ڕاپۆرتی جیهانی

12:33 - 19/04/2020

مرۆڤایەتی لە دوو ڕێیانی كۆرۆنادا بەرەو كوێ مل دەنێت؟‌

سەعید سەیدی

لەوانەیە ڤایرۆسی كۆڤید 19 لەماوەی چارەكی یەكەمی ساڵی 2020 دا زۆرترین شتی لەبارەوە گوترابێت، ڕوداوێكی جیهانی وابوو كە زۆرترین سەرقاڵی لە هەموو سێكتەرەكاندا دروستكرد، ئەوە لە كاتێكدا كە نە مەترسیەكانی ئەوەندەی تاعوون لە كۆندا و ئایدز و كارەساتی ڕێگەبان و ئۆتۆمبێل و جگەرەو نێرگەلەكێشان و برسێتی و هەژاریش نیە، ئێستاش كە جیهان بەرەو كۆتاییەكانی ئەو پەتایە دەڕوات. هەمووان دەخوازن بزانن كۆرۆنا چی لە جیهان كردووەو مرۆڤایەتی لەپاش كۆرۆنا چۆن وێنا دەكرێت؟ 

پەتای کۆرۆنا دەبێتە خاڵیکی وەرچەرخان لەمێژووداو مێژوو بۆ پێش کۆرۆناو پاش کۆرۆنا دابەش دەکات، جیهانگیری ئەم پەتایە، گەورەترین رووداوی ئەم سەدەیەی دواییە کە رەنگە ئێمەو نەوەکانمان هەرگیز بەڵاوقەیرانی وا ئەزموون نەکەین، بەڵام نە خۆمان و نە نەوەکانمان لە دوارۆژو لێکەوتەکانی ئەم رووداوە گەورەیەی مێژووی مرۆڤایەتی رزگارمان نابێت. بێ گومان هەروەک چۆن پەتای کۆرۆنا، ناوچە و وڵاتەکانی جیهانی وەک یەک نەگرتەوە، رادەی کاریگەرییەکان و گۆڕانکارییەکان لە هەموو جیهاندا وەک یەک نابێت.

مەرج نیە لێکەوتەکانی ئەم رووداوە مێژوویە، هەمووی خراپ بن، رەنگە لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی پاش کۆرنا هەستی سەربەخۆیی خوازی ورزگاری نەتەوە بن دەستەکانی وەک  نەتەوەی کورد، گوڕو تینی زیاتر بگرێت. چوون لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا دەسەڵاتە نیشتمانی و نەتەوەییەکان زیاتر پەرۆشی گیان ومانی هاووڵاتیانی خۆیان بوون. بۆنموونە هاونیشتمانیانی کورد لە باشووری کوردستان باشتر لەم بەڵایە پارێزران وەک لە بەشەکانی دیکەی کوردستان. ئەویش تەنیا بە هۆی بوونی دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستاندا بوو. بێ گومان کوردەکان پاش کۆرۆنا، لە ژیان وسیاسەت وبڕیاریاندا، گرنگی زیاتر بەم هۆکارەی پاراستنی ژیانیان دەدەن.

دەسەڵات ورێکخراوو دەسڕۆیشتووەکانی باشووری کوردستان زیاتر بەهانای خەڵکەکەی خۆێان و تەنانەت بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە چوون، ئەویش تەنیا لەبەر ئەو هەڵ ودەرفەتەیە کە لە باشووردا هەیەو بێ گومان پاش کۆرۆنا، کوردەکان زیاتربایەخ بەم دەرفەتە دەدەن وبیری لێدەکەنەوە.

رەنگە هەندێ بڕیار کە لەدۆخی ئاساییدا لەلایەن خەڵکی جیهانەوە بەئاسانی قبووڵ وجێبەجێ نەکرێت، لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنادا، بەئاسانی جێبەجێ دەبێت. ئەمەش بۆ خۆی کاریکردووەتەسەر پەیوەندی نێوان نەتەوەکان ودەوڵەتەکان. وەک جێبەجێکردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن هاووڵاتیانەوە. لەبەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییەدا، دەسەڵاتی هەرێم خێراو بەرپرسانە جووڵایەوەو خەڵکیش باش هەڵوێستی گرت و بەخۆشییەوە لەهەرێمی کوردستاندا ئەم رووداوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات دانا و ئەم رووداوەش دەبێتە دیاردەیەکی میژوویی بە بایەخ لە هەرێمی کوردستاندا.

