ڕاپۆرتی جیهانی

10:55 - 10/11/2019

نیشتیمانێكی بێ گەل بۆ گەلێكی بێ نیشتیمان، سەرەتاكانی دروستبوونی ئیسرائیل‌

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

ئەمە  دروشم و بیرۆكەی دروستكردنی نیشتیمانێك بوو بۆ جوولەكەكانی جیهان و كۆكردنەوەیان لەسەر ڕووبەرێكی جوگرافی دیاریكراو،، چیرۆكی كڕین و فرۆشتنی زەویەكانی فەلەستین لە نێوان نەزانینی عەرەبەكان و سیاسەتی (عوسمانیەكان) و (بەریتانیا)دا قسەو باسی زۆر لەسەركراوە، ئێمە لە چوارچێوەی ئەم ڕاپۆرتەدا دیوێكی دیكەی ئەو بابەتە دەخەینەڕوو.
بەدەر لەوەی زەویی كەنعانەیەكان، بە پێی گێڕانەوە ئاینییەكان  –هی جوولەكەكانە، كە دەچنەوە سەر حەزرەتی یەعقوب- و دەكەوێـتە سنوورەكانی فەلەستین، یەكەم چركەساتی بەدەستخستنی زەویی فەلەستین دەگەڕێتەوە بۆ سەردانی دەوڵەمەندێكی بەریتانی جوولەكە بەناوی – موسا مۆنتیفیوری-  كاتێك ساڵی1827 لە فەلەستین، كاتێك دەچتیە ناوچەكانی (تەل قازیی و بیئر سەبع) دەبینێت، ئەوكەسانەی خزم و كەسوكاری ئەمن ژمارەیان 500 كەس دەبێت و لە ژیانێكی زۆر خراپ و نەشیاودان، هەژاریی و بێسەروبەریی هەر بەزیندوویی كوشتوونی، ئەوەندە كاریگەر دەبێت پێش لەوەی بگەڕێتەوە بۆ بەریتانیا بەرەو كۆشكەكانی سوڵتانی عوسمانیەكان بەڕێدەكەوێت، بە ئامانجی ئەوەی ڕێگەیەك بۆ نیستەجێبوونیان بدۆزێـتەوە.


داخوازییەكەی مۆنتیفووری ئەوەندە قورس نابێت و پارچەیەك زەویی لە دەوڵەتی عوسمانی دەكڕێت بۆیان تا تیایدا نیشتەجێ ببن، مێژوو نووسان ئەوە بە یەكەم هەنگاوی فرۆشتنی خاكی فەلەستین دێننە ئەژمار كە فرۆشرابێت بە ئیسرائیلیەكان، حەفتا ساڵێك دوای فرۆشتنی یەكەم پارچە زەویی عەرەب كە دەكەوتە نزیك شاری قودس، ساڵی 1869 دەوڵەتی عوسمانی بە فەرمی دانی پێداناو بووە دانان و پیتاندنی یەكەم خانەی ئەو دەوڵەتەی كە ئێستا پێی دەگوترێت ئیسرائیل.
كاتێكیش دەوڵەتی عوسمانی كە پێی دەگوترا -پیاوەنەخۆشەكە – كۆتایی پێهات1918فەلەستین بە فەرمی كەوتە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەكان، ئیتر فەلەستین لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیەكان گوازرایەوە بۆ ئینگلیزەكان، وەنەبێت بەریتانیا هەر لەو ساڵەدا كێشەی نیشتجێبوونی جووەكانی كەوتبێتە بەرنامەوە كە خۆی بووەتە میراتگرەوەی، بەڵكو لە 2/2/1917 دا (ئارسەر جەیمس بەلفۆر) نامەیەكی ناردووە بۆ دەوڵەمەندی بەناوبانگی یەهودی –والتەر دی رۆتچێڵد- كە بنەماڵەیەكی زۆر دەوڵەمەندی دیار بوون، داوای لێكردووە پشتیوانی حكومەتی بەریتانیا بكات بۆ دروستكردنی حكومەتێكی یەهوودی لەسەر خاكی فەلەستین، تیایدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بەریتانیا خوازیاری دروستكردنی دەوڵەتێكی نەتەوەییە بۆ جوولەكەكان و هیوادارە كە ئێوە پشتیوان وكار ئاسانی بۆ بكەن.
تا 2018 ژمارەی جووەكانی فەلەستین تەنها 50 هەزار كەس بوون، كە دەیكردە كۆی 7.2% سەرجەم دانیشتوانی فەلەستین و تەنها   2.4% ی زەوی  فەلەستینیان بەدەستەوە بوو،  زۆرینەی زەوی فەلەستین  پێكهاتبوو لە دەشت، بیابان، تەپۆڵكەی ڕووتەن، باخی زەیتوون، ڕەزەدێم و بەدەست جوتیارە هەژارەكانی فەلەستینەوە بوون، زۆرینەی ئەو كشتوكاڵانەش لە نزیكی گوندو شوێنی نیشتەجێبوونیان بونیات نرابوون، بەتێپەڕبوونی كات زۆرینەی ئەو دارو باخانەش ڕووبەڕووی لەناوچون بوونەتەوە.


