جیهان

03:35 - 23/03/2020

ئه‌وروپا به‌هێزه‌وه‌ ده‌چێته‌ كێبڕكێی دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى كۆرۆناوه‌‌

پەیسەر پرێس


هاوشێوه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی ئه‌مریكا و چین، ئه‌وروپاش به‌هێزه‌وه‌ چووه‌ ناو ئه‌و هێڵه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڤاكسین یان چاره‌سه‌ری ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، به‌ جۆرێك تاقیكردنه‌وه‌ له‌ حه‌وت وڵاتی كیشوه‌رى ئه‌وروپا ده‌ستیپێكرد، بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی چوار چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بكوژه‌.

ئه‌و چوار چاره‌سه‌ره‌ له‌سه‌ر 3200 كه‌س تاقیكراونه‌ته‌وه‌، بریتین له‌ " "ریمدیسیفیر" و "لوبینافیر" و أنترفیرون بیتا" و"  هیدروكسی كلوروكوین"، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ئینسیرم ی فه‌ره‌نسی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ پزیشكییه‌كان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌.

به‌یاننامه‌كه‌، ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سانه‌ی بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رمانه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی كۆرۆناوه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كان خه‌وێندراون، له‌ به‌لجیكا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا، لۆكسمبۆرگ، ئیسپانیا، هۆڵندا و ئه‌ڵمانیا.

ده‌سته‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی ئه‌نجام ده‌درێت، تائێستا هیچ ڤاكسین و چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 14 هه‌زار كه‌س تا ئێستا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ی رابردوو چین، یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینێكی دژه‌ كۆرۆنای راگه‌یاند، رۆژنامه‌ی گلۆباڵی چین-ی ده‌ڵێت 108 خۆبه‌خش به‌سه‌ر سێ گروپدا دابه‌ش بوون، بۆ ئه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌یان له‌سه‌ر تاقی بكرێته‌وه‌ و ته‌مه‌نیان له‌نێوان 18 بۆ 60 ساڵیدایه‌ و هه‌موویان له‌شاری ووهانن، ئه‌و شاره‌ی كۆتایی ساڵی رابردوو نه‌خۆشییه‌كه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار تێدا ده‌ركه‌وت، خۆبه‌خشه‌كان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ده‌خرێنه‌ ژێر چاودێری.

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ كۆمپانیایه‌كی ده‌رمانی نێوده‌وڵه‌تی به‌ڵێنیدا، ڤاكسینی دژه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ماوه‌ی 12 بۆ 18 مانگی داهاتوودا دابین بكات، لای خۆیه‌وه‌ روسیا رایگه‌یاند، ده‌ستییان كردووه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینێك له‌سه‌ر ئاژه‌ڵ و ئه‌نجامه‌كه‌ی له‌ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوو ده‌رده‌چێت.