جیهان

10:15 - 23/09/2019

كۆنترین كۆمپانیای گەشتیاری لەجیهاندا بەهۆی برێكزێتەوە مایەپووچ بـــوو‌

پەیسەر

كۆنترین كۆمپانیای گەشتیاری لەجیهاندا بەهۆی برێكزێتەوە مایەپوچ بوو. ئەو كۆمپانیایە ٢٢ هەزار كارمەندی هەبوو گروپی كۆمپانیای گەش و گوزاری بەریتانی ناسراو بە ( توماس كوك ) ئەمرۆ دووشەممە لەبەیاننامەیەكدا مایەپووچ بوونی خۆی راگەیاند.

دوای ئەوەی كۆتایی هەفتەی رابردوو شكستی هێنا لەدەستخستنی ئەو بڕەپارەیەی پێویست بوو بۆ مانەوەی كۆمپانیاكە، بەیاننامەكە دەڵێت دەستبەجی دەستدەكەن بە پاكتاوكردنی پشك و قەرزەكانیان. بەیاننامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە هەوڵەكانیان بۆ گەیشتنە رێككەوتنی خاون پشكەكان و چەند كەسێك كە دەیانویست پارە بدەنە كۆمپانیاكە هیچ ئەنجامێكی نەبوو بۆیە هیچ بژاردەیەكیان لەبەردەمدا نەبوو جگە لەوەی دەست بكەن بە پاكتاوكردنی دەستبەجێی پشكەكانیان.

پێویستە كۆمپانیاكە دەستبەجێ پرۆسەی گەراندنەوەی 600 هەزار گەشتیار لەسەرتاسەری جیهان رێك بخات لەوانەش ١٥٠ هەزار گەشتیاریان بەریتانین ئەوەش بەگەورەترین پرۆسەی لەوشێوەیە دادەنرێت لەجەنگی جیهانی دووەمەوە. مایەپووچ بوونی ( توماس كوك ) بە زیانێكی گەورەی كەرتی گەشت و گوزاری ئەوروپی دادەنرێت، لای خۆیەوە دەسەڵاتی فرۆكەوانی شارستانی بەریتانیا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند تەواوی تكتەكانی كۆمپانیای توماس كوك یان هەڵوەشاندۆتەوە لەناویشیاندا گەش و پشووەكان.

ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە كۆمپانیاكە بەدوو هۆكار مایەپووچ بوو هۆكاری یەكەم پەیوەندی بەدروستبوونی كێبركێكارەوە هەبوو لەتۆرەكانی ئینتەرنێت و هۆكاری دووەم نیگەرانی و دوودڵی گەشتیاران دەربارەی برێكزێت. مانگی نیسانی رابردوو پیتەرفانك سەرۆكی گروپی كۆمپانیاكە رەخنەی لەبرێكزێت گرت و رایگەیاند ئەو هەنگاوە بۆتە هۆی ئەوەی زیانی گەورە بە بودجە و داهاتی كۆمپانیاكەیان بگات.

كۆمپانیای توماس كوك ژمارەیەك هۆتێل و كۆمپانیای تری گەشتیاری و كەشتی گەشتیاری و ناوچەی گەشتیاری و فرۆكە بەرێوەدەبات و كەوتە ژێر قەرزێكی گەورە كە بڕەكەی ٢ ملیار و ١٢ ملیۆن دۆلاربوو شكستی هێنا لەگەرانەوەی قەرزەكان بەهۆیەوە مایەپووچ بوو.