سیستەمی دابەشكردنی زەوییەكانی فەلەستین لە 1867 ەوە تاكاتی ئینتدابی 1918 ی بەریتانیا 70% ی لەڕێگەی قورعەوە كراوە لەناو جوتیارو دانیشتوانەكانی سنوورەكەدا، زەوی و باخ و شوێنەكانی دیكە بە شێوەی میرات و پشتاوپشت بۆیان دەمایەوە، سەرجەم ئەو وڵاتانەی لەژێردەستی سوڵتانی عوسمانیدا بوون كاریان بە سیستەمی تاپۆی عوسمانی دەكرد كە بە فەرمی كرابوو بەناویانەوەو مافی خاوەندارێتییان پێدرابوو. بەڵام ئەوانەی كە زەوییەكانیان بەكار دەهێنا بەڕێژەی دیاریكراو پشكێكیان دەدا بە خاوەن زەوییەكان، پاشان حكومەت باجی لەو خاوەن زەوییانە وەردەگرت، هەرچەندە زۆرجار بەڵگەیەكی نوسراو لەبەردەستدا نەبووە بۆ خاوەندارێـتی ئەو زەوییانە، بەڵام بێدەنگی خەڵك لە كەسێك زەوییەكی بەدەستەوە بووە، یان بەهی ئەویان زانیوە، ئیتر وەك خاوەن زەوی و مالیك ڕەفتاریان لەگەڵ كردووە. ئیتر ئەو خاوەن زەوییانە ئازادییان هەبووە، بیفرۆشن یان هەرجۆرە ڕەفتارێكی پێوەبكەن، دوای ئەو قۆناغە سیستەمی (تاپۆ)یان داهێنا، لەوێوە باج گوازرایەوە یۆ سەر جوتیارەكانیش، باجەكان ئەوەندە زۆربوون داهاتەكەشیان ئەوەندە نەبوو ببوە هۆی لەبەرچاوكەوتنی زەوییەكانیان، ڕێژەی باجەكان ئەوەندە زۆربوون كە هەموو كەس پێی نەدەدرا.
دواتر فەرمانگەی تاپۆ مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكرد كە بەڵگەنامەی پێدانی باجیان هەبوو، پاشان هەر لە ڕێگەی ئەو بەڵگەنامانەوە بانگهێشتی سەربازیی كردنیان بۆ دەردەچوو، ئەمانە بوونە حاڵەتێكی خراپ بۆ جوتیارەكان، چوون هەبوونی بەڵگە مانای ئامادەبوون بوو بۆ سەربازیكردن بوو لەكاتی جەنگ و پێویستیدا، نەبوونیشی بەمانای لەدەستدانی زەوییەكانیان بوو.


پاشان ڕۆڵی دادگاكانی دەوڵەتی عوسمانی هاتە پێشەوەو هەركەس بەڵگەی (باج)دانیی زەوییەكانی نەبوایە نەیدەتوانی خۆی بە خاوەنیان بكات، هەربۆیە هەموو ئەو هۆكارانە بوونە هۆی ئەوەی زەوی فەلەستین بارێكی قورس بێت بەسەر خاوەنەكانیانەوە.
ئەو هۆكارانەی باسكران بوونە هۆی ئەوەی كە خاوەن زەوییەكان بەتاك و كۆ دەستیان لێهەڵبگرن و نەچنە ژێر باری تاپۆی گران و توانا پڕوكێنی عوسمانی بۆ ئەو زەوییانەی كە بەشی بژێویی رۆژانەی خۆیانی نەدەكرد، پاشان ئەوەش بووە ڕێگەخۆشكردن بۆ هەندێك لە سەرمایەدارە گەورەكان كە بتوانن ببنە خاوەن زەوی فراوان و لە جوتیارەكانی بكڕنەوە. لێرەوە دیمۆگرافیاو سنووری گوندەكان و خاوەندارێتی زەوییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هات و لە لایەكی دیكەشەوە پابەندبوون و خۆشەویستی خاك بەرەو لاوازیی رۆشت.
ئیتر دەرگا لەبەردەم سەرمایەدارە جۆراوجۆرەكاندا كرانەوە كە بریتی بوون لە :
سەرمایەداریی ناوخۆیی و فەلەستینی، سەرمایەداریی عەرەبی كە خەڵكی وڵاتانی دراوسێ و چواردەوربوون، بەتایبەتی لە سوریا و لوبنان، لەگەڵ سەرمایەداریی بیانی كە پێكهابوون لەو جوولەكانەی كە لەدەرەوە دەهاتن زەوییەكانیان دەكڕییەوە، بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان جوڵەی كڕینی زەوییەكان لە لایەن گروپی سێیەمەوە لەدوو گرووپەكەی دیكە زیاتر و لەبەرچاوتر بوو.


