جیهان

06:57 - 03/04/2020

کۆرۆنا ٤٩رۆژ لە جەستەی نەخۆشێکدا مایەوە‌

پەیسەر


پیاوێك هه‌ستی به‌ نیشانه‌ی كه‌می تای پچرپچر كردووه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌هۆیه‌وه‌ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی كردووه‌ و له‌ 8ی شوبات پشكنینی بۆ كراوه‌. دواتر دەرکەوت هەڵگری کۆرۆنایە و ئەو ڤایرۆسە بۆ ماوەی ٤٩ رۆژ لە جەستەیدا ماوەتەوە.

لێكۆڵه‌رانی چینی رایانگه‌یاند، جۆرێكی نوێی گۆڕدراوی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێیان دۆزیوه‌ته‌وه‌، كه‌ توانیویه‌تی بۆماوه‌ی لایه‌نی كه‌م ٤٩ رۆژ له‌جه‌سته‌ی نه‌خۆشێكدا بمێنێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ توانای گواستنه‌وه‌ی بمێنێت.

به‌پێی پشكنینه‌ پزیشكییه‌كان ئه‌و نه‌خۆشه‌ چه‌ند نیشانه‌یه‌كی ساده‌ی لێده‌ركه‌وتوون له‌ماوه‌ی ئه‌و ٤٩ رۆژه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ كۆرۆنا به‌سه‌ری بردووه‌. به‌پێی ده‌ربڕینی لێكۆڵه‌ره‌كان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی جه‌سته‌ی نه‌خۆشه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی"هاوسه‌نگی دینامیكی" له‌گه‌ڵ ڤایرۆسه‌كه‌ وایكردووه‌، ئه‌و ڤایرۆسه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بمێنێـه‌وه‌.

شاره‌زایان پێیان وایه‌، ئه‌مه‌ لقێكی نوێی ڤایرۆسه‌كه‌یه‌ كه‌ نیشانه‌كانی توند و به‌هێز نین، به‌ڵام بۆماوه‌یه‌كی زۆر ده‌مێنێته‌وه‌. 

شاره‌زایان ده‌ڵێن دۆخی ئه‌و كه‌سه‌ كه‌ له‌نیوه‌ی ته‌مه‌نیدایه‌، ژماره‌یه‌كی پێوانه‌ییه‌ " بروسكه‌ ئاسا" و پێشتر نمونه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ بۆ ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ بمێنێته‌وه‌.

ئه‌م مانه‌وه‌یه‌ بۆماوه‌یه‌كی زۆر، وایكردووه‌ كه‌پێویست بێت ئاگاداری ئه‌م جۆره‌ ڤایرۆسه‌ بین كه‌ توانای مانه‌وه‌ی بۆ چه‌ندین هه‌فته‌ هه‌یه‌، به‌ جۆرێك كه‌ توشبووه‌كه‌ هیچ نیشانه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ده‌رناكه‌وێت.

بۆ پێدانی چاره‌سه‌ر پێویست بوو پزیشكه‌كان ده‌رزییه‌كی ڤاكسینی لێ بده‌ن، كه‌ له‌كه‌سێك وه‌رگیرابوو كه‌ نه‌خۆشییه‌كه‌ی هه‌بووه‌ و چاكبووەته‌وه‌، دوای ده‌رزییه‌كه‌ پشكنینی بۆكرایه‌وه‌ و ده‌ركه‌وت ئه‌نجامه‌كه‌ نه‌رێنییه‌.

دوای چاك بوونه‌وه‌ ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ توشی ڤایرۆسه‌كه‌ بووبوو زیانێكی كه‌م به‌ر سیه‌كانی كه‌وتبوو دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر نیشانه‌كانی نه‌مان.

پێشتر پزیشكه‌كان پێیان وابوو ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ ٢٠ رۆژ زیاتر نامێنێته‌وه‌ له‌جه‌سته‌ی مرۆڤ، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت بۆماوه‌ی ٣٧رۆژ له‌جه‌سته‌ی نه‌خۆشێكدا ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وكاته‌ به‌ژماره‌ی پێوانه‌ی دانرا.

به‌ڵام ئه‌م نه‌خۆشه‌ی ئه‌مجاره‌، له‌ رۆژانی ١٧ وه‌ تا ٤٩ ئه‌نجامه‌كانی ئه‌رێنی بوو، و ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌كه‌ی گۆڕی.