رەنگە سیاسەت وبەرنامەکانی دەوڵەتان لەکاتی بڵاوبوونەوی کۆرۆناداو کاردانەوەکانی خەڵک لەم بارەوە، لە دروست بوونی جیهانی ساڵانی داهاتوودا دەوری هەبێت. ئەم بڕیارانە نەتەنیا کاردەکاتە سەر سیستەمی تەندروستی، بەڵکوکاریگەری لەسەر ئابووری وسیاسەت وکەلتووریش دادەنێت. بوونی سیستەمێکی تەندروستی وڵامدەر، گرێدراوی دامەزراوەیەکی رێکوپیک وتۆکمەیە. بونیاتنان وبەهێزکردن وپاراستنی ئەم دامەزراوەیەش تەنیا لەدەسەڵاتی دەوڵەتەکاندایە. هەربۆیە، پاش کۆرۆنا دەوڵەتە نیشتمانی و نەتەوەییەکان بەهێزتر دەبن و رەنگە بۆ ئەو نەتەوانەش کە دەوڵەت ودەسەڵاتیان نیە جیهانی پاش کۆرۆنا ببێتە دەرفەتێک بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە پێویستە. پاش کۆرۆنا دەسەڵاتەکان دەکەونە شوێن بەهێزکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی هەم قەیرانەکان تێپەڕێنن و هەم لەکاتی پیویستداو بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئەو سەرمایەیە بگۆڕن بۆ سەرمایەی سیاسی. چوون ئەگەری زۆرە کە کاردانەوەکانی دەوڵەتان بەرامبەر بەم پەتاو قیرانە، پاش تەواوبوونی بارودۆخەکە لە یادگەی مێژووی خەڵکەکەیاندا بمێنێتەوە. 

لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، جاری وا هەبوو ناوچەیەک درێخی دەکرد لە پێدانی پێداویستی تەندروستی بە ناوچەیەکی تری وڵات، یان دەوڵەتێک بە مەبەست یان بە بیانووی پاراستنی هاووڵاتیانی خۆی، کەلوپەلی پزیشکی و فریاکەوتنی نەدەدا بە وڵاتێکی دیکە، بێ گۆمان ئەم ناهەماهەنگی و رەفتارو هەڵوێستانە لە پاش کۆرۆنا لە سیاسەت و ئابووری و پەیوەندییەکاندا رەنگدانەوەی دەبێ و رەنگە کاربکاتە سەر پەیوەندی نێوان گەلان و، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەئاستی ناوچەو جیهانیشدا. ئەڵبەت لەبەرامبەر ئەمەشدا رەنگە یارمەتییەکانی دەوڵەتان بۆ یەکتر، سبەی ببێتە بیانوو یان هۆکارێک بۆ پارستنی بەرژەوەندییەکانیان.

لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا هەندێ وڵات دەیویست لە رێگای کۆرۆناوە زەبرو زیان لە نەیارەکانی خۆی بدات، بۆنموونە دەسەڵاتی ئێران لە کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا ڤیزەی سەفەر لەسەر عەرەبستانییەکان لادەباو دەسەڵاتی عەرەبستان ئەم هەوڵەی دەسەڵاتی ئێران بەنیازی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا دەزانێت. یان هەندێ لە دەوڵەتەکانی جیهان رێکاری پێویستیان بۆ بڵاونەبوونەوەی نەخۆشییەکە نەدەگرتەبەر یان لەبڵاوکردنەوەی ئامارو زانیاری تایبەت بە نەخۆشی کۆرۆنادا ناشەفاف بوون و ئەو راستیانەیان دەشاردەوە کە پەیوەندی بە تەندروستی و ژیانی مرۆڤەوە هەبوو. بێ گومان لە پاش کۆرۆنا دەوڵەتەکان ئەم سیاسەت و رەفتارانەی سەردەمی کۆرۆنا لەبیر ناکەن ولە سیاسەت وپەیوەندییەکانیاندا لەبەرچاوی دەگرن. ئەمەش دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆسەر ئاشتی وئاسایشی جیهانی، هەر لەسۆنگەی هەست کردن بەم ترسەوەیە کە ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، سکرتێری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووکان ئەم نا هەماهەنگی و شاردنەوەو ناشەفافییە بە مەترسی بۆسەر ئاسایشی جیهان دەزانێت.

بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تەنیا بێ متمانەیی لە نێوان دەوڵەتەکاندا چێنەکرد، بەڵکوبێ متمانەیشی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتەکاندا دروست کرد کە ئەنجامەکەی پاش کۆرۆنا دەتوانێت قەیران بۆ دەسەڵاتەکان دروست بکا یان قەیرانەکانیان قووڵتر بکاتەوەوتەنانەت  بەرەو رووخانیان ببات.

رەنگە تاکی کورد بپرسێت بۆچی لە ناوچەکانی دەوروبەری ئێمەدا، ژمارەی تووشبووان و مردووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تا ئێستا لە وڵاتی ئێراندا زیاترە لە شوێنانی تر، یەک لە هۆکارەکانی ئەوەیە کە کەلێن وبۆشاییەکی زۆر لەنێوان خەڵک ودەسەڵات لەم وڵاتەدا هەیە. بۆنموونە لەپاییزی ٢٠١٩دا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە خەڵکی ناڕازی، لە سیاسەت وگەندەڵی دەسەڵات بە تەقەی راستەوخۆی چەکدارانی دەسەڵات گیانیان لەدەستدا. لەهەڵبژاردنی رێبەندانی ٢٠١٩دا کە نەخۆشی کۆرۆناو بڵاوبوونەوەی پەتاکەیان تەنیا لەبەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان شاردەوە، خەڵکی ئێران کەمترین بەشداری لە مێژووی ئەو دەسەڵاتەدا کرد. کاتێک کەلێنی نێوان خەڵک ودەسەڵات لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتادا دەبێتە هۆکارێک بۆمردنی زیاتری خەڵک، بەدڵنیاییەوە پاش کۆرۆنا، خەڵک زیاتر پشت لەو دەسەڵاتە دەکات.

لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا سەرمایەدارو کۆمپانیاو کارگە خۆماڵییەکان زیاتربەهانای خەڵکی خۆیانەوە چوون. ئەو کارگەی کە لەم کاتەدا بەرهەمهێنان و کاڵاکانی خۆی  بە قازانجی پاراستنی ژیانی خەڵکی دەوروبەری خۆی دەگۆڕێت، پاش کۆرۆنا رەنگە مشتەری بەرهەمەکانی لەناوخۆدا زیاتر بێت و ئەمەش کاردەکاتە سەرئەو شتەی پێی دەوترێت '' بازرگانی و بازاڕی ئازاد'' رەنگە لەم بارەوە کۆرۆنا لە پاش خۆی زیانی قورس لە کۆمپانیا نێودەولەتییەکان بدات.

لەخۆڕا نیە زلهێزەکانی ئابووری جیهان هەشەکەیان پێکەوتووە. هێنری کیسینجەر، کەسایەتی ناسراوی دونیای سیاسەت پێی وایە پاش تەواو بوونی پەتای جیهانگیری کرۆنا، گەلێک ناوەند لە وڵاتانی جیهاندا بە چۆکدادێن و هەرەس دێنن. ئەو پێی وایە گەورەترین کۆسپی سەر رێگای رێبەرانی جیهان لە ئێستاو کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، رێبەرایەتیکردنێکی شایستەیە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکەو دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ بونیات نانەوەی داهاتوو. ناوبراو باوەڕی وایە شکست لەبەرامبەر ئەم کۆسپەدا، دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵایسانی ئاگری ناکۆکی وململانێکان. هەربۆیە لە ئەمریکا دەخوازێت، خیرا کار بکات بۆ دۆزینەوەی دەرمانی ئەم نەخۆشییە گشتگیرەو بەشداری بکات لە بونیاتنانەوەی ئابووری جیهان وپاراستنی بنەماکانی سیستەمی لیبراڵیزم و هاوکات خۆی ئامادە بکات بۆ نەزمی نوێی جیهانی،  چوون بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا سیستەمی جیهانی بۆ هەمیشە دەگۆڕێت.هەرچەند ناوبراو لەو بڕوایەدایە کە هیچ وڵاتێک بە ئەمریکاشەوە دەرەقەتی ئەم پەتایەو دەرئەنجامەکانی نایەت و، رێگەچارە لە هاوکاری نێوەدەوڵەتیدا دەبینێت.

