جیهان

12:40 - 07/11/2019

ئەردۆغان بۆچی دەچێت بۆ واشنتن؟‌

پەیسەر پرێس

 دوای ئەوەی چەند سیناتۆرێك لە كۆنگرێسی ئەمریكا ڕایانگەیاند: توركیا لە دوای ئاگربەستەوە پێشێلی یاساو رێككەوتنەكانی كردووە، پێویستە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سزای زیاتری توركیا و رەجەب تەیوب ئەردۆغان بدات.

بەپێی بەڵگەكانی ئەو سیناتۆرانە، سوپای توركیا لە پاش ڕێكەوتن لە سوریا، هێرشیان كردوەتە سەر خەڵكی مەدەنی و هەروەها بەردەوام هێزەكانیان  فشار لە خەڵكی ناوچەكە دەكەن و چەندین كارەساتی خراپیان ئەنجام داوە.

بۆیە داوا لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەكەن بەزوترین كات سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت و لێپرسینەوە لە كارەكانی حكومەتەكەی ئەردۆغان بكات.

لەپاش ئەو داواكاریانەی ئەو سیناتۆرانە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ ئەردۆغان كۆدەبێتەوە و بەوردی تاوتوێی دۆخی سوریا و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان دەكەن.

هەروەها وتیشی پێویستە توركیا ڕەچاوی دۆخی سوریا بكات و ئەو ئاڵۆزیانەی لە نێوان توركیا و كوردا هەیە بڕەوێتەوە و چیدیكە شەر ڕوونەدات.
هەر لەبەر ئەو بابەتەشە دەیەوێت ڕۆژی چوارشەممە لە واشنتن چاوی بە رەجەب تەیوب ئەردۆغان بكەوێت.

پێش ئەوەی ئەرۆدغان سەردانی ئەمریكا بكات داوای لە روسیا كردووە پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادمێر پۆتیندا بۆڕێك بخرێت

تائێستا ڤلادمێر پۆتین هیچ كاتێكی بۆ رەجەب تەیوب ئەردۆغان دیاری نەكردووە بۆ ئەوەی بەتەلەفۆن قسە بكەن، پێدەچێت ئەو داوایەی ئەردۆغان پەیوەندی بە رۆژئاوای كوردستان و هەروەها سەردانەكەی بێت بۆ واشنتن و گفتوگۆكردن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا.