جیهان

06:51 - 12/04/2020

فایف جی کۆرۆنا دەگوازێتەوە؟‌

پەیسەر


رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شەپۆلی بورجەکانی ئینەرنێتی نەوەی پێنجەم(فایف جی) بڵاوکردەوە، وەڵامی ئەو ترس و نیگەرانییانە دەداتەوە، کە خەڵکی سەبارەت بە دانانی بورجەکان بۆیان دروستبووە.

چەند رۆژی رابردوو لە بەریتانیا بورجەکانی فایف جی لەلایەن خەڵکەوە سوتێندرا، ئەوەش دوای ئەو قسەو دەنگۆیانەی هەبوون کە سیستەمی کارکردنی نەوەی پێنجەم، بەهۆی شەپۆلە زۆر و بەهێز و کەریگەرەکانیەوە، زیانی مەترسیداری بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، بە تایبەت باس لەوەکرا کە مەترسییەکە زیاتر ئەوەیە یارمەتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بدات.
دەنگۆی ئەوە هەبوو لەنێو خەڵک، کە کۆرۆنا سەرەتا لە ووهان لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەمەوە، دروستبووەو لەو شارانەش تەشەنە دەسەنێت کە شەپۆلەکانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ پەیوەندیی بەکاردەهێنن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانیی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ناکرێت ڤایرۆسی کۆرۆنا لەرێگەی شەپۆلی رادیۆیی و شەبەکەی جوڵاوی مۆبایل بگوازرێتەوە،بە شەبەکاتی نەوەی پێنجەمیشەوە، کە لەلایەن چینەوە دروستکراوە.

رێکخراوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتانەش بڵاوبووەتەوە کە بورجەکانی ئینتەرنێتی نەوەی پێنجەمی مۆبایلە زیرەکەکانیان تێدا نییە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەرێگەی پرژەی کۆکەو پژمەی کەسانی توشبووەوە بۆ کەسانی دیکە دەگوازرێتەوە. یاخود لەرێگەی قسە لەگەڵ کردنیانەوە.

بەپێی روونکردنەوەکانی تەندروستی جیهانیی، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەرێگەی پیسبوونی رووی شتەکانەوە بە ڤایرۆسەکە دەگوازرێتەوە، ئەوەش لە رێگەی دەستلێدان و پاشان دەستبردن بۆ چاو، لوت و دەم.

سەرەتای ئەم مانگە، کۆمەڵێک خەڵک لە بەریتانیا چەند بورجێکی شەبەکەی فایف جی-یان سوتاند، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی، کە پەیوەندی هەیە لەنێوان بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەو شەبەکەکانی نەوەی پێنجەم.

دواتر چوار کۆمپانیای مۆبایل لە بەریتانیا بەیانێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێدا داوای هاوکارییان کردبوو بۆ رێگری لەو کەسانەی بورجەکان دەسوتێنن، ئەوەیان بە تیۆری پیلانگێڕی لێکدابوویەوە.


لەو بۆچوونانەی وەک دەنگۆ لەنێو خەڵک بڵاوبووەوە ئەوەیە، کە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ووهانی چین، سەرەتا لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم دروست بووە، وە پەتاکە لەو شارانەی دیکە بڵاودەبێتەوە کە شەبەکەی فایف جی بەکاردەهێنن.