هەر تەنیا کیسینجەر نیە کە ئەم بەڵایە وەک مەترسی کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٤ ناودەبات ونێگەرانی داهاتووی پاش کۆرۆنایە، یوڤاڵ نەوح هەراری، مێژووناسی ئیسرایلیش بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە بە قەیرانێکی مێژوویی دەزانێت کە بەرۆکی کۆمەڵگای  مرۆیی گرتووەو کەس نیە خاوەنداریەتی لەم کۆمەڵگایە بکاوئێستاش کە ئەمریکا پشتی لەم رێبەرایەتی کردنە کردوە، پێویستە جیهان بۆ ئێستاو پاش کۆرۆناش بیرلە دەسەڵات یان ناوەندێک بۆ ئەم کارە بکاتەوە. ناوبراو پێی وایە کە مادام بڵاوبوونەوەی کۆڤیدی ١٩ و ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە لێی کەوتووەتەوە جیهانییە، چارەسەرەکەشی هەر دەبێت جیهانی بێت.

هەرلە سۆنگەی هەستکردن بە مەترسییەکانی ئەم بەڵایەو قەیرانەکانی پاش کۆرۆنا، گۆردۆن براون، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیا هاودەنگ لەگەل ئەم بیرمەندانە، داوا دەکات کە دەوڵەتانی جیهان هەرچی زووتر '' حکوومەتێکی جیهانی'' پێکبێنن بۆ ئەوەی هەم رێ لەبڵاوبوونەوەی زیاتری ئەم پەتایە بگرێ وهەم قەیرانی ئابووری ئەم پەتایە چارەسەر بکات. 

بەڵام ئایا لەجیهانی پڕلە ململانێ وئاڵۆزی ئێستادا ئەم حکوومەتە پیویستانە پیکدێت؟ ئایا رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەتوانیت ئەم ڕۆڵە بگێڕێت؟ ئایا ئەم ئەرکە بە ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەسپێردرێت کە فشارو ئامرازی بەندی ٧ جاڕنامەی رێکخراوی نەتەوەیە یەکگرتووەکانی بەدەستەوەیە؟ رەنگە جیهانی پاش کۆرۆنا وەڵامی ئەم پرسانە بداتەوە.
نەخۆشی کۆرۆنا کاریگەریی سەرنجڕاکێشی لە سەر هەڵسوکەوت وپەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان داناوە، تۆوی گومان لەیەکتری لەناو کۆمەڵگادا چاندووە، وایلیهاتووە ئەگەر ئەندامی خێزانێک دەچێتە دەرەوەو دێتەوە یان مرۆڤ لە دراوسێ و هاوکارو دۆستێکی نزیک دەبێتەوە، بێ ئەوەی بیەوێت وەک ناحەز یان دوژمنێک دێتەبەر چاوی کە ئەیەوێ مەودایەکی دیاریکراوی لەگەڵیدا هەبێت نەوەک زیانی پێبگەیەنێت.یان لەهەندێ لەوڵاتاندا، بۆنموونە لە ئیتالیا، کاتێ نەخٶشییەکە کۆمەڵگای تەنییەوەو نەخۆشخانەکان نەیانتوانی بەهەموو نەخۆشەکاندا رابگەن، بەرپرسان ناچاربوون هەندێك لەبەهاکان لەژێر پێ بنێن ، جیاوازی لە نێوان دەرمانی پیرو گەنجی نەخۆشدا بکەن و ئەو نەخۆشانەی کە هیوا بە چاکبوونەوەیان زیاتر بوو چارەسەر بکەن و لێگەڕێن با ئەوانەی کە کۆرۆنا بەختی چاکبوونەوەی کەمتری پێدابوون لەسەرخۆ بمرن!

هەروەک پێشتر گوترا، جیهانی پاش کۆرۆنا رەنگدانەوەی ئەم جۆرە بڕیارو رەفتارنەیە. نەک تەنیا لە وڵاتێک کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئەمانەی تیا روویداوە، بەڵکو لەهەموو جیهاندا. چوون سەردەمی ١٧٦٠ بەسەر چوو کە ئادام سمیت دەیوت '' ئەگەر مرۆڤ برینێک لە دەستیدا بێت، خەوی لێناکەوێت، بەڵام ئەگەر سەدان ملیۆن کەس لە چین بمرن هەست بەئارامی و ئاسایش دەکات''. ئێستا سەردەمێکە کە نەخۆشی و ناخۆشییەکانی کەسێک ( وەک ئەمەی کۆرۆنا) دەتوانێت ببێتە پەتایەکی جیهانی وتەنها جیهانیش بە هاوبەشی دەتوانێت بەسەر ئەم جۆرە بەڵایانەدا زاڵ بێت.

