ئایا بزوتنەوەی گۆڕان گوناهبارە ..؟؟

17/02/2021

بەختیار شارەزووری

هەرێمی کوردستان پێش قۆناغی دروستبونی گۆڕان بە دۆخێکی تەواو ئیفلیجدا تێدەپەڕی تا ئەو ئاستەی ڕۆژ بە ڕۆژ هەرێمی کوردستان بە هۆی نەبونی چاودێرێکی چالاک بەسەر کارەکانیەوە ، تەواو دۆخی هەرێمیان خستبوە مەترستیەوە ، لەسەرو هەموشیانەوە ڕێککەوتنی ستراتیژی و دابەشکاری پەنجا بە پەنجا و دابەشبون بەسەر دو بلۆکی وڵاتانی دەرەوە ( تورکیا و ئێران ) .


کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت بە پێ ی بەرنامەکانی و دەستوری ناوخۆ و ئامانجە گشتیەکان ئەولەویەت بۆ کارکردن بو لەسەر دوو تەوەرە ، یەکەمیان کارکردن لەسەر چاکسازی و ریفۆرمی گشتی و کار کردن بۆ دامەزراوەیی و گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی ، دووەم تەوەرەی کارکردن بو لەسەر بە نیشتمانی کردنی دامەزراوە گشتیەکان کۆتای هێنان بە ڕێککەوتنی ستراتیژی و کۆتایی هێنان بە پاشکۆیەتی ئەنقەرە و تاران .


سەرکردەیەک کە لەناو چەقی ڕوداوەکاندا و سەرکردەیەکی ئەکادیمی لەسەر ئاستی مێژویی و جوگرافی و سەربازی و سیاسی و ڕۆژنامەوانی لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی چاکسازیەوە دەیەوێت هەرێم لە قەیرانێکی قوڵ ڕزگار بکات و بیکاتە خاوەن دامەزراوەیی و تا ئاستێک عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەستەبەر بێت و هەرێم لە پاشکۆیەتی بۆ وڵاتانی دەوروبەر ڕزگار بکات ، ئا لێرەوە کاک نەوشیروان و پڕۆژەکەی دژی پارتی و یەکێتی نەبو بە مانای سڕینەوەیان و بەڵکو دەیویست لە ڕێگەی گوشارێکی مەدەنیانەوە پارتی و یەکێتی لە هەرەمی دەستەڵاتدا ناچاربکات بە چاکسازی و بون بە خاوەن دامەزراوەی خۆمان و کۆتای هێنان بە پاشکۆیەتی ، بە مانایەکی تر کاک نەوشیروان و پڕۆژەکەی زۆر لە بزوتنەوەی گۆڕان و باقی حیزبەکانی تریش گەورەتر بو وە زۆر لەوە گەورەتر بو کە یەکێتی و پارتی بیر لەوە بکەنەوە کە بۆ دژایەتی و سڕینەوەی ئەوانە ، چونکە سەرانی پارتی و یەکێتیش ئەوەیان باش دەزانی کە ڕاپەڕین کرا بە هەمو سەرکردەکانیانەوە بە دوای کاک نەوشیروانەوە بون ئەگەر بیویستایە کار لەسەر سفرکردنەوەی ئەمانە بکات بۆی ئاسان بو ، بەڵام کاک نەوشیروان بیری لە قۆناغیکی نوێ و هاتنی دوو نەوەی نوێ دەکردەوە تا خەباتی مەدەنی و دور لە چەک ببێتە کلتور و دامەزراوە سەربازی و ئەمنیەکان نیشتمانی بن و دور بن لە ململانێ و کێبڕکێ ی حیزبەکان هەر بۆیە لە کۆتا قۆناغی ژیانیدا و لە دروستکردنی بزوتنەوەیەکی مەدەنیانە پشتی بە کۆمەڵێک کارت نەبەست کە ئاسان بو کاریان لەسەر بکات ، بۆ نمونە کارتی مێژوی خەبات و کارتی هێزی چەک و هێزی ئابوری بەڵکو تەنها پشتی بە سەرچاوەی مرۆیی و خەڵک دەبەست .


