ڕاپۆرتی جیهانی

01:16 - 17/03/2020

نهێنی دەركەوتنی نیشانەی كۆرۆنا لە چوار رۆژو كەرەنتینەی چواردەرۆژیی چییە؟‌

ئه‌رسه‌لان تۆفیق

لایەنە تەندروستیەكان دەلێن لەماوەی چوار رۆژدا نیشانەكانی كۆرۆنا دەردەكەون و دەبێت كەسی تووشبوو بۆ ماوەی چواردەڕۆژ كەرەنتینە بكرێت، ئایا ئەو ژمارانە چ پەیوەندییەكیان بە بیروباوەڕی چینیەكانەوە هەیە، ژمارە چوار و چواردە لە باوەڕی چینیەكاندا بەمانای چی دێت و ئەوان لێكدانەوەیان بۆ ژمارەكان چییە؟ ئاخۆ ئەو ژمارانە زانستین یان درێژكراوەی كەلتوورە چینیەكەیە؟

فیساگۆرسی فەریلەسوفی یۆنانی  دەیگوت ژمارە بیروباوەڕی جیهانە، بەشێكی زۆر لە فەلەكی و گەردوون ناسەكانیش باوەڕیان وایە لەسەر بنەمای ژمارە زۆر لە كاروبارەكانی ژیان ڕێكخراوە، لە هەمان كاتدا خۆرافەو شتی پڕوپووچ و بێ بنەماشی تێكەڵ بووە، وەك شارەزایان باسی دەكەن كاریگەریی ژمارە لەسەر ئێستا و داهاتووی مرۆڤەكان لای زۆر لە گەل و میللەتانی دونیا بنەماو بایەخی خۆی هەیە، هەرچەندە مرۆڤ گۆڕانكاریی زۆری بەسەردا هاتووە بەڵام هێشتا كاریگەرییەكانی ژمارە بۆ گرتنەوەی بەخت و پێشبینی خۆشی وناخۆشییەكان لای ژمارەیەكی ئێجگار زۆر لە مرۆڤەكان بەهای خۆی لەدەست نەداوە یەكێك لەو میللەتە بەرفراوانە چینیەكانن.


چینیەكان ژمارە (6 و 8) بەژمارەی باش و خۆشی هێنەر وێنادەكەن و ژمارەی (4)یش بە ژمارەی شەڕو بەدبەبەختی، بەو پێیەش زۆرێك لە بۆنە كۆمەڵایەتیەكانیان و تەنانەت سەفەر و كردنەوەی خانوو دوكان و هاوسەرگیریشی لەسەر بونیات دەنێن.چینیەكان باوەڕیان وابوو بۆیە لە یارییە ئۆڵۆمپیەكانی 2008 دا چین زۆرترین مەدالیای زێڕی بەدەستهێنان لەبەر ئەوە بوو ژمارە (8)ەكان كەوتبوونە یەك و بەرەكەتی ئەوەبوو لە رۆژی (8/8/2008)و لە (8.8.8) واتە كاتژمێر هەشت و هەشت خولەك و هەشت چركە دەستیان پێكردووە، بەڵگەیان ئەوەیە ژمارە 8 لە نۆتەی مۆسیقادا دەنگێكی خۆشی هەیەو لە هەر شتێكدا بێتە پێشەوە بۆ مرۆڤ خۆشبەختی لەگەڵ خۆی دەهێنێت، لای چینیەكان ژمارە (8 و 6) لە ژمارەی تەلەفۆن، خانوو، ئۆتۆمبێل، دوكان و تەنانەت ئەو گەشتانەی كەلەڕێگەی فڕۆكەو ئۆتۆمبێلەوە ئەنجامی دەدەن هەببێت ئەوا ئەو كەسە دەبێتە خاوەنی بەختێكی باش و خێروبەرەكەت دێتە پێشەوە بۆیان.

