ڕاپۆرتی جیهانی

06:41 - 04/03/2019

یانیس بەهراكیس فۆتۆگرافەری كۆڕەوە مەزنەكە‌

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

بەڕێوەبەری دەزگای (ڤیزا)بۆ وێنەی رۆژنامەوانی –جان فرانسوا لوری- لەبارەی فۆتۆگرافەری بەرەكانی جەنگەوە تێڕوانینی پڕ لە سەرسوڕمانی خۆی هەیە، كاتێك كچان و كوڕانی گەنجی بینیوە چاونەترسانە دەچنە بەرەكانی جەنگی مووسڵ، بێ ئەوەی پارێزەرێكیان هەبێت، یان تفەنگێكیان پێبێت بۆ بەرگری لە خۆیان، دەڵێت: ئێوە شێتن، ئێوە تێكچوون...


بەرپرسی ئەو دەزگا پەیوەندیدارە بە فۆتۆگرافەران باس لە كێشەو گرفتی وێنەگرەگان دەكات كاتێك رۆژانە بە كرێی ئۆتۆمبێل و خواردن و پێداویستیەكانی دیكەوە بڕی 250  دۆلار خەرج دەكەن، كەچی وێنەكانیان نیو ئەوەندەیان بۆ دەرناهێنێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا ئەگەر وێنەگری نێودەوڵەتی و پرۆفیشناڵ  بن و كار بۆ یەكێك یان چەند دەزگایەكی گەورەی جیهانیش بكەن، خۆ ئەگەر بێیتە سەر وێنەگرە ناوخۆیی و لۆكاڵیەكان، ئەوەندە دۆخیان خراپە نەبێتەوە..


ئەو فۆتۆگرافەرانە نەك هەرشێت نین و باری دەرونییان تێك نەچووە بەڵكو خەمی یەك دنیا مرۆڤی بێدەرەتانیان خستۆتە نێو بیلبیلەی چاوو پەڕی دڵیان و بە چركاندنی وێنەیەك هەزاران وشەی نەگوتراویان بە بێدەنگی گەیاندووەتە چاوو گوێی هەموو جۆرە خەڵكێك..


بە پێی هەندێك لەو سەرچاوە هەواڵیانەی، كە فۆترگرافەری رۆژنامەوان –یانیس بەهراكیس- ی بەڕەگەز یۆنانی كاری بۆ كردوون،  پێش لەوەی بچێتە هەرناوچەیەكی جەنگەوە ئەو پرسیارەی لە خۆی كردووە: ئایا من ئامادەم بۆ مردن؟ ئەمە رۆحیەت و ئامادەكاریەكانی ئەو وێنەگرە بەناوبانگەیە لە چاوی كامێراكەیەوە توانیویەتی دەیان كارەساتی مرۆیی دەست پێنەگەشتوو بگوازێتەوە بۆ سەر رووپەڕی رۆژنامەو میدیا دیجیتاڵیەكانی دونیاو دواتر لە پێشانگایەكدا بیانخاتە ڕوو.

  لەرێگەی چركەی كامێراكەی ئەوەوە میللەتانی دونیا لە مەرگەسات و ناهەمواریەكانی ژیانی ئەوانی تر شارەزا بوون، یانیس خزمەتێكی ئەوەندە گەورەی بە مرۆڤایەتی كردووە دەكرێت تا دەیان ساڵی دیكە بگێررێتەوە.


یانیس بەهراکیس لە ساڵی (1960) لە یۆنان لەدایكبوە، بەڵام وێنەکانی سنورەکانی جیهانی بڕی و گرنگترین روداوەکانی مێژویی بە کامێراکەی تۆمار کردووە و کۆڕەویش یەکێک لەو نەهامەتی و مەینەتییانەی کورد بو کە بەهراکیس تۆماری کردووه. ئەو فۆتۆگرافەرە بۆ تۆمارکردنی روداوە گرنگ و چارەنوسسازەکانی جیهان خۆی گەیاندوەتەوە بەرەکانی جەنگ و شوێنە کارەساتبارەکان و سات و چرکە هەستیارە مێژوییەکانی تۆمار کردوە کە گرنگترینیان بریتین لە (جەنگی ئەفغانستان 1979.

