جیهان

12:55 - 29/04/2020

٨٠٠ کرێکار لە کارگەیەکی گۆشتدا تووشی کۆرۆنا بوون‌

کرێکارانی کارگەیەکی گەورەی گۆشت لە شاری داکۆتای ئەمریکا، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبن. هەلومەرجی خراپی کارکردنیان هۆکاری تووشبوونیان بووە بە ڤایرۆسەکە، کۆمپانیاکە ئەمەی زانیوە سەرەڕای ئەوەش بە چاوپۆشین لە تەندروستی و پاراستنی گیانی کرێکارەکان، ناچاریکردوون لەسەر بەرهەمهێنان بەردەوامبن. 

کارگەکە بەوپێیەی یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنان، ژمارەی کارمەندەکانی دەگاتە سێ هەزارو ٧٠٠ کارمەند و  لە یەک ڕۆژدا ١٩هەزارو ٥٠٠ بەراز سەردەبڕێت کە دەکاتە ٪٥ ی بەرازەکانی ئەمریکا.

زۆرینەی کرێکارانی کارگەکە کۆچبەرانی ئیسۆپیا، باشوری سودان، هۆندۆراس، میانمار، سۆماڵ، گواتیمالا و دەوڵەتە هەژارنشینەکانی دیکەن.

لە پشکنینێکدا دەرکەوت کۆمپانیاکە زیاد لە ٨٠٠ کرێکاری تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هەیە و تا ئێستا دووان لە کارمەندە بە ئەزموونەکانی ئەو کارگەیە گیانیان لەدەستداوە. کۆمپانیاکە یەکەم حاڵەتی تووشبوونی لە ٢٤ی ئازار تۆمارکرد و ڤایرۆسەکە بۆ ماوەی سێ هەفتە لە تەشەنەسەندندا بوو. 

لە ١٣-٤-٢٠٢٠ دا کۆمپانیاکە بەڵێنیدا کارگەکەی دابخات، بەڵام لەماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا چەندین ئۆتومبێل لە پارکی کۆمپانیاکەدا بینرابوون، شارەوانی دەڵێت کۆمپانیاکە ڕاستگۆ نەبووە و کارکردنی نەوەستاندووە، یان بە لانی کەم پێداویستی خۆپارێزی دابین نەکردووە. 

کۆمپانیاکە ڕەتیدەکاتەوە تووشبوونەکان لە بەرپرسیارێتی ئەودا بن و دەڵێت:"کرێکارەکان خۆیان بەرپرسیارن، لە تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە"، بەڵام کرێکارەکان پێچەوانەی ئەوە دەڵێن.