جیهان

03:10 - 09/08/2020

بۆ یەکەمجار کچێک بەشداری تۆپی پێی پیاوان دەکات‌

پەیسەر

لە یانەیەکی خولی پلە چواری هۆڵەندا ڕێگەدراوە بە کچێکی ١٩ساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووی تۆپی پێی هۆڵەندا لە یانەیەکی پیاواندا بەشدار ببێت.

 فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا بەنیازە وەک تاقیکردنەوەیەک یانەی هاوبەش لە کوڕ و کچ لە خولەکانی خوارەوە پێکبهێنێت و ئەگەر هاتوو ئەم پلانە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەوا بتوانن لە خولەکانی سەرەوەش هەمان کار ئەنجام بدەن.

لە یاساکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا ئاماژە بەوە کراوە کە ژنان تەنها تاوەکو تەمەنی ١٨ دەتوانن لە یانەی پیاوان یاری بکەن و ئەم ڕووداوە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی تۆپی پێی هۆڵەندا ڕوودەدات کە کچێکی ١٩ساڵ ببێتە یاریزانی فەرمی یانەیەکی پیاوانە و هاوشانی ئەوان یاری بکات.

ئێلن فۆکیما، ناوی ئەو یاریزانە ١٩ ساڵەیە و لەبارەی بەشداری کردنی لە یانەیەکی پیاوان دەڵێت: " ئەمە بڕیارێکی زۆرباشە، من لە تەمەنی ٥ ساڵییەوە لەپاڵ ئەم یاریزانانە یاری دەکەم و بەدڵنیاییەوە ئەگەر نەمتوانیایە بەردەوام بم دڵگران دەبووم و ڕووبەڕووی بێتاقەتییەکی زۆری دەکردمەوە. نازانم لە داهاتوودا چی ڕوودەدات بەڵام لە بارودۆخی ئێستا ڕازی و دڵخۆشم و دەمەوێت لەم هەلە زێڕینە ئەوپەڕی سوود وەربگرم. "

بەکاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەبارەت بەوەی کە ئەم ڕووداوە دەبێتە گۆڕانێکی گەورە لە تۆپی پێدا، بۆچوونی ئەرێنی و نەرێنیان هەیە.

هەندێک لەو باوەڕەدان ئەم ئەزموونە شکست دەهێنێت بەبیانووی ئەوەی ئاستی جەستەیی ژنان و پیاوان لەیەک ئاستدا نیە و ژنان ناتوانن ڕکابەری توانای جەستەیی پیاوان بکەن. خەڵکی دەڵێن بەهۆی لاوازبوونی توانای جەستەیی ئافرەتان ئەم ئەزموونە هەرگیز سەرناکەوێت و ئەگەریش سەربکەوێت بەزیانی ئافرەتەکان دەشکێتەوە.

لەبەرانبەر ئەم بۆچوونانەدا، بەشێکی دیکەی خەڵکی ئاماژە بەوە دەکەن تۆپی پێ تەنها توانای جەستەیی نیە بەڵکو بابەتی خێرایی و وردبینی و لێهاتوویی لەخۆدەگرێت. بەشێکی دیکەش لەو باوەڕەدان مافی یەکسانی ژن و پیاو مەرج نیە ئەوە بێت لەپاڵ یەکدا بن و لەمجۆرە کاتانەدا بەزیانی ئافرەتان دەشکێتەوە.