بە پێی سەرچاوە مێژووییەكان سەرمایەدارە ناوخۆییەكان كاتێك زەوییەكانیان دەكڕییەوە یان خۆیان بەكاریان دەهێنا یان ئەوانیش بەپارەیەكی زیاتر دەیانفرۆشتنەوە، ژمارەی ئەمانەزۆر نەبوون و بەشێكیشیان لە سنوورێكی دیاریكراودا بوون و توانای كڕینی بێ سنووریان نەبوو، بەشێكیشیان دەدرانەوە بە جوتیارەكان بە كرێیەكی دیاریكراو و ئەوەی كە لەكۆڵیان دەبوویەوە بوونی ئەو هەموو باجە زۆرەبوو كە بە پێی یاسای عوسمانیەكان لەسەریان سەپێنرابوو.
دوای ئەوانیش بنەماڵە ناودارەكانی سوریا و لوبنان كەوتنە كڕینی زەویی فەلەستینەكان و بەشێك لەوانەش ئەوروپی بوون لە بنەڕەتدا و مەسیحی ئەرسەزۆكس بوون بەتایبەتی بنەماڵەی (ئەمیل گوریی)بوون كە دواتر 400 هەزار دۆنم لە زەوییەكانی خۆیان بە یەهودییەكان فرۆشتەوە. نەك هەر ئەوانە بەڵكو لە میسرو كوەیت و تەنانەت ئێرانیشەوە دەوڵەمەندەكان ڕوویان كردبوو فەلەستین و زەوییان لە جوتیارەكان دەكڕیی و دواتر بەچەند بەرامبەر بە جووەكانیان دەفرۆشتەوە.
پاشان عوسمانیەكان یاسایەكی تریان دەركرد كە بریتی بوو لەو زەوییانەی بە (بەیار)ی و نەكێڵراوی دەمانەوە، یان خاوەنیكی دیاریكراویان نەبووبێت بەنرخێكی كەمتر لە خاوەندارەكان پێی دەفرۆشتنەوە، یان بە زیادكردنی ئاشكرادەفرۆشران ، ئەوەش ببوە هۆی ئەوەی كێ پارەی زیاتری پێبوایە دەبووە خاوەنی زەوی زۆرتر.
یاسای (خاوەندارێتی بیانیەكان) ڕێگەیەكی یاسایی بوو بۆ ئەوەی دەوڵەمەندەكانی جوولەكە سوود لە كڕینی زۆرترین پارچە زەوی فەلەستین، (مۆنیفۆری) بەریتانی و (بارون) و (ئیدۆمند)ی فەرەنسی بوون بە خاوەنی زۆرترین زەوییەكانی فەلەستین، ئەمانە سەرەتای دروستبوونی فرۆشتنی زەوییەكانی فەڵەستین بوون، لە سایەی سیاسەتی دەوڵەتی عوسمانیدا، گەشتە ئەو ڕادەی گوندی –یازور- لە یافا بە ڕێژەی 99% ببێت بەموڵكی یەهودییە دەوڵەمەندەكان.