لە قۆناغی کاک نەوشیرواندا ئەم بزوتنەوەیە جۆرێک بو لە دین ، جۆرێک بو لە بانگخوازی بو عەدالەت و خاوەنی خەونی گەوەرە بو وەک بینیمان پاڵپشتی گەورەشی لێ کرا ، دوای کاک نەوشیروان ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر چی لە ئاست خەونی گەورەی گۆڕانکاریدا نەبوە و بە هۆی کۆمەڵێک قەیرانەوە بە ناچاری و لەبەر بەرژەوەندی هەرێم پڕۆسەی ململانێ ی چاکسازی خاو بویەوە وە بێ کاک نەوشیروانی بەم بزوتنەوەیە دیار بو ، بەڵام لە گشتدا ئەم بزوتنەوەیە و کاک نەوشیروانیش کاریان لەسەر چاکسازی کرد لە دامەزراوەکاندا نەک ڕوخاندنی و وە هەرێمیش لەبەردەم قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانەوە ( داعش و بودجەی هەرێم و کۆرۆنا) لەبەردەم قەیرانێکی قوڵدا بو ، دەبو گۆڕان وەک بەرپرسیاریەتی شان بخاتە بەر قەیرانەکان و پرۆسەی چاکسازی خاو ببێتەوە لە پێناو ئامانجە گەورەکەدا کە لە ناونەچونی هەرێمە وەک قەوارەیەکی سیاسی و حکومداری .

بە کورتی لە پێناو مانەوەی هەرێم داوای لە لایەنەکان کرد کە بەرەیەکی نیشتمانی پێک بێت و بۆ ئەمەش داوای لە هەمو لایەنەکان کرد کە هاوپەیمانی دروست بکرێت لە پێناو پرسی چاکسازی تا بڕینی قۆناغێکی مەترسیدار ، ئەگەر پێمان وا بێت گۆڕان گوناهباری یەکەمە دەبێت ئەوە بزانین کە تا ئێستاش گۆڕان پڕۆژەیەکی گشتیە و تەنها بە هۆی غیاب بونی کاک نەوشیروانەوە و دۆخی هەرێم کارەکانی خاو بوەتەوە نەک کۆتایی هاتبێت ، وە دەبینین لە ئێستاشدا بۆ تێپەڕاندنی دۆخی خراپی هەرێم خۆی بە بەرپرسی یەکەمی هەرێم دەزانێ و نەشچوەتە ژێر باری پاشکۆیەتیەوە .


ڕاستە گۆڕان خەونی بەدیهێنانی دنیایەکی باشتری وەک بەدیل خستە سەر سفرەی هاوڵاتی ، بەڵام قەیرانەکان ئەم پرۆسەیەی خاو کردوەتەوە و گۆڕانی ناچار کرد کە مانەوەی هەرێم لە بەردەم قەیرانەکان ئەولەویەتی کارکردنی بێت ، لە ئێستادا بۆ ئەوەی پڕۆژەکانی کاک نەوشیروان و گۆڕان لەبار بچێت هەمو هەوڵەکان دژی ئەم بزوتنەوەیە خراوەتە کار و لەگەڵ ئەمەشدا ناوخۆی بزوتنەوەکە بۆ چەند ئاستێک دابەش بوە ، لە هەمو لایەکەوە بۆ دژایەتی کردنی ئەم بزوتنەوەیە بە دنیایەک سیناریوە کەوتونەتە دژایەتی گۆڕان و بە هەزاران پەیج و تی ڤی و سیناریۆوە دەیانەوێت گوناهەکانی خۆیان بخەنە ئەستۆی گۆڕان ، ئالێرەوە دەبێت لە خۆمان بپرسین ، ئایا گۆران گوناهبارە وەک ئەوەی دەوترێت :


