جیهان

11:55 - 15/02/2019

نوێترین زانیاری لەبارەی سامانی داعش‌‌

پەیسەر پرێس

ئاماژەكان بۆ ئەوەن چارەنووسی ئەو ملیۆنان دۆلارو دەیان تۆن زێڕە لەگوندی "باغۆز" لەرۆژهەڵاتی روباری فورات لەسنووری نێوان عێراق سوریا یەكلادەبێتەوە، كە دوا پێگەی رێكخراوی داعشە لەناوچەكە.

روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەدواین راپۆرتی ئاشكرایكرد، كە داعش 40 تۆن زێڕی لەشەڕەكانی عێراق‌و سوریا دەستكەوتووە، كە ئێستا لەو ناوچەیە حەشاریداوە، كە تائێستا لەسوریا لەژێر كۆنتڕۆڵیدایە.

روانگەی سوری وەك ئەوەی خۆی رایگەیاندووە، لەسەرچاوەی "باوەڕپێكراو"ەوە ئەو زانیارییانەی دەست كەوتووەو ئاشكراشیكردووە، كە بەشێك لەو زێرانە پێشتر لەلایەن چەند سەركردەیەكی داعش براونەتە توركیا.

هاوكات دواین راپۆرتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاشكرایكردووە، سامانی ئێستای رێكخراوی داعش زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلارە، كە بەشێكی ئەو پارەیە لەناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعشەو بەشێكی تریشی لەدەست سەركردەكانی داعشن‌و لەبازرگانیدا بەكاریدەهێنن.

داعش ساڵی 2013و 2014 هێرشی كردە سەر چەند ناوچەیەكی سوریاو عێراق‌و دەستی بەسەر چەندین بانكی هەردوو حكومەتی بەغداو دیمەشق گرت، لەوانەش بانكی موسڵ، كە ئەوە رێكخراوەكەی كردە دەوڵەمەندترین رێكخخراوی جیهانی.

لەئێستادا داعش زۆربەی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە، كە لەعێراق‌و سوریا كۆنتڕۆڵی كردبوو، تەنیا گوندی "باغۆز" نەبێت، كە لەئێستادا لەژێر گەمارۆو هێرشی شەرڤانانی سوپای سوریای دیموكرات‌و یەكینەكانی پاراستنی گەلن.

روانكەی سوری داوای لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش كردووە، كە دەبێت ئەو سامانەی داعش لەدواین مۆڵگەی پارێزراو بێت، چونكە ئەوە سامانی گەلانی سوریاو عێراقەو دەبێت لەدوای كۆتایی داعش بۆیان بگەڕێنرێتەوە.