جیهان

12:10 - 02/08/2020

ئاگر كەوتنەوەی بەردەوامی ئەمازۆن و مەترسییەكانی بەردەم لەناوچوونی ژیان‌

پەیسەر

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە وێنەییانەی كە لە ڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە بڵاوكراونەتەوە 28%ی ڕێژەی ئاگركەوتنەوە لە دارستانەكانی ئەمازۆن لەچاوی مانگی تەمووزی 2019 زیادی كردووە، ئەوەش ترسێكی گەورەی لای ژینگە پارێزان و پارێزەرانی ئەمازۆن دروستكردووە كە بە تەواوی ئەو دارستانانە لەناوبچن و بەوەش هاوسەنگی ژینگەی سەرزەوی لەدەست بچێت.

بە پێی ڕاپۆرتێكی پەیمانگای گەردوونی بەرازیل 6803 ئاگر لە مانگی تەمووزی 2020 دا تۆمار كراوە كە لەناوچەی ئەمازۆن كەوتوەتەوە، بەڵام لە هەمان مانگی تەمووزی 2019 دا تەنها 5318 ئاگر كەوتنەوە هەبووە، هەروەها رۆژی 30 تەمووز 1007 ئاگر تۆمار كراوە.

ئاگر كەوتنەوە لە دارستانەكانی ئەمازۆن ساڵانەیەو بەهۆكاری جیاواز هەزاران دۆنم دارستان دەسوتێت و ئەوەش پاڵی بە ژینگە پارێزانەوە ناوە كە بەردەوام چاویان لەسەر ئەو ئاگرانە بێت و دەیان خۆپیشاندانیش لەسەرانسەری جیهان ئەنجام دەدرێت بەڵام هێشتا ئاگركەوتنەوە بەردەوامی هەیە، بەشێك لە شارەزایان باس لەوە دەكەن ژمارەیەك كۆمپانیا لەپشتی ئەو ئاگرانەوەن و دەیانەوێت شوێنەكایان بكەنە شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵ یان بۆ كانە جۆراو جۆرەكان بەكاریان بهێنن، ئامانجیان بەكار هێنانەوەی شوێنەكانیانە بۆ مەبەستی خۆیان و بەبێ گوێ دانە بەرژەوەندی گشتی.

بەپێی سەرچاوە بەرازیلیەكان كەوتنەوەی 1000 ئاگر لە یەك رۆژدا لە دارستانەكانی ئەمازۆندا لە 15 ساڵی پێشوودا نەبووە، هەرچەندە ڕاگەیاندنەكانی بەرازیل بەردەوام كار لەسەر پاراستنی دارستانەكان دەكات و سوپاو پۆلیسی تایبەتی داناوە بۆ پاراستنیان، بەڵام كەوتنەوەی ئاگرەكان بەردەوامییان هەیە.

بەپیی سەرچاوە بەرازیلیەكان بڕین و سوتاندنی دارستانەكان ئەمازۆن كارەساتێكی گەورەی مرۆیی لەسەر ئاستی جیهان دەخوڵقێنێت، بەپێی وتەی ژینكە پارێزانیش لەچاو ساڵی 2019 دا ئاگر كەوتنەوەو بڕینەوەی دارەكان دووبەرامبەر زیادیانكردووە. لەماوەی مانگی ئابی 2019 تا ئەمڕۆ 30هەزار و 900 ئاگر كەوتووەتەوە.

دارستانی ئەمازۆن ( Amazon rainforest) گەورەترین دارستانی باراناوییە لە دونیایە کە دەکەوێتە باکووری ئەمریکای باشوور و بەشی زۆرتری لە نێو خاکی بەڕازیل و پیڕۆدایە.

زۆرتر لە نیوەی دارستانەبارانییەکان کە لە دنیادا ماونەتەوە، لە ئەمازۆندا جێی گرتووە. ڕووبەری دارستانەکانی ئەمازۆن  5.5 میلیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەیە کە لە نێوان نۆ وڵاتدا دابەش بووە. ئەم ناوچە دارستانییە کە ڕووباری ئەمازۆنیش بە ناویدا تێ دەپەڕێ، بەشگەلێک لە وڵاتی بڕەزیل (60٪)، پیرۆ (13٪)، کولۆمبیا(9٪)، ڤەنزوێلا (5٪)، بولیڤیا (5٪)، گویانا (3٪)، سورینام (2٪)، ئێکوادۆر (1.5٪) و گویانی فەڕانسە (1.5٪) دەگرێتەوە. دارستانی ئەمازۆن لە ڕیزبەندی نوێی حەوت سوڕمێنەی دنیادا ناودێرکراوە.
زۆرترین ڕووبەری دارستانەکانی ئەمازۆن لە ئاوەڕۆی ڕووباری ئەمازۆن و 1100لقی ھەڵکەوتووە، ئەم ئاوەڕۆیە نێوانی 200 تا 500 میلیۆن ساڵ پێش لە سەردەمی کۆندا دروست بووە. بەڵگەدەسکەوتووەکانی شوێنەوارناسی لە لێکۆڵینەوەی (کاورداپدراپنتادا) دەری دەخا کە مرۆڤ بۆ ئەوەڵین جار 11200ساڵ پێش لە ئەمازۆن نیشتەجێ بووە.

یەک لە پێنجی تەواوی جۆرەباڵندەکانی جیھان لە دارستانەکانی ئەمازۆن دەژین و یەک لە پێنجی ماسییەکانی جیھانیش لە ڕووبارەکانی ئەمازۆندان٫ کە ڕوباری چڕوپری لەناو جەرگەی دارەکانان. بە كەوتنەوەی ئەو ئاگرانە هەموو ئەو شتانە دەكەونە مەترسییەوە.