جیهان

10:16 - 26/10/2019

توركیا داوای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و گۆڤاره‌ تۆماركرد كه‌ به‌ ئه‌ردۆغانی گوت"بكوژ"‌

پەیسەر پرێس

ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، داوای یاسایی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری خزمه‌تگوزارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی گۆڤاری "لۆ پۆینت"ی فه‌ره‌نسی  تۆماركرد، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی گۆڤاره‌كه‌ له‌ڕاپۆرتێكیدا ده‌رباره‌ی ڕه‌وشی باكور و ڕۆژهه‌ڵاتی سوریاو له‌شكركێشی توركیا، به‌ناونیشانه‌كانی "پاكتاوكردنی نه‌ژادی، میتۆدی ئه‌رۆدغان" هه‌روه‌ها "ڕێگه‌ ده‌درێت ئه‌ردۆغان كورده‌كان بكوژێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌وروپا بكات" ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی توڕه‌بوونی ئه‌نقه‌ره‌.

حكومه‌تی توركیا له‌ڕێگه‌ی حسێن ئایدن له‌داواكاری گشتی ئه‌نقه‌ره‌ داوای یاسایی دژی گۆڤاره‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ تۆماركرد، هاوكات ئایدن له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ سوكایه‌تیكردنێكی ئاشكرایه‌" و پێیوایه‌ ئه‌وه‌ له‌ توركیا "تاوانێكی گه‌وره‌یه‌".

پێده‌چێت كێشه‌ی ئه‌ردۆغان زۆر له‌گۆڤاری لۆ پۆینت گه‌وره‌تر بێت و په‌یوه‌ندیی به‌ كێشه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ پاریس هه‌بێت، چونكه‌ فه‌ره‌نسا جیاواز له‌و وڵاتانه‌ی دژایه‌تی له‌شكركێشی توركیا بۆ سوریا ده‌كه‌ن، ئه‌و هه‌وڵده‌دات كۆده‌نگی بۆ سزادانی ئه‌نقه‌ره‌ كۆبكاته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئیبراهیم كاڵن، وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا و یه‌كێك له‌نزیكترین كه‌سایه‌تییه‌كانی توركیا له‌ ئه‌ردۆغانه‌وه‌ له‌تویتێكدا دوای بابه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری لۆ پۆینت به‌ فه‌ره‌نسای وت "كورده‌كان به‌كرێگیراوی تۆ نین و نابن، ڕۆژانی داگیركاریی كۆتایی هات" ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ داگیركاری فه‌ره‌نسا له‌ جه‌زائیر و لیبیا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی جیهان له‌ڕابردوودا.

"سه‌ره‌تا ته‌ماشای ئاوینه‌ بكه‌، ته‌ماشا بكه‌ بزانه‌ تۆ له‌كوێدایت، هیچ شتێكی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ مێژوودا ڕووینه‌داوه‌" ئه‌وه‌ دواین قسه‌ی ئه‌ردۆغانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی له‌ گۆڤاری لۆ پۆینت له‌سه‌ر بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ تیایدا ده‌یه‌وێت باس له‌ "داگیركاریی" فه‌ره‌نسا له‌ مێژوودا بكات.

توڕه‌یی ئه‌ردۆغان له‌ گۆڤاری لۆ پۆینت نوێ نییه‌ و گۆڤاره‌كه‌ خه‌وی له‌سه‌رۆك كۆماری توركیا زڕاندوه‌، چونكه‌ ساڵی ڕابردووش هه‌مان گۆڤار ئه‌وی به‌ "دیكتاتۆر" وه‌سفكرد و ئه‌و ناونیشانه‌ی له‌سه‌ر به‌رگی گۆڤاره‌كه‌ چاپكرد.

ئه‌مانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا دواین تیری خۆی له‌و كه‌یسه‌ ئاڕاسته‌ی توركیا كرد و باسی له‌هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا كرد له‌شاری ڤالینس و به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی وت "به‌ڕه‌هایی قبوڵكراو نییه‌" وتیشی "ناكرێت باج به‌ ئازادیی ڕۆژنامه‌وانی بدرێت، ئه‌وه‌ دیكتاتۆرییه‌ته‌".