جیهان

12:07 - 01/04/2020

پشكنینێكى نوێ داهێنراوه‌، بۆ دیاریكردنى 50 جۆرى شێرپه‌نجه‌‌

پەیسەر


چەند زانایەکی ئەمەریکی، توانییان پەرە بە تاقیکردنەوەیەکی خوێن بدەن، کە دەتوانێت ٥٠ شێوازی شێرپەنجە ئاشکرا بکات، لە رێگەی پشکنینی خوێنەوە. ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانیی.

ئەو تاقیکردنەوەیە، لەرێگەی دی ئێن ئەی-ی خوێنەوە دەکرێت، توشبووانی شێرپەنجە دیاریدەکات، تەنانەت ئەگەر نیشانەکانیش لە نەخۆشدا دەرنەکەوتبن.

پزیشکان تاقیکردنەوەکە بە گرنگ و پیشکەوتوو وەسف دەکەن لە گەڕانەکانی تایبەت بە شێرنجە، هەرچەندە پێوستی بە کاری زیاتر هەیە لەسەر هەر یەکێک لەو شێوازانەی شێرپەنجە. توێژەرە ئەمریکییەکان لە رێگەی پشکنین و بینینی سەدان نموونەی خوێنەوە، بەم شێوازە نوێیەی پشکنین، شێرپەنجەی هەر بەشێکی جەستە ئاشکرا دەکەن، کە بەگوتەی خۆیان بەرێژەی سەدا ٩٦ ورد و راستە.

ئەو تاقیکردنەوەیە بەرێژەی سەدا یەک توشبووەکانی ئاشکرانەکردووە، واتە رێژەی سەرنەکەوتنی بەرێژەی سەدا یەکە، هەندێک لەوانە تا ئێستا لە قۆناغی زۆر سەرەتایی نەخۆشییەکەدا بوون.

زاناکان هیوایان هەیە، پەرە بەو تاقیکردنەوەیە بدەن، بە جۆرێک کە وردیی زیاتری تێدابێت بۆ دیاریکردنی شێرپەنجەکان، لە رێگەی تاقیکردنەوەی ١٢٠٠ کەسەوە کاری لەسەر کراوە، کە بەهیوان رۆژێک ژیانیان رزگاری بێت لە شێرپەنجە.

دکتۆر مینیتا لیۆ، یەکەم دانەری توێژینەوەکە دەربارەی ئەم دەستکەوتە دەڵیت:"ئەمە رێوشوێنێکی پشکنینی خوێنە، کە دەتوانێت زۆربەی شێرپەنجەکان کەشف بکات، بۆ ئەو کەسانەی کە هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان نییە،  پشکنینەکە توانای هەیە لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاوە دەستنیشانی نەخۆشییەکە بکات".


توێژەران هێڵکاریی و شیکارییەکی کۆمپیتەرییان بەکارهێناوە بۆ دەرکەوتنی شێرپەنجە لەرێگەی خوێنەوە، لەسەر زیاتر لە ٣ هەزار کەس. لەناو ئەوانەدا کەسانی توشبوو و کەسانی تووشنەبووش هەیە. وە پاشان لەسەر ٦٥٤ی کەسی توشبوو و ٦١٠ کەسی ساغ تاقییان کردەوەو سەرکەوتووبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجامدەرانی توێژینەوەکە ئەوەیان دیاریکردووە، هەموو جۆرەکانی شێرپەنجە لەرێگەی دی ئێن ئەی-ی خوێنەوە دەرناوکەوێت. ئەنجامی توێژینەوەکە بەو جۆرەیە، کە تاقیکردنەوەی خوێن شێرپەنجەی ئەو کەسانە دەدۆزێتەوە کە نیشانەکانیان تێدا دەرنەکەوتووە، توێژەران دەڵێن هەندێک کەس هەرچەندە توشی شێرپەنجەبوون، بەڵام تەندروستییەکی باشیان هەیە، ئەوانە شێرپەنجەکەیان تەنها لەرێگەی پشکنینەوە ئاشکرادەبێت، یاخود بەرێککەوت ئاشکرادەبن.


تا  ئێستا لەرێگەی تاقیکردنەوەکەوە ١٢ جۆری شێرپەنجە ئاشکراکراون، لەوانەش شێرپەنجەی سی، منداڵدان، گەدە، وەرمی مل.
دکتۆر دەیفید کروسبی لە ناوەندی توێژینەوەکانی شێرپەنجە لە ئەمریکا دەڵێت"ئەنجامە سەرەتاییەکان هاندەرن، ئەگەر تاقیکردنەوەکە رێکبخرێت دەکرێت زیاتر چالاک بێت لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەکان، لە قۆنەغە سەرەتاییەکان، دەبێتە میکانیزمی ئاشکراکردنی پێشوەختە".
دەدیڤید دەشڵیت:" بەڵام لێکۆڵینەوەی زیاتری پێوستە، بۆ بەدەستهێنانی توانای زیاتری تاقیکردنەوەکە، بۆ دیاریکردنی شێرپەنجە لە قۆناغی سەرەتاوە".