لێرەوە بیرۆكەی ئۆردوگای جولەكەنشین دەستی پێكردو ژمارەیەكیان دەستیان كرد بە دروستكردنی.
رۆڵی بەریتانیا لە دوای ئینتیدابەكەیەوە دەردەكەوێت 1918 كە وەكو دەوڵەت راستەوخۆ دەسەڵاتەكانی خۆی خستۆتە كار بۆ دروستكردنی ئۆردوگاكان و بونیاتنانی دەوڵەتێكی نوێ بۆ جوولەكەكانی جیهان و كۆكردنەوەیان لەژێر چەتری دەوڵەتێكی ئاینی دا.
بۆ ئەو مەبەستە هەستان بەكاركردن لە سەر دوو بنەما.
1-دروستكردنی پۆستەو گەیاندن و ڕێگەوبان.
2-دروستكردنی سیستەمێكی دارایی كە گواستنەوەی پارەو مامەڵە داراییەكان ئاسان بكات.
بەریتانیا لە لە 1921-1937  بڕی 1650000 جونەیهی خەرجكرد بۆ دروستكردنی ڕێگەوبانەكانی ئەو ناوچانەی كە زەوییان لێكڕیبوون، پاشان كاری زۆری لە بواری سەرچاوەكانی ئاوو پۆستەو گەیاندندا سەرفكرد، ئەمە لە كاتێكدا كەناوخۆی فەلەستین زۆر خراپ بوو، پاشان سیاسەتی بەریتانی بەشێویەكی لێهات هەرپرۆژەیەك نەچووایەتە خزمەتی پرۆژەكانی نیشتەجێكردنەوە بایەخیان پێنەدەدا، دواجاریش بودجەی بەڕێوەبردنی فەلەستین وەك وڵاتێكی ژێردەستە،لە بەریتانیاوە دیاری دەركرا، هەرچی شتێك ڕەزامەندی مەندووبی بەریتانی لەسەر نەبوایە جێبەجێ نەدەكرا.

كۆمەڵە یاسایەكی نوێ هاتنە پێشەوە بەم شێوەیە:
1-ساڵی 1935 بەریتانیا سیستەمی باجی عوسمانیەكانی هەڵوەشاندەوە كە تائەو كاتیش كاری پێدكرا، كە بریتی بوو لە باجی(12.5%) و كەمكرایەوە بۆ (10%) لەگەڵ باجی گوندەكان كە بڕی 6.24% ی لە زەوی میریی و 16.1 لە زەویی موڵكی سەرف لە خاونووش 14.1 وەردەگرت. و یاسایەكی نوێی بۆ شارو گوندەكان دەركرد، كە لەچاو یاسای عوسمانیەكانیش خراپتر بوو.
2-دەركردنی یاسای (بەرژەوەندی گشتی)، بە پێی ئەو یاسایە زۆرینەی زەوییەكانی فەلەستین لە خاوەنەكانیان سەندرانەوەو بەناوی جولەكەكانەوە تاپۆكران. ئیتر بە خواستی خاوەنەكانیان بووبێت یان دەوڵەت بەزۆر سەندبێیتەوە.
3-ڕێگرییان كرد لە هەر فەلەستینییەك كە نیشتەجێی دەرەوەی فەلەستین بێت و بیەوێت لەناو فەلەستین زەوی بكڕێتەوە. یان هیچ پارچە زەوییەكی بەناوەوە بێت.
4-هەرپارچە زەوییەك كە خاوەن زەوییەك بمرێـت و وەرەسەی نەبێت یان بۆ ماوەی سێ ساڵ لەبەر هەرهۆكارێك بەكار نەهێنرێت ئەوا دەوڵەت دەیگێڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
5-هیچ كەس مافی ئەوەی نیە كڕین و فرۆشی زەوی بكات بە بێ ڕەزامەندی دەوڵەت.


بەپێی توێژینەوەكان ساڵی 1940 ڕێژەی 40%ی زەوییەكانی فەلەستین بوون بە زەوی جولەكەكان. لە ساڵی 1943 دا ئەو زەوییانەی بەدەست جولەكەكانەوە بوو 125088 دۆنم بوو لەكاتێكدا 1222 دۆنم بەدەست عەرەبەكانەوە بوو. هێندەی نەبرد كۆچی بە لێشاووی جولەكەكان بەرەو فەلەستین بەڕێكەوتن و  لەناكاو ڕێژەی جولەكە بوونە سێ یەكی دانیشتوانی فەلەستین، پاشان نەتەوە یەكگرتوەكان بڕیاریدا فەلەستین بكاتە سێ بەش لە نێوان جولەكەو عەرەبدا و بەشی سێیەمیش بۆ ئینتیدابی بەریتانی و بەو پێیەش 54.6% ی زەوی و خاكی فەلەستین. كەلێنێكی دیكە بۆ لەدەستدانی خاكی فەلەستین هاتە پێشەوە (یاسای ئامادەنەبوونی خاوەندارێتی)بوو، بە پێی ئەو یاسایە هەركەس بەهەر هۆیەك ئامادەنەبێت بۆ سەلماندنی خاوەندارێتی زەوییەكەی ئەوا دەوڵەتی بەریتانی مافی ئەوەی هەیە دەستی بەسەردا بگرێت یان بیدات بە هەركەسێك، بە پێی ئەم یاسایە زۆرینە ئەو زەوییانەی كەی پێی دەگوترا (وەقفی ئیسلامی) هەموویان بوونە موڵكی دەوڵەتی بەریتانی و ئەویش ڕادەستی جولەكەدەوڵەمەندەكانی كرد.