کۆڕەوی کورد لە ساڵی (1991) ئاوارەبونی هەزاران هاوڵاتی کۆسۆڤۆ لە جەنگی چیچان 1988، بومەلەرزەی کشمیر 2005و بەهاری عەرەبی 2010 بەدواوە، ئەو فۆتۆگرافەرە کە زۆربەی کارەکانی  لە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاو بوەتەوە، دوێنێ یەکشەممە ئاژانسەکە کۆچی دوایی ئەو فۆتۆگرافەرەی بە نەخۆشی شێرپەنجە و لە تەمەنی (58) ساڵیدا راگەیاند.


بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەوانی یەكێك لەو وێنەگرانەی كە مەترسی زۆر گەورەی لەسەر بووە و هەمیشە مەرگ لە لە كامێراكانی نزیكتر بووە لێیەوە ، -بەهراكیس- ی وێنەگری ئاژانسی هەوڵی رۆیتەرز بووە. بەپێی راپۆرتی رێكخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور كاری وێنەگرەكان لە هەموو رۆژنامەنوسانی دیكە سەخت ترو مەترسیدارترە، ئەوان بەچاوی خۆیان و كامێراكانیان سەرجەم روداوەكان دەبینن و دەیگوازنەوە بۆ بینەرەكانیان.

هەر بۆیە دەبێت بگوترێت لە پێناوی گرتنی وێنەیەكدا گیانی خۆیان فیدایی دەكەن و خەڵكیش وەك پێویست بە بایەخەوە لەكارەكانیان ناڕوانن.


هەر لە رێگەی چاوی كامێراكانیانەوە توانیویانە كاریگەری لەسەر رای سیاسی و یاسادانان دابنێن، بۆنموونە ئەو كارانەی لەبارەی لێشاوی كۆچكردوانی دەریای ئیجەو دەریای ناوەڕاست ئەنجام دراوە، كە بەهراكیس رۆڵی سەرەكی هەبووە لە بڵاوە پێكردنی ئەو كەیسەدا و كاریگەری زۆری داناوە لەسەر بەدەنگەوە هاتنی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و پێدانی مافی پەنابەرێتی لە رۆژئاوادا. هەر بۆ ئەومەبەستەش لە پایتەختە جۆراوجۆرەكانی ئەوروپادا پێشانگای تایبەتی بۆ ئەو وێنانە كراونەتەوەو كاریگەری جەماوەری و سیاسی و یاسایی هەبوە لەسەر شەقامی ئەوروپی.

لە ساڵی 2017 ش دا لە دۆحەی پایتەختی قەتەر كۆنگرەی تایبەت بە پەنابەران ئەنجام دراو تیایدا بەهراكیس بەشێك لە یاداشت و وێنەكانی خۆی خستە بەردەستی ئامادەبوان و كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر ئامادەبوون دانا، ئەو كاتێك باسی لەنەهامەتی ئەو كەسانە دەكات لەناو شەپۆلی دەریادا كۆتا هەناسەكانی خۆیان دەدەن، ئەوان لەبری ئەوەی نیشتیمانێكیان هەبێت تیایدا بحەسێنەوە، دەبنە خۆراكی ماسیەكانی دەریا، لەبری ئەوەی لەكەناری روبارێكدا مەلەبكەن و كاتێكی خۆش بەسەر بەرن، دەبن بەژێر شەپۆلەكانی دەریاوە، قاچاخچیەكانیش لەپێناوی دەست كەوتێكی زیاتری خۆیان سەركێشی بە گیانی ژن و منداڵانی ساواوە دەكەن.


دوای ئەوەی لە بەهاری 1991 لە باشووری كوردستان راپەڕینی سەرتاسەری روویدا و بووە هۆی ئازاد بوونی زۆرینەی ناوچەكانی باشوور، حكومەتی عێراقی لە كۆتایی هەمان مانگدا هێرشی كردەوە سەرناوچە ئازادكراوەكان، ئەزموونی گەلی كوردیش لەگەڵ ئەو رژێمەدا ئەوەندە تاڵ و پڕلەكارەسات بووەو هێشتا برینی ئەنفال و كیمیایی بارانی هەڵەبجە خوێنی لێدەتكا، هەر بۆیە لە كۆڕەوێكی گەورەی چەند ملیۆنیدا خەڵكی باشووری كوردستان روویان لە ناوچە سنوریەكان كرد.

