جیهان

06:33 - 23/04/2019

دەستگیركردنی ژمارەیەك كۆچبەر كە هەوڵیاندا بەبەلەم نۆكەندی ئنگلیزی تێپەرێنن‌

هێزە دەریایەكانی بەریتانیا 36 كەسیان دەستگیركرد كە هەوڵیاندەدا لەرێگەی بەلەمی بچوكەوە خۆیان بگەیەننە بەریتانیا و لە وڵاتانی تری ئەوروپا بوون، بەرپرسانیش هۆشداری دەدەن كە كۆچبەران مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكەن كاتێك دەیانەوێت لەو نۆكەندە قەرەباڵغەوە كەبەیەكێك لە قەرەباڵغترین رارەوەكانی جیهان دادەنرێت خۆیان بگەیەننە بەریتانیا.

 

كەناڵی دووچە ڤێلەی ئەڵمانی بڵاویكردەوە هێزێكی سەر بە پاسەوانی سنور و هێزەدەریایەكانی بەریتانیا دەستیان بەسەر سێ بەلەمی بچوكدا گرت كە 36 كۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو و هەوڵیان دەدا نۆكەندەكە بەرەو بەریتانیا تێپەرێنن لە ( دەریای مانش ) ی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا.

بەلەمی یەكەم 12 كۆچبەری رەگەزی نێری هەڵگرتبوو و11كۆچبەریان  گوتویانە ئێرانین و یەك كۆچبەریش عێراقی بووە و لەكاتژمێرەكانی سەرەتای سەرلەبەیانی دەستگیركراون و پاشان گوازراونەتەوە بۆ شاری دوڤەر.

لەهەمان رۆژ و دوای ماوەیەك دەسەڵاتدارانی بەریتانیا 15 پیاو و ئافرەت و منداڵی عێراقیان لەسەر بەلەمی دووەم دەستگیركرد و پاشان گوازرانەوە بۆ شاری دونگنس و پاشان گوازراونەتەوە بۆ فەرمانگەی كۆچ.

كۆمەڵەی سێیەم 9 پیاو و ئافرەتی ئێرانی بوون و گوازراونەتەوە بۆ دوڤەر، لەشەش مانگی رابردوودا ژمارەیەكی زۆر پەنابەر لەرێگەی نۆكەندی ئینگلزی خۆیان گەیاندۆتە بەریتانیا.