ئەوان كاتێك دوكان، یان ماڵ دەكەنەوە ژمارەیەك كەسی دیاریكراو بانگ دەكەن بەمەرجێك ژمارەكە جووت بێت، چوون باوەڕیان وایە ژمارە جووتەكانی جگە لە (4) هەموویان خێرن و خۆشبەختی هێنەرو سەر بەڕزقن، بەڵام ژمارە (4) بەمانای مردن دێت، هەربۆیە زۆرینەی چینیەكان ژمارە (4)یان خۆش ناوێت و بە ژمارەی نەحس و نەگبەتی ناوی دێنن، ئەوان پێیان وایە ژمارە (4)لە نوسین و ناوەكەیدا واتای مردنەو  ژمارە (14)ەش بەمانای (مردنت بە ئاوات بۆ دەخوازم)دێت، هەربۆیە خۆیانی لێ دووردەخەنەوە. ژمارە (4) نەك هەرلای چینیەكان ، بەڵك لای كۆری و ڤێتنامی و یابانیەكانیش بەمانای (مردن)دێت هەربۆیە زۆریان بە شێوەی دیكەی دەینوسن، لەنێو سەرخەر (مەسعەدە)كانی ئەو وڵاتانەدا ژمارە (4) نابینرێت، لە چین بە (A3) و لە یابان و كۆریا و ڤێتنامیش بە (  G3 /G5) دەنوسرێن، لە هۆنگ كۆنگیش هەر ژمارەیەك (4)ی تێدابێت بە ژمارەیەكی نەگبەت و شووم دادەنرێت لە نموونەی (4، 14، 24 ، 34.....) هەبۆیە یەكێك ئاپارتمانی  50 نهۆمی لە هۆنگ كۆنگ لە راستیدا تەنها 36 نهۆمە. لەبەر ئەوەی ئەو ژمارانەیان پەڕاندووە كە (4)ی تێدایە.


ژمارە (666) لەسەر زۆرێك لە خانوو دوكان و مۆڵەكانیان دەبینرێت، تەنانەت دەوڵەمەندێكی چینی ژمارە(6666)ی كڕیوە بۆ ئۆتۆمبێلەكەی بە (34)هەزار دۆلاری ئەمەریكی، لە هەمان كاتدا ژمارە 88888  فرۆشراوە بە 1714 ملیۆنێك و حەوت سەدو چواردە هەزار دۆلاری ئەمەریكی، ژمارە تەلەفۆنی (8888) فرۆشراوە بە 271 هەزار دۆلاری ئەمەریكی لەبەر ئەوەی لە نۆتەی مۆسیقیدا ئاوازی (هیوای خۆش بەختیت بۆ دەخوازم)ی تێدایە.


وەنەبێت كەلتووری ژمارە تەنها لەنێو هاوڵاتیانی دانیشتووی ئەو وڵاتانەدا هەبێت، بەڵكو ئەوانەشیان كە بە هەر هۆكارێك دانیشتووی وڵاتە پێشكەوتوەكانی رۆژئاواشن، هێشتا لەسەر ئەو كەلتوورەیان بەردەوامن و بایەخیان پێدەدەن. چوون چینەیەكان فۆبیا و تۆقین یان هەیە لە ژمارە (4) گوتنی ئەو ژمارەیە بە چینی (سی)یە و ئەوەش بەمانای مردن. بۆیە كاتێك ژمارە (4)بنوسن بەم شێوەیە دینووسن (3A، 13A، 23A.) بە پێی كەلتووری چینیەكان ژمارە (14) واتە بە مسۆگەریی دەمریت و (24)یش واتە باشترە بمریت. ژمارە (49)ش واتە بە ئێش و ئازارەوە بمریت.
ماوەتەوە بگوترێت ، ژمارەی (4) كە مانای مردنەو ژمارە (14) كە ئاوات خواستنی مردنە بۆ كەسی بەرامبەر، چ پەیوەندییەكی هەیە بە دیاریكردنی هەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە لە وهانی چین سەریهەڵداوە، هیچ زانیارییەكی ئەوتۆ لەبەدەستدا نیە كە بیسەلمێنێت هەموو تووش بووەكان لەو ماوەیەدا نیشانەكانیان لێدەردەكەوێت و بەپێچەوانەشەوە. دوای ئەوەی بەرپرسانی چینی گوتیان ڤایرۆسەكە لە (4 بۆ 14)رۆژ دەردەكەوێت ئیتر سەرجەم وڵاتانی جیهان بەدوای ئەو ژمارەیە كەوتن، هەرچەندە ژمارەیەكیش گوتیان لە (2) بۆ (5) رۆژ نیشانەكانی دەردەكەون بەڵام كەس گوێی نەگرتووەو هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی لە (4) بۆ (14) رۆژی كەرەنتینە ساغ دەبێتەوە كەسێك هەڵگری كۆرۆنایە یان نە. كەواتە: ئگەر ئەو ژمارەیە ڕاست بێت و ئەفسانەی چینیەكان ڕاست بێت: 4یەكسان بێت بە مردن و 14 ش یەكسان بێت بە مردنت بە ئاوات بۆ دەخوازم، ئەوا دەبێت بگوترێت چینیەكان بە شێوازێكی ژمارەیی تێكەڵ بە كەلتوور ئاستی مەترسی ڤایرۆسەكەیان بە هاوڵاتیانی خۆیان و بە هەموو جیهان گوتووە.