ئەوانەی كە لە سنورەكانی وڵاتی توركیاوە نزیك بوون چوونە سەر سنورەكان و بەشێكیشیان چوونە باكووری كوردستان، كە زۆرینەی ئەمانە پارێزگای دهۆكی گرتەوە لەگەڵ بەشێكی كەم لە پارێزگای هەولێر، هەرچی پارێزگای سلێمانی و كەركوكیشە روویان لە سنوورەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران كرد و چوونە رۆژهەڵاتی كوردستان، لەو ئان و ساتانەدا كوردانی باكوور و رۆژهەڵات رۆڵی جوامێرانەیان گێڕاو تا توانییان و رێگەیان پێدرابوو خزمەتی ئاوارەكانی باشووری كوردستانیان كرد.

كۆڕەو سەرنجی زۆرینەی میدیاكانی جیهانی بۆ خۆی راكێشا، هەر ئەوەش بووە هۆی دانانی هێڵی دژە فڕینی 36 و 37 لە لایەن هێزە نێو دەوڵەتیەكان و هەر ئەوەش بووە بنەمای دروستكردنی هەرێمی كوردستان و ساڵێك لە دوای كۆڕەویش كوردی باشوور بووە خاوەنی یەكەم پەرلەمانی خۆی بە هەموو تێبینی و سەرنجەكانیشەوە لەسەر ئەو پەرلەمانەو چۆنیەتی هەڵبژاردن و دروستكردنی دۆخی جۆراوجۆری سیاسی لەنێوان دوو حیزبی دەسەڵاتداردا.


هەرچۆنێك بێت، فۆتۆگرافەری یۆنانی – بەهراكیس- جێگە دەستی بەسەر روداوەكانی جیهانەوە دیارە، سەرجەم میللەتە ژێردەستەو كێشەدارەكانی دونیا قەرزای كامێراو گیان بەختكردنی چەندانی وەك ئەم سەربازە ناسراوە نادیارەی جیهانن. بڕوانامەو خەڵاتی رێزلێنان و زانستی بواری فۆتۆگرافی جەنگی نەك لە كارەكانی سارد نەكردەوە بەڵكو گوڕوتینێكی زۆرتری پێداوە.


یانیس بەهراكیس ساڵی 1960 لە یۆنان لەدایك بووە، لە زانكۆی هونەرو تەكنۆلۆژیای ئەسینا بەكالۆریۆسی بە پلەی شەرەف بەدەست هێناوەو بۆ ماوەی یەك ساڵ مۆڵەتی وێنەگرتنی پێدراوە، ساڵی 1987 كاری بۆ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز كردووە و لەبەر پرۆفیشناڵی وێنەكانی دوای كەمتر لە ساڵێك وەك فەرمانبەری هەمیشەیی لەو ئاژانسە وەرگیراوە و كاروباری دەرەكییان پێسپاردووە، یەكەم كاری لە لیبیا وە دەست پێكرد لە ساڵی 1989.

پاشان لە مەراسیمی مردن و ناشتنی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەشداری كردوە لە ساڵی 1989، پاشان جگە لەو شوێنانەی سەرەوە كە باس كراون  كاری لەسەر هەردوو جەنگی كەنداو كردووە، لەم كۆتاییانەشدا چووەتە كۆبانی و دواجاریش لەزۆربەی جەنگەكانی داعش وێنەی گرتووەو تا كێشەی پەنابەرانی گواستوەتەوە لە ساڵی 2015 دا. لە كێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین دا تاكە سەرچاوەی  فۆتۆیی ئاژانسی رۆیتەرزبووە. ئانیس هەر فۆتۆگرافەری بواری جەنگ نەبووە.

بەڵكو بەشداری یاریە ئۆڵۆمپیەكانی جیهان و خولی جیهانی تۆپی پێی كردووە، لە یۆنانیش كاتێك كێشەی دارایی روو لەو وڵاتە دەكات بە كامێراكەی وێنەكان دەگوازێتەوە بۆ رۆیتەرز. چەندین پێشانگای تایبەت و هاوبەشی هەیە، لە ئەسینا، سالۆنیك، لەندەن، ئەدەنبەرەو نیۆرك و رۆماو بەرشەلۆنە و مەدرید و پورتوگال و دوبەی. لەبواری فۆتۆگرافیدا لە ئاستی جیهانیدا دەیان خەڵاتی بەدەست هێناوە.


یانیس بەهراکیس ئەو وێنەگرەی لە رێگەی کامێرا و وێنەکانیەوە نەهامەتییەکانی کۆڕەوی 1991 کوردی بڵاوکردەوە بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە دوێنێ کۆچی دوایی کرد.