جیهان

10:20 - 21/10/2019

نیۆرك تایمز: ئه‌ردۆغان به‌نهێنى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمیی هه‌یه‌‌

پەیسەر پرێس

رۆژنامه‌ى نیۆرك تایمزى ئه‌مریكى، له‌راپۆرتێكدا باسیله‌وه‌كردووه‌، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆمارى توركیا، ده‌یه‌وێت ببێته‌ خاوه‌نى بۆمبى ئه‌تۆم-ى، له‌ سوریاش ته‌ماحى دوورمه‌وداترى هه‌یه‌ له‌وه‌ى ئێستا ده‌ستى داوه‌تێ و خاكى زیاترى ده‌وێت.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌كى نهێنى، به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى وڵاته‌كه‌ى پێش بخات، بۆئه‌مه‌ش به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیرى ناوچه‌كه‌ ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌ردۆغان رووبه‌رێكى فراوانتر خاكى ده‌وێت له‌ سوریا، ده‌یه‌وێت خاكى زیاتر كۆنتڕۆڵ بكات. هاوكات ئاماژه‌ى به‌ مه‌ترسى راسته‌قینه‌ى ئه‌مریكییه‌كان كردووه‌، له‌و بۆمبانه‌ى له‌ بنكه‌ى ئه‌نجه‌رلیكى توركیادا هه‌ن.

نیۆرك تایمز ئاماژه‌ى به‌ گوتارێكى ئه‌ردۆغان كردووه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌ى پارته‌كه‌ى، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ى توركیا هێرش بكاته‌ سه‌ر رۆژئاواى كوردستان، ئه‌ردۆغان له‌و كۆبوونه‌وه‌ گوتى:"هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت، ساروخیان هه‌یه‌ به‌ كڵاوه‌ى ئه‌تۆمى، به‌ڵام رۆژئاوا سووره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى، ئێمه‌ ناتوانین ئه‌وه‌ به‌ده‌ستبهێنین، ئێمه‌ ناتوانین ئه‌م فه‌رمانه‌ قبوڵ بكه‌ین".

هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر رێگاى گه‌شه‌پێدانى به‌رنامه‌ى ئه‌تۆمى و زیاتر پێشخستنییه‌تى، به‌ڵام زۆر كه‌متر له‌وه‌ى ئێران هه‌یه‌تى و كۆیكردووه‌ته‌وه‌، توركیا ئێستا به‌كرده‌وه‌ خاوه‌نى به‌رنامه‌ى دروستكردنى بۆمبى نه‌وه‌وییه‌.

٥٠ بۆمبى ئه‌تۆمى له‌ توركیا

رۆژنامه‌كه‌ هۆشداریداوه‌، له‌ مه‌ترسییه‌كى دیكه‌، كه‌ بوونى٥٠ بۆمبى ئه‌تۆمى ئه‌مه‌ریكیه‌، له‌ كۆگایه‌ك له‌خاكى توركیادا، كه‌ پێشتر ئه‌مریكا هه‌رگیز دانى به‌مه‌دا نه‌ده‌نا، تا رۆژى چوارشه‌ممه‌، دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ته‌واوى دانى پێدانا.

كاتێك پرسیار له‌ دۆناڵد تره‌مپ كرا، كه‌ ئایا ده‌رباره‌ى دڵنیایه‌ له‌ پاراستنى ئه‌و بۆمبانه‌ تره‌مپ گوتى،"ئێمه‌ دڵنیاین، له‌وێ سه‌ربازگه‌یه‌كى ئاسمانى گه‌وره‌مان هه‌یه‌، بنكه‌یه‌كى ئاسمانى ئه‌و په‌ڕى به‌هێزه‌".