ مامەڵە لەگەڵ پارتی و یەکێتی و دەستەڵاتەکاندا بکات .

گۆڕان نەک سێجار کۆیلەیە بەڵکو دەبێت پارتی و یەکێتی ممنونی کاک نەوشیروان وهاوڕێکانی بن کە سێ جار فریاد ڕەسی شۆڕشی شاخ و پڕۆژەی نیشتمانی شارەکان بون ( قۆناغێک دوای ئاشبەتاڵ کە شۆڕش دەست پێ دەکاتەوە ، قۆناغێک ڕاپەڕین کە دایکی ئێستای هەرێمە ، قۆناغێک وەک پڕۆژەی ڕیفۆرم و بە نیشتمانی بون ، کە لە ئێستەی قەیرانەکاندا تەنها ڕێگەی گۆڕانە بۆ دەرباز بون ، بە دانپدانانی خۆیان ) ئەوەشی تۆ لەسێبەریدا گرتکی ناو فاسۆلیای دەخۆی لە ڕۆژە سەختەکاندا هیچ نەبون گەر پاشکۆیەتی نەبێ و درۆ و دراویان لێبکەیتەوە هەر هیچ نین.

لە ئێستادا گۆڕان کە لە دەستەڵاتدایە و ڕەخنەی لێدەگیرێ لەبەر ئەوەیە کار لەسەر پارتی و یەکێتی دەکات ، خۆ ئەگەر لەبەر لەناوچونی قەوارەی هەرێم نەبوایە دەیتوانی بە واژۆیەک بەشداری ساختەکردن و پاشکۆیەتی ببوایە و تۆش نەتوانیایە بڵێ یەک کورسی لە مایە ، ئەگەر باسی حکومی بنەماڵەیی و جوت برا و جوت ئامۆزاش بکەن ، ئەوا کوڕانی کاک نەوشیروان دەیانتوانی لە هەرەمی دەستەڵاتدا بن ، نەک بە دۆنم بە هێکتار زەویان هەبوایە و خاوەنی بیرە نەوت و لیوای پاسەوانی بونایە ، هەموشمان دەزانین گردەکە تا ئێستا وەک خۆیەتی یەک بستی نەکراوە بە شوێنی بازرگانی ، ئەوەش دەزانین ڕۆژانی بو کە ئەمڕۆی دروست کرد هەمو باوکی جوت برا و جوت ئامۆزا بە دوای باوکی نما و چیاوە بون. ئەوەشی باسی ناوەند و بەغداد بکات دەبێت سێجار کڕنۆش بەرن بۆ گۆڕەکەی نەوشیروان مستەفا کە کارئەکتەری سەرەکی نوسینەوەی دەستوری عێراق بوە کە تا ئێستاش کورد لە سێبەری ئەودا دەتوانێت شەڕە دەستوریەکان بکات.

ئەوانەشی کە ئێستە وەک کوێر بەرد دەگرنە ماڵەکەی خۆیان هەندێکیان لە ژێر سێبەری سێجار کۆیلایەتی دو حیزبی سێجار کۆیلە ئەو کارانە دەکەن ، بەڵام زۆرێک لەوانەی تۆ بە فیگەر ناویان دێنی ڕەخنەگری جدی گۆڕانن و سروشتی گۆڕان وەک حیزبەکانی تر کارگەیەک نیە بۆ بەرهەمهێنانی کۆیلە و درۆ و دزی نەوت و جگەرە و دوگ ...هتدەکان ، بەڵکو گۆڕان کادری بزێو و پڕ جوڵەی بەرهەمهێناوە .

دەبێ تۆ و مەرجەعەکانتان شانازی بە نەوشیروان مستەفاوە بکەن کە خوێنەوارترین سەرکردیە کە دەبێت دراسەی نوسینەکانی بکەن و هیچ باکگراوندێکی ئاغا و شێخ و پارەی نەبوە بەڵکو خۆی توانیویەتی ببێتە سەرکردەیەکی مێژوی ، جا ئەوە لە ترسی تورکیا و ئێران ناوێرن ئەو ڕاستیە بڵێن ئەگینا خۆیان زۆر باش دەزانن . لە ئێستادا گۆڕان وەک حەلاجێک بە هەزار دەست لێی دەدرێ و بە هەزاران دۆلاری خەڵکی بۆ پەیجەکانیان و نمونەکانی وەک تۆ سەرف دەکرێ تا بدەن لە گۆڕان و گۆڕانیش وەک حەلاج قوربانی پرنسیپە ئەخلاقیەکانی خۆیەتی. گۆڕان هەر وا ئاسان نیە کەسانێک بیکەن هۆیەک بۆ بانگەشە و ماکیاجی ناشیرینیەکانی خۆیانی پێ بکەن ، گۆڕان دەشتێکە لە گەنم و بێ خاوەن نیە هەرکەسێ بێت و زیانی تێدا بکات.