جیهان

10:41 - 31/01/2020

ئەنقەرە بنكەی سەربازی لە لیبیا دەكاتەوە‌

كەناڵی ئه‌لعەرەبیە بڵاویكردەوە، توركیا دەستیكردووە بەگفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ویفاق بۆ دروستكردنی بنكەی سەربازی لە شاری تەرابلوسی پایتەختی لیبیا.

 
كەناڵەكە گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردووه‌تەوە و تێیدا ئۆتۆمبێلی سەربازی دەردەكەون، دەڵێت ئەوە پرۆسەی گواستنەوەی چەك و راداری توركیە بۆ بنكە سەربازیەكە.

كەناڵەكە ئاشكرایكردووە ئەو بنكە سەربازیە بەرپرسیار دەبێت لە پرۆسە سەربازیەكان لە لیبیا و هێزی تایبەتی توركیا و هێزی دەریایی و شوێنی نیشتنەوەی فرۆكە و ژووری پەیوەندی راستەوخۆ بە حكومەتی ویفاقی تێدادەبێت.

هەروەها حكومەتی ویفاق كە ئێستا تەرابلوسی كۆنترۆڵ كردووە دەستیكردووە بە گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی توركیا بۆ كڕینی فرۆكەی سەربازی و فرۆكەی سیخوڕی.
پێشتریش فەرەنسا توركیای بەوە تۆمەتباركرد كە كەشتیەك چەكی بۆ تەرابلوس رەوانە كردووە.

ئێستا لە لیبیا دوو دەسەڵات هەن، یەكێكیان لە تەرابلوس بە سەرۆكایەتی فایز سەراج كە لەلایەن گروپە ئیسلامیە توندڕەوەكان و توركیاوە پشتیوانی دەكرێت، هەروەها هێزەكانی خەلیفە حەفتەر كە پایتەختەكەی شاری بنغازیە و لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوا و ڕووسیاوه‌ پشتیوانی دەكرێت.