جیهان

05:36 - 14/06/2019

ئەمەریكا "پاسەوانی ئەتۆمی" دەنێرێتە دورگەی كریت‌

پەیسەر

ئەمریكا بەرنامەیەكی چڕو پڕی هەیە بۆ ئەوەی لەكاتی پێویستدا هێرشێكی فراوان بكاتە سەر دامەزراوە ناوەكی‌و سەربازییەكانی ئێران.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەكان، بەم دوایانە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەردەوامە لەو هەوڵانەی ‌و چەكی پێویستی لەناوچەكە كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی هێرشەكانی بۆ سەر ئێران ئەنجامبدات.

هەر بەپێی راپۆرتەكان، ئەمریكا سەرەڕای بڵاوەپێكردنی یەكەكانی كەشتیگەلی پێنجەم بەسەركردایەتی كەشتی فرۆكەهەڵگری "ئەبراهام لینكۆڵن"  لەبەشی باكووری دەریای عەرەب لەنزیك ئێران فرۆكەی تاقیگەیی جۆری WC-135W «Constant Phoenix» ناردووەتە ناوچەكە.

ئەو فڕۆكەیە بە "پاسەوانی ئەتۆمی" ناسراوەو لەبنكەی ئاسمانی "سودا بای" لەدورگەی كریت جێگیركراوە، كە ئەركی فڕۆكەكە چاودێریكردنی چینە بەرزەكانی "ترۆبۆسفیر"ە تا بزانرێت ئەو چینە هەواییە لەڕێگای تاقیكرندەوەی ناوەكییەوە لەلایەن ئێرانە پیس كراوە یان نا.


پێشبینییەكان بۆ ئەوەن دوای ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەمریكاو لەگەڵ  زیادبوونی كێشەكانی نێوان تاران‌و واشنتۆن، بەتایبەتی لەكەنداوی فارسی، ئەمریكا دەست بەهێرشەكانی بۆ سەر ئێران بكات.

ئەمە هەنگاوە لەكاتێكدایە، كە سەرچاوە چاودێرییەكانی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان، باس لەوە دەكەن، پیتاندنی یۆرانیۆم لەئێران رووی لەزیادبوون كردووە، كە ئەوەش واشنتۆنی زیاتر تووڕە كردووە.

لەبەرانبەر هەوڵەكانی ئەمریكا بۆ هێرشی سەر ئێران، تاران بێدەنگی هەڵنەبژاردووەو چەند سەكۆیەكی موشەكی وەك "Hordad-15" و "Bavar-373" ئامادەكردووە، بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەكانی واشنتۆن‌و هاوپەیمانەكانی.


هەروەها ئێران لەماوەی پێنج ساڵی رابردوو سەدان مووشەكی لەجۆرەكانی SD2M و سەییاد ٢ و سەییاد٣ ئامادەكردووە، كە موشەكی مەودا مامناوەندن‌و توانای هێرشكردنە سەر چەند ئامانجێكیان لەناوچەكە هەیە، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی ئەمریكا هێزی لێكۆكردووەتەوە.