جیهان

02:44 - 17/12/2019

پەڕینەوەی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ ئەوروپا دوو هێندە زیادیکردووە‌

پەیسەر

بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنی یەکێتی ئەوروپا، ئەمساڵ 70 هەزار کۆچبەر لە تورکیاوە خۆیان گەیاندووەتە وڵاتان ئەوروپا، ئامارەکە گومان دەخاتەسەر ڕێککەوتنی 2016ی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا بۆ سنوردارکردنی کۆچکردن.

بەپێی ڕاپۆرتە نهێنییەکەى یەکێتی ئەوروپا کە لەلایەن میدیاکانی ئەڵمانیاوە بڵاوکراوەتەوە، لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی 2019، ژمارەى ئەو کۆچبەرانەى ئەمساڵ لە تورکیاوە چوونەتە ئەوروپا دوو هێندە زیادکردووە کە 70 هەزارە و بەراورد بە ساڵی ڕابردووش، 46% زیادی کردووە.

نزیکەى 68 هەزار لەو کۆچبەرانە لەڕێگەى دەریای ئیجەوە دەربازی یۆنان بوون و لە کەمپە قەرەباڵغەکاندا دەژین، دوو هەزارەکەى تریش گەیشتوونەتە بولگاریا و ئیتاڵیا و قوبروس.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، زۆرترین ئەو کۆچبەرانە خەڵکی ئەفغانستانن کە ڕێژەى 30% پێکدەهێنن، بەدوای ئەودا سوریایە کە 14%یە، دواتریش پاکستان بەڕێژەى 9.5%، عێراقییەکانیش ڕێژەى 8% پێکدەهێنن و دواتر خەڵکی تورکیا بەڕێژەى 5% واتە سێ هەزار و 500 کۆچبەری عێراقی.