هەژاری و بێکاری روو لەهەڵکشان، وەک دوو لێکەوتەی پەتای کۆرۆنا، پێویستی بە هەوڵ و ریچارەی وڵاتان هەیە بۆ ئەوەی ئەم دیاردانەش نەبنە کۆرۆنایەکی ترسناک بۆ گیان کۆمەڵگا، ئەم رووداوانە هێندە گەورەو مەترسیدارن کە ئابووریناسان دەڵێن یارمەتی ٢٠٠٠ ملیار دۆلاری ئەمریکاو ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆی یەکیەتی ئەورووپا تەنها دەتوانێت بۆ ماوەی ٣ مانگ کارساز بێت، ئەی داخۆ، ٥٠-٦٠ دۆلاری دەوڵەتی ئێران بۆ خێزانە دەسکورتەکان و ئەویش بە شێوەی قەرز یان ١٥٠ دۆلاری دەوڵەتی ئێراق بۆ هەر خێزانێکی ئێراقی، کە لە ٢ ملیۆن زیاترن، دەتوانێت چەندەکارساز بێت و فریای دۆخەكە دەكەوێت؟ کەوابوو، پێویستە هەموو وڵاتان پلان بۆ روو بە روو بوونەوەی لێکەوتەودەرئەنجامە ئابووری و کۆمەڵایەتییە خراپەکانی پەتای کۆرۆنا دابنێن و خەڵکەش خۆی بۆ ئەو دەرئەنجامانە ئامادە بکات.

ئەگەر بێتو قەیرانی کۆرۆنا دانەمرکێت، یان لە ئێستادا شەپۆلی دووەمی ئەم نەخۆشییە گوازراوەو جیهانییە، دەست پێبکاتەوە، ئەوا جیهان لە گەل گۆڕانێک بەرەو روو دەبێتەوە کە لە دەسپیکی سەدەی بیستەمەوە تا ئێستا رووی نەدابێت. ئەوکات، کۆمپانیاو کارو کەرتە گەورەو گرانەکان لە نەوتەوە بگرە تا فڕۆکەوانی و گەشتوگوزار ئیفلاس دەکەن وهەرەس دێنن. زاری کەلێنە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکرێتەوەو قەیرانە ئابوورییەکان لە شەوو رۆژێکدا دەبنە قەیرانی کۆمەڵایەتی و دوور نیە ئەم زریانەش دەواری دەسەڵاتەکان بپێچێتەوە وشکۆی کۆشکەکان بشکێنێت.
کۆرۆنا تەنیا زەمان و کاتی رانەگرتووەوجیهانی کەرەنتینە نەکردوە، بەلکو شێوازی بیرکردنەوی گۆڕیوەو مەرگێکی بە سەر مرۆڤدا سەپاندووە کە بە پێجەوانەی ویستونەریتی باو،مردووەکە بە تەنیایی بەڕێ دەکرێ ورەنگە لە چۆڵەوانیشدا بنێژرێت. ئەمڕۆ جیهان دەیبینێت کە چۆن بایۆلۆجی بەسەرئایدۆلۆژی و تەکنەلۆجیا زاڵ بووە. بەڵام  پەیوەندی یان ململانێی ئەم سێ هۆکارە، پاش کۆرۆنا زیاتر زەق دەبێتەوەورەنگە جیهان بەرەو رووی تاقیکردنەوەیەکی سەخت وچارەنووسساز بکاتەوە.

لەکۆتاییدا، ئەم زریانە بە زیانی خۆیەوە تێدەپەڕێ، رەگەزی مرۆڤ بەرگەی دەگرێ و زۆر زیاتر لەوەی دەمرێت، دەمێنێتەوە. بەڵام لە دونیایەکی جیاوازدا دەژیت کە بە پێش کۆرۆناو پاش کۆرۆنا باسی مێژووی خۆی دەکاو، لە بیری ناکات کە یەکێک لە مەترسیدارترین  دەرئەنجامەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، سەرهەڵدان وبڵاوبوونەوەی ئەو باوەڕەیە کە پێی وایە بۆ بەرەو روو بوونەوی کارەسات و کۆرۆناکان سیستەمە دیکتاتۆرەکان لە دەسەڵاتە دیمۆکراتیکەکان باشتر و شایستەترو سەرکەوتووترە.