1. گۆڕان نە پاشکۆی ئێرانە نە هی تورکیا ، ئەمەشە وای کردوە کە لە ئەنقەرە و تارانەوە دژایەتی بکرێت .
2. گۆڕان نە خیانەتێکی وەک ٣١ ی ئاب و ١٦ ی ئۆکتۆبەر کردوە نە خیانەت لە مێژویدا هەیە .
3. بە مەرج هاوپەیناێتی لەگەڵ پارتی و یەکێتی و یەکگرتو کۆمەڵ کردوە و مەرجەکانیشی بە پلەی یەکەم چاکسازی گشتی بوە .
4. نە بیرە نەوتی داگیر کردوە نە خاوەنی گرێبەستە نایاساییەکانی نەوتە .
5. نە زەوی داگیرکروە و نە باری قاچاخ ئامدیو دەکات ، بگرە هەوڵی پتەوکردنی حکومەت و کار بۆ ڕێگرتن دەکات لە قاچاخچێتی و باجی ئەمەشی داوە .
6. لە گۆڕاندا ڕەخنە گرتن ئاساییە بەڵام ئەوانەی ڕەخنە و جنێو دەدەن هەمویان سەر بە دوو پارتی دەستەڵاتن کە ناوێرن بۆ حیزبەکانی خۆیان کە سەرچاوەی نەهامەتیەکانن هیچ بنوسن ، هەندێ ڕەخنە نەبێت لە گۆران دەگیرێت کە شایستەی ڕێزگرتنن.
7. ستافی حکومی گۆڕان کارەکانیان سەلـمێنەری ئەو ڕاستیەن کە لە ستافی هەمو پارتەکانی ناو حکومەت دڵسۆزانە تر کار دەکەن ، نەک بچن زەوی داگیربکەن یان باری قاچاخ بهێنن .
8. سەرکردایەتی گۆڕان هیچان لە پشت هیچ کۆماپانیایەکەوە نین وەک ئەوەی سەرانی حیزبەکانی تری ناو دەستەڵات کۆمپانیا نیە شەریکایەتی ئەوانی تیا نەبێت.
9. لەسەر ئاستی ناوەند ( بەغداد) خاوەنی پڕۆژەی خۆیەتی بە ڕاستگۆیانە کاری لەسەر دەکات ، نەک وەک سەرانی پارتەکانی تری ناو حکومەت لە بەغداد هەوڵی پۆست دەدەن و لێرە بەغداد تاوانبار دەکەن .
10. سەرکردایەتی گۆڕان هیچ پارەکەی ڕەشی دزراو لە وڵاتانی دەرەوەی نیە و هەموشمان دەزانین کە کێ پارە دەبات و کێ دزی پارەیە .
11. گۆڕان خاوەنی هیچ پەیج و ئەکاونتێکی ساختە نیە و خاوەنی مۆڕاڵی خۆیەتی و هەموشمان دەزانین پەیج و ئەکاونتە ساختەکان هی کێیەو کێ ی لە پشتە و پارەی چۆن بۆ دابین دەکرێت .
12. گۆڕان دەرگای گفتوگۆی کراوە بوە بۆ هەمو حیزبەکان و ئاماجی خۆی هەیە و لە چوارچێوەی ئامانجەکانیدا کاری لەسەر دروستکردنی هاوپەیمانی کردوە ، نەک وەک پارتەکانی تر کە لەسەرەوە هاوپەیمانن و هەر بە سیناریۆ دژی یەک دەوەستنەوە و بەرژەوەندی تایبەت و ئاراستەی دەرەکی هاوپەیمانێتیان پێ واژۆ دەکات .
13. هەمو ئەم هێرشە ناڕەوانە دەکرێتە سەر گۆڕان و سەرکردەکانی دورە لە مۆڕاڵی هاوپەیمانیەتی ، بەڵام گۆڕان ڕاستگۆیانە پابەند بوە بە هاوپەیمانیەتیەکانیەوە ، کە دەتوانی وەک ئەوان بکات و توانای هەیە بیانکاتە دەواری بەر ڕەشەبا هێندە کارتی بەدەستەوەیە بەڵام لەبەر دۆخی هەرێم و قەیرانەکان بەرپرسیاریەتی مۆڕاڵی ڕێگەی پێ نادا .
14. سەرەڕای ئەوەی گۆڕان باش دەزانێ کە چۆن بۆ شاردنەوەی ناشیرینیەکانی خۆیان هێرش دەکەنە سەر گۆڕان ، بەڵام تا ئێستا نەک هەر کەسی لەسەر ڕەخنەی بەجێ و ڕەخنەی نابەجێش نەداوە بە دادگا بگرە هێندە باوەڕی بە ئازادی هەیە ، وەڵامی نەداونەوتەوە ، بەڵام پارتی و یەکێتی کادرەکانیان لە مەسج شت بنوسن سزایان دەدەن و یان دەیادەنە دادگا و مەحکەمەیەکی حیزبیانەیان دەکەن .
15. گۆڕان نەخاوەنی هێزی ٧٠ یە و نەخاوەنی هێزی ٨٠ یە و نە دژەتیرۆری ئەملا و ئەولای هەیە و نە ئاسایش نە دۆسیەی نهێنی ، بەڵکو پێ ی وایە دەبێت ئەمانە بە نیشتمانی بکرێن ، هەمومان دەزانین کێ ئەمانەی قۆرخ کردوە .


دەتوانین هەزاران خاڵی تر بنوسین لەسەر جیاوازی گۆڕان و ئەوانی تر ، ئیتر ئەم هێرشە ناڕەوایانە لە پای چی ، بۆ گۆڕان گوناهبار دەکەن ، گوناهباری سەرەکی ئەو حیزبانەن کە هەرێمیان بەم ئاقارەوە بەم ڕۆژەوە گەیاند نەک بزوتنەوەی گۆڕان .