جیهان

02:20 - 23/11/2020

بەهاییەكانی ئێران لە نێوان هێرشی هێزە ئەمنیەكان و ڕاپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكاندا‌

ئایندە شەمیانی

بەهاییەكانی ئێران كەمینەیەكی بەرجەستەی نێو كۆماری ئیسلامی ئێرانن، بەهۆی جیاوازی ئاینیانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوەو تەنانەت شەهیدو خاوەنپێداویستیە تایبەتەكانیشیان وەك ئەوانی دیكە سەیر ناكرێن.

ڕاپۆرتە هەواڵەكان لەناوخۆی ئێرانەوە باس لەوە دەكەن كە دوێنێ یەك شەممە لەچەند شارێكی جیاوازدا هێرش كراوەتە سەر ماڵی چەندین هاوڵاتی بەهائی و جگە لە تێكدانی ماڵەكانیان و دەستگیركردنیان دەستیان بەسەر زۆر لە كەرەستەكانیاندا گرتووە، پێگەی –ارگان- كە لەبواری مافەكانی مرۆڤدا كاردەكات و بڵاوی كردووەتەوە كە هێزە ئەمنیەكانی ئێران هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكان و لە پارێزگاكانی ئێراندا لەیەك كاتدا هەلیانكوتاوەتە سەر ماڵە بەهائیەكانی پارێزگاكانی تاران، ئەلبورز، ئەسفەهان و مازندەران، ئەوەی جێگەی گومانی ئەو پێگە ئەلیكترۆنیەیە، ئەوەیە كە لەیەك كاتدا كراوەو ئەوەش گومانی ئەوە دروست دەكات كە بەبەرنامەیەكی سەرتاسەریی لێكبدرێتەوە، ڕاپۆرتەكەی –ارگان- باس لەوەش دەكات هێزە ئەمنیەكان دەستیان بەسەر پێداویستییە كەسیەكاندا گرتووە، وەك مۆبایل، لابتۆپ، كۆمپیوتەر، ئەو كتێبانەی كە پەیوەندییان بە ئاینی بەهائیەوە هەیەو لەگەڵ خۆیانبردونیان.

بە پێی ڕاپۆرتێكی –هرانا- لەو هەڵمەتەدا لە كۆی هەرچوار پارێزگاكە (30) ماڵ پشكنراون، لەكۆی ئەوماڵانەشدا 50 كەس دەستگیركراون، كە هەموویان بەهائیەكانی ئێرانن.
ئەم كارەی هێزە ئەمنیەكان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوەو لەنێو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكاندا قسەی زۆریان لە بارەوە كراوە، مەهدی مەحمودیان، چالاكوانی سیاسی و ڕیفرۆمخوازە، لە توێتێكدا نوسیویەتی: لە هێرشی سەر ماڵە بەهائیەكان ئەوانەی كە ئێمە دەیان ناسین عەفیف نەعیمی، شەهرام، تاهری سەفاجو، نیكی خانجانی، لەوكەسانەن كە دەستگیركراون.

لە توێتی دوای ئەوەدا هەندێك ناوی دیكەی بە لیستی دەستگیركراوەكان كردووەو نوسیویەتی: هوما اعتمادی،  شاهرخ طائف، ریاض سبحانی، عطاالله اشرفی، داریوش دیانی، بهادر متعارفی، پروین نامدار، فریبرز بهین آیین، احسان مکاری، الهام امیری، ناصر دلیلی، شهلا حکمت شعار، خسروشفیع زاده، بەشێكن لەو كەسانەی كە بەر هێرشەكە كەوتوون و دەستگیر كراون، دەست بەسەر هەموو پێداویستیە كەسیەكانیاندا گیراوە.
هەرچەندە تا ئێستا هێزە ئەمنیەكانی ئێران بەفەرمی دانی بە هێرشەكەدا نەناوەو لەبارەی دەست بەسەردا گرتنی شت و مەكانیاندا هیچ روونكردنەوەیەكیان نەداوە، ئاماژەشیان بە هێرشەكە و پشكنینە وردەكانیان نەكردووە.

بەپێی بەدواداچوونە رۆژنامەوانیەكان هێرشەكان لە كاتێكدا ئەنجام دراون كە ماوەیەك پێش لە ئێستا لە كۆڕبەندی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەنگ لەسەر پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤی ئێران داو بەشێك لە وڵاتانی دونیاش دەنگیان بە نەخێر لەو بارەیەوەداو یەكێك لەو وڵاتانەی كە بە نەخێر دەنگی دا نوێنەری عێراق بوو، دواتر نەتەوە یەكگرتووەكان لیستی ئەو ولاتانەی بڵاوكردەوە كە بە نەخێر دەنگیان داوەو ناوی لێنان لیستی شەرمهێنەر، لەبەر ئەوەی پشتیوانییان لە حكومەتی ئێران كردووە بۆ پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ. لەبەشێكی بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە (فشاری زۆر بۆسەر كەمینە بەهاییەكانی ئێران و چالاكانی ئەو كەمینەیە لە كۆماری ئیسلامی ئێراندا جێگەی نیگەرانیە).

لەو بڕیارە نوێیەی كە لە سەر پێشنیاری كەنەدا خرایە دەنگدانەوەو لە لایەن وڵاتانی بەناوبانگ و گەورەو ئەندامی هەمیشەیی پشتیوانی لێكرا، هەریەك لە بەریتانیا، ئەمەریكا، ئەڵمانیاو فەرەنساوە پشتیوانی كرا،جیسون مك، ڕاوێژكاری ئابووری و كۆمەلایەتی لە نوێنەرایەتی ئەمەریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران ڕایگەیاندووە: سەركوتكردن و چەوساندنەوەی كەمینە ئاینیەكانی ئێران جێگەی نیگەرانی ئێمەیە.

هەروەها گوتویەتی:(دەروێشەكانی گنابادی، بەهائیەكان و مەسیحیەكان) لە ئێران بەهۆی بیروباوەڕەكانیانەوە دەچەوسێنرێنەوەو توندوتیژییان لەبەرامبەر دەكرێت.
بەپێی دەستووری هەمیشەیی كۆماری ئیسلامی ئێران ئاینی بەهائی، بە فەرمی دانی ئێدا نەنراوەو وەك ئاینێكی ئاسمانی مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، باوەڕدارانی ئەو ئایینە لە زۆر خزمەتگوزاری دەوڵەت بێبەش كراون، لەوانەش خوێندنی زانكۆ، خوێندنی باڵا، دامەزراندن لەناو حكومەت، بەڵام لە هەمان كاتدا گیرۆدەی بابەتە ئاینی و مەزهەبیەكان بوون و هەرتاونەتاوێك هەڵدەكوترێتە سەریان و گەورەترین بیانووش بوونی باوەڕێكی جیاوازە لەگەڵ ئاینی فەرمی دەوڵەت.

بۆ زانیاری زیاتر لە بارەی بەهائیەكان و ئەو توندو تیژییانەی بەرامبەریان دەكرێت كلیك لێرە بكە