جیهان

06:03 - 16/05/2019

سوپاى لیبیا میت به‌ پشتیوانى"تیرۆر"ى وڵاته‌كه‌ى تۆمه‌تبار ده‌كات‌

پەیسەر پرێس

وته‌بێژی سوپای نیشتمانی لیبیا، جارێكی تر توركیا به‌پشتیوانیكردنی تیرۆر تۆمه‌تبار ده‌كات و ده‌شڵێت چه‌كه‌كانی ئه‌نكه‌ره‌ ده‌گه‌نه‌ ده‌ستی بۆكۆحه‌رام، و ده‌زگاى هه‌واڵگرى توركیا میت ئه‌و كاره‌ ده‌كات.

لیوا ئه‌حمه‌د مسماری وته‌بێژی سوپای نیشتمانی لیبیا رایگه‌یاند، توركیا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ گواستنه‌وه‌ی تیرۆرستان له‌سوریاوه‌ بۆ لیبیا، ئه‌وه‌ش هاوكات له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی چه‌كی مه‌ترسیدار بۆ ئه‌فریقا له‌رێگه‌ی لیبیاوه‌، چه‌كه‌كانیش ده‌گاته‌ ده‌ستی گروپی "بۆكۆحه‌رامی تیرۆرستی و رێكخراوی تیرۆرستی تری ئه‌فریقا".

مسماری له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رۆژی چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا میت ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ گواستنه‌وه‌ی تیرۆرستان له‌سوریاوه‌ بۆ لیبیا، و له‌ئێستاشدا ئه‌نكه‌ره‌ ئاماده‌كاری كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا چه‌كی مه‌ترسیدار له‌رێگه‌ی به‌نده‌ری میسراته‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ لیبیا.

مسماری راشیگه‌یاند، هاوكارییه‌كانی توركیا ده‌گاته‌ گروپی بۆكو حه‌رام و"رێكخراوه‌ تیرۆرستیه‌كانی تری ئه‌فریقا"، ئه‌و به‌رپرسه‌ لیبییه‌ له‌كۆنگره‌كه‌دا باسی په‌یوه‌ندی و رۆڵی هه‌ریه‌ك له‌ توركیا و قه‌ته‌ری له‌پشتیوانیكردنی تیرۆر و به‌ پشتیوانی ئیخوان موسلمین كرد، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ سوپای لیبیا له‌ساڵی 2014 وه‌ شه‌ڕێكی به‌هێز له‌بری ته‌واوی جیهان ده‌كات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد هێزه‌كانیان به‌رده‌وامن له‌شه‌ر له‌ ده‌ورووبه‌ری شاری ته‌رابلوسی پایته‌خت و رۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه‌، و هێزی ئاسمانیشیان به‌رده‌وامه‌ له‌ لێدان له‌مۆڵگه‌كانی "تیرۆرستان" له‌ناو پایته‌خت و ئه‌نجامه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه‌ نزیك بووه‌ته‌وه‌،"هاوارهاواری تیرۆرستان له‌ راگه‌یه‌ندنه‌كانه‌وه‌ باشترین به‌ڵگه‌یه‌ كه‌ سنوری جوڵه‌یان زۆر به‌رته‌سك بۆته‌وه‌".

وته‌بێژی سوپای نیشتمانی گوتیشی،  فڕۆكه‌كانی سه‌ر به‌ویفاقی نیشتمانی به‌شێوه‌ی هه‌ره‌مه‌كی ماڵی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی  له‌گه‌ره‌كه‌كانی ده‌وروبه‌ری پایته‌خت ده‌كه‌نه‌ ئامانج وه‌ك بۆردومانی ماڵی هاوڵاتیان له‌ عین زاره‌ و ته‌رهونه‌ و ناوچه‌كانی تری باشوری پایته‌خت.

له‌چواری مانگی رابردووه‌وه‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌نێوان سوپای نیشتمانی لیبیا به‌سه‌رۆكایه‌تی موشیر حه‌فته‌ر  و هێزه‌كانی وفاقی نیشتمانی  به‌سه‌رۆكایه‌تی فائز سه‌راج له‌ناوچه‌كانی باشوری شاری ته‌رابلوسی پایته‌خت ده‌ستی پێكردووه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی ئه‌و شه‌ڕه‌ بۆته‌ هۆی كوژرانی زیاتر له‌ 250 كه‌س و برینداربوونی زیاتر له‌هه‌زار كه‌س و ئاواره‌بوونی 60 هه‌زار كه‌س.

موشیر خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر، له‌ 4ی نیسانی رابردوو پرۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چه‌ند شار و شارۆچكه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ری ته‌رابلوس و ناو شاره‌كه‌ ده‌ستپێكرد بۆ ده‌رپه‌راندنی هێزه‌كانی ویفاقی نیشتمانی ، توركیا و قه‌ته‌ر هه‌موو پشتیوانیه‌كی هێزه‌كانی سه‌راج ده‌كه‌ن چونكه‌ به‌له‌ده‌ستدانی پایته‌خت ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی سیاسی له‌لیبیا زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ترسی ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌پرۆسه‌ی سیاسی دووربخرێنه‌وه‌.
س/ سایتی ئه‌حوال