جیهان

01:46 - 31/03/2020

ته‌ندروستى جیهانیى هۆشدارى به‌په‌له‌ به‌ جگه‌ره‌كێشەکان ده‌دات‌

پەیسەر پرێس

رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانیى، هۆشدارى به‌ جگه‌ره‌كێشەکان ده‌دات و له‌ نوێترین رێنماییدا داواده‌كات جگه‌ره‌كێشان بوه‌ستێنن، رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، جگه‌ره‌كێشه‌كان زووتر دووچارى كۆرۆنا ده‌بن و لاوازترن و به‌ ئاسانیش نه‌خۆشییه‌كه‌ ده‌گوازنه‌وه‌ بۆ كه‌سانى تر.

ته‌ندروستى جیهانیى له‌ نوێترین رێنماییدا نوسیویه‌تى، جگه‌ره‌كێشان به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌، جگه‌ره‌كێش و نێرگه‌له‌كێش زیاتر ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ دووچاری كۆرۆناببن و وه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ بگوازنه‌وه‌ بۆ كه‌سانى تر.

به‌پێى روونكردنه‌وه‌ى رێكخراوه‌كه‌، دانانى ده‌ست له‌سه‌ر ده‌م له‌كاتى جگه‌ره‌كێشاندا، ده‌كرێت ببێته‌ هۆى گواستنه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا بۆ ناوه‌وه‌ى جه‌سته‌، هه‌روه‌ها ئاڵوگۆڕى جگه‌ره‌ ده‌كرێت ببێته‌ هۆى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌نێوان جگه‌ره‌كێشاندا.

هه‌روه‌ها ته‌ندروستى جیهانى جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، جگه‌ره‌ سییه‌كان و هه‌ناسه‌دانى مرۆڤ لاوازده‌كات، ئه‌مه‌ش كه‌سه‌كان به‌رامبه‌ر ڤایرۆسى كۆرۆنا لاوازده‌كات به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كێشه‌ى سییه‌كانیان هه‌یه‌ و كێشه‌ى هه‌ناسه‌دانیان هه‌یه‌.

ته‌ندروستى جیهانى داوا له‌ جگه‌ره‌كێشان ده‌كات به‌ خێرایى جگه‌ره‌كێشان بوه‌ستێنن، له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستى خۆیان و كۆمه‌ڵگە"ئێستا كاتێكى گونجاوه‌ بۆ وازهێنان له‌ جگه‌ره‌كێشان". چونكه‌ جگه‌ره‌ زیان به‌ سیییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت و مه‌ترسى توشبوون به‌ كۆرۆنا و لاوازى به‌رگرى زیاتر ده‌کات.