جیهان

04:51 - 24/10/2022

نه‌وه‌یه‌كی په‌نابه‌ران ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا‌

پەیسەر

ریشی سوناك تەمەن ٤٢ ساڵی بە رەچەڵەك ھند و ئاینی ھندۆسی بە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و سەرۆكی پارتی پارێزگاران ھەڵبژێردرا.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە بنی مۆردونت و سەرۆکوەزیرانی پێشوو بۆریس جۆنسۆن لە کێبڕکێکە کشانەوە.

بەپێی ژماردنێکی کەناڵی بی بی سی، مۆردونت نەیتوانیوە پشتیوانیی پێویست لە ئەندامانی پارتەکەی له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، لە کاتێکدا سوناک توانیویەتی پشتگیری 357 ئەندامی به‌ده‌ستهێناوه‌.

سوناک لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ تا تەمموزی ٢٠٢٢ وەک وەزیری دارایی لە حکومەتی بۆریس جۆنسۆن کاری کردووە.

سۆناک لە ساڵی 1980 لە شاری ساوسهامپتۆن لە بنەماڵەیەکی کۆچبەر لەدایکبووە ، باپیری لە پەنجاب لە باکووری ڕۆژئاوای هیندستانه‌وه‌ کۆچی کردووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا، دواتر لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دایک و باوکی کۆچیان کردووە بۆ ئینگلتەرا.

بەپێی هەواڵێکی بریتانیکا، باوکی پزیشکی گشتی بووە، دایکی دەرمانخانەیه‌كی تایبه‌تی خۆی بەڕێوەدەبردووه‌.

سوناک لە کۆلێژی بەناوبانگی وینچێستەر خوێندوویەتی، پاشان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد خوێندوویەتی و دوای تەواوکردنی خوێندن لەوێ لە ساڵی ٢٠٠١، سوناک بوو بە شرۆڤەکار لە کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس. لە کۆمپانیای بانکی وەبەرهێنان تا ساڵی 2004 کاری کردووە.

ئاکشاتا مورتی، کچی نارایانا مورتی، ملیاردێری هیندی و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای زەبەلاحی تەکنەلۆژیای ئینفوسیس هاوسه‌ریه‌تی.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی سەندەی تایمز، بەهۆی سەرکەوتنه‌كانی لە بواری بازرگانی و پشکەکانی هاوسەرەکەی لە سەدا ٠.٩١ لە کۆمپانیای ئینفوسیس، ئەو دوو هاوسەرە سامانێکی زۆریان پێكه‌وه‌ناوه‌و لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە ٧٣٠ ملیۆن پاوەند (٨٧٧ ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٠ سوناک له‌ناو پارتی پارێزگارانه‌وه‌ دەستی بە کاری سیاسی كرد و لە ساڵی ٢٠١٤ وەک کاندیدی پارتی پارێزگاران بۆ ئەنجومەنی کۆمۆنەکان هەڵبژێردرا، لە ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٩ جارێکی دیکە بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە، سوناک بوو بە لایەنگرێکی سەرسەختی بۆریس جۆنسۆن داده‌نرێت